له‌ سنورى پیره‌مه‌گرون دوو هاووڵاتى به‌ تۆمه‌تى ڕاوکردنى باڵنده‌ى کێوى ده‌ستگیرکران

15.12.2019
جەماوەر نیوز
پاراستنى سروشت و ژینگه‌ ئه‌رکى سه‌رشانى هه‌مووانه‌، بوونى هه‌مه‌جۆرى ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ى کێوى له‌ ژینگه‌یه‌کى سروشتیدا ده‌بێته‌ هۆى به‌خشینى دیمه‌نێکى جوان و سه‌رنجڕاکێش، که‌ ئه‌مه‌ش دواجار به‌ سودى مرۆڤایه‌تى ده‌شکێته‌وه‌و ده‌بێته‌ مایه‌ى ئارامى دڵ و ده‌روونى مرۆڤ،
به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک له‌ هاووڵاتیان بێ هه‌ستکردن به‌ گیانى به‌رپرسیارێتى و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆیان ده‌ست ده‌خه‌نه‌ سروشت و ژینگه‌و به‌ له‌ناوبردنى ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ و بڕینى دارى دارستانه‌کان ده‌یشێوێنن،

له‌و باره‌یه‌وه‌ عمید هێمن کمرخان به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان وژینگه‌ى سلێمانى ڕایگه‌یاند : نیگه‌رانین له‌وه‌ى هه‌ندێک له‌ هاووڵاتیان بێ هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیارێتى ده‌بنه‌ هۆى زیان گه‌یاندن به‌ سروشت و ژینگه‌ى کوردستان ، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ به‌هۆى ئه‌رک و ماندوو بوون و شه‌ونخونى ئه‌فسه‌رو کارمه‌ندانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان له‌سه‌رجه‌م به‌ش و بنکه‌کانمان توانراوه‌ ڕێگریه‌کى زۆر باش له‌و دیارده‌یه‌ بکرێت و سه‌رپێچیکارانیش ڕووبه‌ڕوى یاسا بکرێنه‌وه‌ .

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ ئه‌نجامى ده‌رچوونى مه‌فره‌زه‌یه‌کى بنکه‌ى پۆلیسى دارستانى پیره‌مه‌گروون بۆ سنورى گوندى ( په‌سکه‌ندى ) توانیان ( ٢ ) هاووڵاتى به‌ تۆمه‌تى ڕاوکردنى باڵنده‌ى کێوى ده‌ستگیر بکه‌ن که‌ هه‌ستابوون به‌ ڕاوکردنى ( ١٤ ) کۆتر و ( ٥ ) ڕیشۆڵه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر ( ١ ) تاپڕ، (١٢ ) فیشه‌کى تاپێ‌ ( ٢ ) دوربین و سه‌رجه‌م که‌ل و په‌له‌کانیان که‌ بۆ ڕاوکردن به‌کاریانهێنابوو.

په‌ڕاوى لێکۆڵینه‌وه‌ ڕێکخراوه‌و ڕاده‌ستى به‌ڕێز دادوه‌ر کراوه‌ بۆ وه‌رگرتنى ڕێکارى یاسایی
.    

عمید  هێمن / جارێکى تر داواى له‌ هاووڵاتیان کرد که‌ له‌پێناو پاراستنى سروشت و ژینگه‌ى کوردستان دا پێویسته‌ هه‌موان پابه‌ندبین به‌ڕێنمایه‌کانى پۆلیسى دارستان .