نێچیرڤان بارزانی: له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق به‌ ده‌ستبردن بۆ مافه‌کانى گه‌لى کوردستان سه‌قامگیرى نایه‌ته‌دی

05.11.2019
جەماوەر نیوز
سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌دواى کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تى سیاسى کوردستان و له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌ڤانیدا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئامانج له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق سه‌قامگیرییه‌ ده‌بێت بزانن به‌ ده‌ستبردن بۆ مافه‌کانى گه‌لى کوردستان سه‌قامگیرى نایه‌ته‌دی.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند: "کۆبوونه‌وه‌یه‌کى گرنگمان ئه‌نجامدا، جه‌ختمان له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ پشتگیرى داواى ره‌واى خۆپیشانده‌ران ده‌که‌ین و هه‌ر هه‌نگاوێک عێراق به‌ره‌و چاکسازى ببات، پشتگیرى ده‌که‌ین". له‌هه‌مانکاتدا وتی: "ئێمه‌ خۆشحاڵ نین به‌ تێکچوونى دۆخى عێراق".

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان جه‌ختیکرده‌وه‌ له‌وه‌ى کۆده‌نگى له‌ کوردستان، زامنى پاراستنى ده‌ستکه‌وته‌کانى هه‌رێمى کوردستانه‌ و وتی: "ده‌بێ هه‌ر هه‌نگاوێک بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستوور بێت به‌ کۆده‌نگى بێت".

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌باره‌ى هه‌موارکردنى ده‌ستوور رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌و کاره‌ دروستکردنى سه‌قامگیرییه‌ له‌ عێراق، به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌ ده‌ستبردن بۆ مافه‌کانى گه‌لى کوردستان سه‌قامگیریى له‌ عێراق دروست نابێت که‌ هه‌وڵى بۆ ده‌درێت.

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت، باوه‌ڕناکه‌م هێزه‌ عێراقییه‌کان بیانه‌وێ ده‌ستکه‌وته‌کانى هه‌رێمى کوردستان که‌مبکه‌نه‌وه‌.