به‌یاننامه‌ى سه‌رۆک کۆمار سه‌باره‌ت به‌ راسپاردنى کاندیدێک بۆ سه‌رۆکایه‌تیکردنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران

15.12.2019
جەماوەر نیوز
سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ ئاستى ئاڵه‌نگارییه‌کان مه‌ترسیدارن که‌ وڵات رووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌، پێویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندى لایه‌نێک و حزب له‌ به‌رچاو نه‌گیرێت و پشت ببه‌سترێت به‌ ره‌زامه‌ندى گه‌ل و پابه‌ندبوون و به‌دیهێنانى چاکسازییه‌کان و پێشکه‌شکردنى پێشینه‌ نیشتمانییه‌کان به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌کاندا.

ئه‌مه‌ ده‌قى به‌یاننامه‌که‌یه‌ :


سه‌رۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح به‌رده‌وامه‌ له‌ راوێژ و گفتوگۆ چێ‌ و پڕه‌کانى له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ى پێکهاته‌ سیاسییه‌کان و چالاکییه‌ میللى و کۆمه‌ڵاتییه‌کان و بژارده‌ ئه‌کادیمى و سه‌ندیکا و یه‌کێتییه‌ پیشه‌ییه‌کان و توێژه‌ جیاوازه‌کانى ترى کۆمه‌ڵ به‌ مه‌به‌ستى راسپاردنى کاندیدێک بۆ سه‌رۆکایه‌تیکردنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران که‌ پشتیوانى گه‌ل به‌ده‌ست بهێنێت.

سه‌رۆک کۆمار له‌ میانى راوێژ و گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌کانیدا ته‌ئکیدى کردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستى پشت به‌ستن به‌ بڕگه‌کانى ده‌ستوور و دواین واده‌ ده‌ستوورییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى زامنى ئه‌وه‌ بکرێت که‌ سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌تى نوێ ئه‌رکى قۆناغى راگوزه‌ر بگرێته‌ ئه‌ستۆ تا ئه‌وکاته‌ى هه‌ڵبژاردن به‌گوێره‌ى یاسایه‌کى هه‌ڵبژاردنى دادپه‌روه‌ر و سازکردنى له‌لایه‌ن کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنى سه‌ربه‌خۆوه‌ به‌ ئاکام بگه‌یه‌نرێت.

بڕگه‌کانى ده‌ستوور به‌گوێره‌ى ماده‌ى 76ى ده‌ستوور، پێکهاته‌ سیاسییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ په‌رله‌مان په‌یوه‌ست ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى پاڵێوراوى خۆیان پێشکه‌ش بکه‌ن و سه‌رۆک کۆماریش رایبسپێرێت.

سه‌رۆک کۆمار له‌ میانى دیدار و گفتوگۆکانى ته‌ئکیدى کردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستى به‌رده‌وامیدانى گفتوگۆ و راوێژه‌کانى نێوان پێکهاته‌ سیاسییه‌کان له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ رێککه‌وتنێک تا که‌سێکى باوه‌ێ‌ پێکراوى گونجاو بۆ سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دیارى بکرێت، پێویسته‌ ئه‌و کاندیده‌ له‌گه‌ڵ پێودانگى داواکارییه‌کانى گه‌لى عێراق و داواکارییه‌ ره‌واکانیان بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها حکومه‌تى نوێ‌ پشتیوانى سیاسى و جه‌ماوه‌رى پێویست به‌ ده‌ست بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ى چاکسازییه‌ پێویسته‌کان بخاته‌ به‌رنامه‌ى پێشینه‌ى خۆى وه‌ک ده‌ست پێشخه‌رییه‌ک بۆ سازکردنى هه‌ڵبژاردنێکى پاک و بێگه‌رد.

سه‌رۆک کۆمار روونى کرده‌وه‌ ئاستى ئاڵه‌نگارییه‌کان مه‌ترسیدارن که‌ وڵات رووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌، پێویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندى لایه‌نێک و حزب له‌ به‌رچاو نه‌گیرێت و پشت ببه‌سترێت به‌ ره‌زامه‌ندى گه‌ل و پابه‌ندبوون و به‌دیهێنانى چاکسازییه‌کان و پێشکه‌شکردنى پێشینه‌ نیشتمانییه‌کان به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌کاندا.

نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆک کۆمار
2019-12-15