يه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ی ئاماده‌کاری بۆ یادی 32 ساڵه‌ی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامدرا

10.02.2020
جەماوەر نیوز
پێش نیوه‌رۆی رۆژی 10ى شوبات به‌ سه‌رپه‌رشتی به‌رێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود, وه‌زیری کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و ئاماده‌ بوونی به‌رێز ئازاد توفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌رێوه‌به‌ری و سه‌رۆکی یه‌که‌ ئیداریه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و نوێنه‌ری رێکخراوه‌کانی ئه‌و شاره‌ یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ی ئاماده‌کاری بۆ یادی کیمیاباران کردنی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رێوه‌چوو که‌وا بڕیاره‌ له‌ 16/3/2020 یاد بکرێته‌وه‌.
له‌ سه‌ره‌تای کۆبوونه‌وه‌که‌دا پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ دوای ئه‌وه‌ی خۆشحالی خۆی به‌ سه‌ردانی کردنی وه‌ڤدی وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان ده‌ربڕی به‌ناوی پارێزگا و یه‌که‌ ئیداریه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌خێرهاتنی وه‌ڤده‌که‌ی کرد، رایگه‌یاند وه‌کو پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ بابه‌تی یادی کیمیاباران کردنی هه‌ڵه‌بجه‌یان گفتوگۆ کردوه‌ و به‌پێویستی ده‌زانن بۆ ئه‌مساڵ  ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ناوه‌چه‌که‌ و عێراقدا هه‌یه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت و به‌ ستایل و شێوازه‌کی تر ئه‌م یاده‌ بکرێته‌وه‌ و زیاتر گرنگی به‌ پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بدرێت.
وتیشی پێویسته‌ بۆ ئه‌مساڵ له‌یه‌ک شوێن یاده‌که‌ بکرێته‌وه‌ له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌شێوه‌یه‌کی گشتی بانگهێشتی هه‌موولایه‌ک بکرێت و بانگهێشتی که‌سی نه‌کرێت، هه‌موولایه‌ک له‌ خزمه‌ت میوانانی ئه‌و یاده‌بین
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وه‌زیری کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان به‌گرنگه‌وه‌ باسی له‌ یادکردنه‌وه‌ی مه‌رگه‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ کرده‌وه‌ و هیوای خواست بتوانن به‌ هه‌موولایه‌ک یادێکی شایسته‌ به‌ گیانی قوربانیان بکه‌نه‌وه‌ و به‌ شێواز و ستایلی تر دور له‌و یاده‌ ته‌قلیدیانه‌ی که‌ پێشتر هه‌بوو بکرێته‌وه‌ زیاتر خزمه‌تی که‌س وکاری شه‌هیدان بکرێت و پرۆژه‌ی به‌سودی لێ ئه‌نجامبدرێت
ته‌ئکیدیشی کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌کی پرۆتۆکۆلی رێکوپێک پێشوازی له‌ میوانان بکرێَت و هه‌موولایه‌ک وه‌ک یه‌ک خێزان به‌ گیانی لێپرسراویه‌تی له‌خزمه‌ت به‌رز راگرتنی گیانی ئه‌و قوربانیانه‌ بین.
له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆکی یه‌که‌ ئیداریه‌کانی و نوێنه‌ری رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی راو و سه‌رنجی خۆیان بۆ زیاتر خزمه‌ت کردنی که‌س و وکاری شه‌هیدان و باش به‌رێوه‌چوونی یاده‌که‌ خسته‌ روو.
وه‌زیری کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا تیشکیان خسته‌ سه‌ر ناوه‌رۆکی کۆبوونه‌وه‌که‌ و تیایدا به‌رێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود رایگه‌یان که‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و راو سه‌رنجانه‌ی له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ خرانه‌ روو له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت بڕیار له‌سه‌ر شێوازی یاده‌که‌ ده‌ده‌ین و هیوادارین بتوانین به‌ هه‌موولایه‌ک یادێکی شایسته‌ بکه‌ینه‌وه‌ و نمونه‌یه‌کی جوان پێشکه‌ش بکه‌ین.
دواتر وه‌زیری کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان به‌یاوه‌ری به‌رێز پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ریه‌ک له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ و مونۆمێنتی یاده‌وه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌یان به‌سه‌ر کرده‌وه‌ و له‌ گرفت و که‌م و کوریه‌کانی ئه‌و دوو ده‌زگایه‌یان کوڵیه‌وه‌ و به‌لێنێ جێبه‌جێکردنی داواکاریه‌کانی پێدان و داوای لێکردن به‌گیانێکی لێپرسراویه‌تی ئه‌رکی سه‌رشانیان له‌ خزمه‌ت کردنی که‌س وکاری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی سنوره‌که‌ درێخی نه‌که‌ن و ئه‌وه‌ی بۆیان بکرێت بۆ خزمه‌تی که‌س کاری شه‌هیدان بیکه‌ن.