سه‌رۆک کۆمار جه‌خت له‌ ئاماده‌کردنى پرۆژه‌ یاسایى نوێى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کدا ده‌کاته‌وه‌

03.11.2019
جەماوەر نیوز
سه‌رۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ یه‌ک شه‌ممه‌ 3-11-2019 له‌ کۆشکى سه‌لام له‌ به‌غدا چاویکه‌وت به‌ سه‌رۆک و نوێنه‌رانى سه‌ندیکا و رێکخراوه‌کان.

له‌ میانى دیداره‌که‌دا سه‌رۆک به‌رھه‌م له‌رێگه‌ى دیالۆگێکى راشکا و کراوه‌دا گوێى گرت بۆ بیرو بۆچونى ئاماده‌بووان له‌باره‌ى ناڕه‌زایه‌تى و داواکارى و چۆنیه‌تى کارکردن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دۆخه‌ى که‌ به‌غدا و پارێزگاکانى ترى پیادا تێپه‌ێ‌ ده‌بێت ببێته‌ کلیلى چاکسازى راسته‌قینه‌ و ریشه‌یى بۆ پرۆسه‌ى سیاسى و سیسته‌مى حوکمڕانى له‌ وڵاتدا.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، سه‌رۆک به‌رھه‌م جه‌ختیکرده‌وه‌ له‌ ئێستادا کارى جددى له‌ سه‌رۆکایه‌تى کۆمار به‌ڕێوه‌ده‌چێت به‌ ئاڕاسته‌ى ئاماده‌کردنى پرۆژه‌ى یاسایى نوێى هه‌ڵبژاردنه‌کان و له‌ماوه‌ى ته‌نیا هه‌فته‌یه‌کدا ته‌واو ده‌کرێت و پێشکه‌شى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌کرێت، ھاوکات له‌ پرۆژه‌ى یاساى نوێى هه‌ڵبژاردندا هاتووه‌ که‌ گره‌نتى رێزگرتن له‌ بۆچونى ده‌نگده‌ران ده‌کرێت و دادپه‌روه‌ریش له‌ کێ‌ به‌رکێدا مسۆرگه‌ر ده‌کات له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، ھه‌روه‌ھا سه‌رۆک کۆمار ئاشکراشى کرد گۆرینى کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ کۆمسیۆنێکى تر له‌سه‌ر بنه‌ماى پیشه‌یى و دڵسۆزى ده‌بێت و دوور ده‌بێت له‌ هه‌ر جۆره‌ جیاکارییه‌ک و لایه‌نگیرى حزبی.

سه‌رۆک کۆمار له‌ میانى خستنه‌رووى گفتوگۆ و دیالۆگى له‌گه‌ڵ ئاماده‌بووان، رایگه‌یاند شێوازى ئاشتیانه‌ى خۆپیشاندانه‌کان که‌ به‌هاى نیشتمانى راسته‌قینه‌ و سوربوونى گه‌لى عێراق ده‌سه‌لمێنێ‌ بۆ راستکردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى که‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له‌ کارى زیاتر و جددی، هه‌روه‌ها عێراق و سیسته‌مه‌ حوکمڕانیه‌که‌ى له‌ چوارچێوه‌ى دیموکراسى ئاشتیانه‌ و ره‌خساندنى هه‌لومه‌رجى گونجاو بۆ قه‌ڵاچۆکردنى گه‌نده‌ڵى و کارکردن بۆ بنیادنانى ده‌وڵه‌ت و به‌ره‌وپێش بردنی.