هه‌رێمى کوردستان به‌شدارى له‌گفتوگۆکانى پانۆراماى خولى گشتگیر (UPR) له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌کات‎

05.11.2019
جەماوەر نیوز
هه‌رێمى کوردستان به‌شدارى له‌خولى (٣٤)ه‌مینى گفتوگۆکانى پانۆراماى خولى گشتگیر (UPR) له‌ له‌ باره‌گاى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ جنێف ده‌کات

 بڕیار وایه‌ له‌ رۆژانى 9 تا 14-11-2019 له‌ باره‌گاى ئه‌نجومه‌نى مافه‌کانى مرۆڤ له‌ جنێڤ خولى (34)ى لیژنه‌ى تایبه‌ت به‌ گفتوگۆکانى پانۆراماى خولى گشتگیر (UPR) ببه‌سترێت به‌ ئاماده‌بوونى پسپۆر و شاره‌زایان و نوێنه‌رانى وڵاتانى ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نى مافه‌کانى مرۆڤ و رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ گفتوگۆکردنى پانۆراماى خولى گشتگیر له‌ سه‌ر عێراق  له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوودا.

له‌م گفتوگۆیانه‌دا شاندێکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ چوارچێوه‌ى شاندى کۆمارى عێراق به‌شدار ده‌بێت به‌ سه‌رپه‌رشتى رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و ئه‌ندامیه‌تى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانى دیکه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم بۆ خستنه‌رووى هه‌نگاوه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ رووى پابه‌ندبوون به‌ پره‌نسیپه‌کانى مافى مرۆڤ و ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌دى هاتوون له‌ ماوه‌ى رابردوودا.

له‌م باره‌وه‌ د.دیندار زێبارى رێکخه‌رى راسپارده‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند:  له‌ ماوه‌ى رابردوودا هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ى شاندى کۆمارى عێراق و له‌ میانه‌ى ئه‌ندام بوونى له‌ لیژنه‌ى نیشتمانى نووسینه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان تایبه‌ت به‌و رێکه‌وتننامانه‌ى که‌ عێراق ئه‌ندامه‌ تێیدا و په‌یوه‌ستن به‌ مافى مرۆڤه‌وه‌ به‌شداربووه‌. سه‌باره‌ت به‌ گرنگى به‌شداریى هه‌رێم له‌ گفتوگۆکردنى راپۆرتى عێراق تایبه‌ت به‌ پانۆراماى خولى گشتگیر (UPR) ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌  به‌شدارى کردنى هه‌رێم گرنگییه‌کى خۆى هه‌یه‌ له‌ رووى پابه‌ندبوونه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم به‌ پره‌نسیپه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان که‌ ده‌خه‌ینه‌ روو، چونکه‌ هه‌رێم له‌و بواره‌وه‌ هه‌نگاوى زۆرى ناوه‌.