قەیس خزعەلی: كازمی ناتوانێت ڕووبه‌ڕوی حه‌شدی شه‌عبی بێته‌وه‌

27.06.2020
جەماوەر نیوز
بەرەبەیانی هەینی 26-6-2020 دژەتیرۆری عێراق هەڵیکوتایە سەر بارەگایەکی حیزبوڵڵای عێراق و چەند کەسێکیان دەستگیرکرد. قەیس خزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلحەق رایگەیاند، بەپێی شەریعەتی ئاسمانی و یاساکان، ئەرکی هێزەکان بەرخۆدان و بەرگرییە لە دژی داگیرکەر. هەروەها پێیوایە هەوڵێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ لێدانی هێزەکانی حەشدی شەعبی.
لەدوای رووداوەکە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پلانیان هەبووە هێرش بکەنەسەر ناوچەی سەوز و پێشتریش هێرشیانکردووە. قەیس خزعەلی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هیچ سەربازگەیەکی عێراقی نەکراوەتە ئامانج، هێزەکانی "بەرخۆدان" لە ناوچەی سەوز دام و دەزگا حکومییەکان ناکەنە ئامانج ، بەڵکو وەک ئەو دەڵێت، تەنیا باڵیۆزخانەی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج. 
قەیس خەزعەلی پێیوایە دەستگیرکردنی چەکدارانی حەشدی شەعبی لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆر پێشووی دروستدەکاتەوە و هەڵکوتانە سەر بارەگای حەشدی شەعبی بە رووداوێکی مەترسیدار ناودەبات و دەڵێت، نە سەرۆکوەزیران و نە هیچ کەسێکی دیکە ناتوانن رووبەڕووی حەشدی شەعبی بووەستنەوە، "دەزگای دژە تیرۆر دەزگایەکی نیشتمانییە و شانبەشانی حەشدی شەعبی لە دژی تیرۆر جەنگاوە". خەزعەلی بەپێویستی دەزانێت ئەو بابەتە لەلایەن سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیەوە چارەسەر بکرایە.
ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلحەق مستەفا کازمی تۆمەتبار دەکات کە یەکەمین سەرۆکوەزیرانە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکاتە ئامانج و دەڵیت، هیچ سەرۆکوەزیرانێکی پێشوو "بەرخۆدانی" نەکردووەتە ئامانج .