له‌خۆپیشاندانه‌کانى به‌غدا زیاتر له‌ 60 کورد بونه‌ته‌ قوربانى

10.12.2019
جەماوەر نیوز
تا ئێستا حه‌وت کوردى به‌شداربووى خۆپیشاندانه‌کانى به‌غدا کوژراون و ژماره‌یه‌ک گه‌نجى تریش بریندارن، که‌ ته‌واوى کورده‌ کوژراو و برینداره‌کان دانیشتووى شارى به‌غدان.

به‌پێى به‌دوواداچوونێکى ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا، جگه‌ له‌و حه‌وت کورده‌ کوژراوه‌ که‌ له‌ 6 کوێ‌ و کچێک پێکهاتوون، زیاتر له‌ 50 خۆپیشانده‌رى ترى کورد له‌ به‌غدا برینداربوون.

شوان محه‌مه‌د به‌رپرسى لقى پارتى له‌ به‌غدا، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى وت"سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانى به‌غدا به‌شدارن له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کاندا، کورده‌کانیش وه‌کو هه‌ر پێکهاته‌یه‌ک به‌شدارن و تا ئێستا 7 قوربانیان داوه‌."

له‌و 7 کورده‌ى له‌ خۆپیشاندانه‌کانى به‌غداد دا کوژراون، یه‌کێکیان خه‌ڵکى قه‌زاى خانه‌قینى پارێزگاى دیاله‌یه‌، ئه‌وانیتریان له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکى ناحیه‌کانى مه‌نده‌لى و قازانیه‌ و به‌دره‌و جه‌سانن، به‌ڵام له‌ ئێستادا له‌به‌غدا نیشته‌جێن.

له‌نێو کوژراوه‌کاندا، یه‌کێکیان کچێکه‌ به‌ناوى (زه‌هرا) که‌ دواى رفاندنی، ته‌رمه‌که‌ى به‌کوژراوى دۆزرایه‌وه‌، یه‌کێکى تریشیان به‌ناوى (عه‌بدولسه‌لام) به‌ بریندارى له‌لایه‌ن گروپیک چه‌کداره‌وه‌ گوله‌ بارانکراوه‌.

ئازاد حه‌مید شه‌فى سه‌رۆکى پێشووى ئه‌نجومه‌نى ناحیه‌ى مه‌نده‌لی، که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ کورده‌ قوربانیه‌کانى به‌غدا که‌س و کارین، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى وت"جگه‌ له‌و 7 کوژراوه‌، سه‌رووى 50 کوردى تریش برینداربوون."

وتیشی"کورده‌کان له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانى ترى به‌غداد دا خاوه‌نى هه‌ستێکى هاوبه‌شن، بۆیه‌ له‌ یه‌که‌م رۆژه‌وه‌ به‌شدارن له‌ ناره‌زایه‌تیه‌کاندا."

به‌ پێى ئاماره‌ نافه‌رمیه‌کان، نزیکه‌ى نیو ملیۆن کوردى فه‌یلى و که‌ڵهورى و قه‌ره‌ڵوسى نیشته‌جێى شارى به‌غداى پایته‌ختى عێراقن، که‌ زۆرینه‌یان به‌ مه‌زهه‌ب شیعه‌ن.




ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا