ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پڕۆژه‌ یاساى چاکسازى په‌سه‌ند کرد

11.12.2019
جەماوەر نیوز
 ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌  11-12-2019 ، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان به‌سه‌رپه‌رشتى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران کۆبووه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا، گفتوگۆ ده‌رباره‌ى ره‌شنووسى پڕۆژه‌ یاساى چاکسازى له‌ خانه‌نشین و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌کانى دیکه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق کرا که‌ به‌شێکه‌ له‌ به‌رنامه‌ى گشتگیریى چاکسازیى له‌ چوارچێوه‌ى کارنامه‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان.

سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌وه‌دا ، چاکسازى پرۆسه‌یه‌کى به‌رده‌وامه‌ و له‌ هه‌نگاوه‌کانى داهاتوودا گشت که‌رته‌کان ده‌گرێته‌وه‌. گوتیشى له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌کاربوونى کابینه‌ى نۆیه‌م، به‌ڵێنمان دابوو ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ بنێرین بۆ په‌رله‌مان . ئه‌مه‌ش پرۆژه‌ى هه‌موو لایه‌نه‌ به‌شداره‌کانى حکومه‌ته‌ و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و دادپه‌ره‌وه‌رییه‌ و به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ خه‌ڵکى شایسته‌، مافه‌کانیان پارێزراو ده‌بێت.

دواى گفتوگۆکردنێکى چێ‌ و به‌رفراون له‌ سه‌ر یه‌ک به‌ یه‌کى بڕگه‌کانى پڕۆژه‌ یاساکه‌ و دواى جێگیرکردنى چه‌ندین گۆڕانکاریی، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ کۆى ده‌نگ پڕۆژه‌ یاساکه‌ى په‌سه‌ند کرد و ده‌ینێرێته‌ په‌رله‌مانى کوردستان.