ئه‌مڕۆ ئه‌نجامی گشتپیرسی ڕووسیا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت

02.07.2020
جەماوەر نیوز

ئەنجامی بەرایی گشتپرسییەکەی ڕووسیا بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری وڵاتەکە راگەیێندرا و 77.92% بەشداربووانی گشتپرسییەکە بە بەڵێ دەنگیان داوە و هه‌روه‌ها 21.37% دژی گشتپرسیه‌كه‌ ده‌نگیانداوه‌.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجامی کۆتایی گشتپرسییەکە رابگەیێندرێت، لە ئەگەری یەکلاییبوونەوەی زۆرینەی دەنگەکان بە بەڵێ، ڤلادمیر پووتین دەتوانێت تاوەکو ساڵی 2036 لە دەسەڵاتدا بمێنیتەوە.
ئۆپۆزیسیۆن لە چەندین شار و شارۆچکەی رووسیا دژی گشتپرسیی دەستوور خۆپیشاندانی کرد، بەشێک لە خەڵک لەگەڵ ئەوە نین سەرۆک بۆ ئەو ماوە زۆرە بتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنیتەوە.

ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەستووری رووسیادا دەکرێن:
1- لابردنی دەستەواژەی "بەدوای یەکدا" لەو بڕگەیەی کە دیاریدەکات هەر کەسێک بۆ چەند خول دەتوانێت سەرۆکایەتی رووسیا بکات، هەروەها هەژمارنەکردنی خولەکانی پێش هەموارکردنەکە.
2- هەژمارنەکردنی خولەکانی پێشووی سەرۆکایەتی بۆ ڤیلادمیر پووتین و دیمتری میدڤیدێڤ و ئەگەر لە خولی داهاتوودا هەڵبژێردرانەوە، بە یەکەم خولیان هەژمار دەکرێت.
3- دانانی دەستووری رووسیا لە پێش یاسای نێودەوڵەتی.
4- پێدانی دەسەڵاتی پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی بەربژێرەکانی سەرۆکوەزیران، جێگرەکانی و وەزیرەکان؛ سەرۆک دەسەڵاتی ئەوەی نابێت بەربژێرەکان رەتبکاتەوە، بەڵام دوای دەستبەکاربوونیان، لە هەندێ دۆخدا، دەتوانێت لەکار دووریان بخاتەوە.
5- نابێت ئەو کەسانەی پێگەی گرنگیان هەیە بۆ ئاسایشی رووسیا وەکو سەرۆک، وەزیرەکان، دادوەرەکان و سەرۆکی هەرێمەکان، خاوەن وڵاتینامە یان مۆڵەتی نیشتەجێبوونی وڵاتانی دیکە بن لەکاتی کارکردنیان لە پۆستەکانیاندا، سەرۆکی رووسیاش لەپاڵ ئەو مەرجە، دەبێت پێشتریش ئەو دوو تایبەتمەندییەی نەبووبێت. 
6- بەربژێری سەرۆکایەتی دەبێت لانیکەم 25 ساڵ لە رووسیا بژیت (ئێستا ماوەکە تەنیا 10 ساڵە) و نابێت پێشتر وڵاتینامە یان مۆڵەتی نیشتەجێبوونی وڵاتانی دیکەی هەبووبێت. 
7- ئەنجوومەنی یەکێتیی رووسیا لە توانایدا دەبێت کە پێشنیاز بۆ سەرۆک بکات دادوەرە فیدراڵییەکان لە کارەکانیان دووربخاتەوە، لە هەندێ باردا، ئەنجوومەنەکە لەسەر پێشنیازی سەرۆک، مافی ئەوەی دەبێت دادوەرەکانی دادگەکانی دەستووری و باڵا لە کارەکانیان دووربخاتەوە.
8- ئەو وەزیرانەی کە سەرۆکایەتی دامەزراوەکانی چەسپاندنی یاسا دەکەن، دەبێت لەلایەن سەرۆکەوە بە راوێژکردن لەگەڵ ئەنجوومەنی یەکێتیی رووسیا دەستنیشانبکرێن.
9- نابێت کەمترین مووچە لەخوار ئەو بڕە بێت کە بۆ بەردەوامیدان بە ژیان پێویستە. 
10- نوێکردنەوەی خشتەی خانەنشینکراوان بە شێوازێکی رێکخراو.
11- بەهێزکردنی پێگە و رۆڵی ئەنجوومەنی دەوڵەت کە ئێستا تەنیا رۆڵی راوێژکاریی دەبینێت و لە دەستووردا لە هیچ شوێنێک ناوی نەهاتووە، کە لە ساڵی 2000 بە فەرمانی ڤیلادیمیر پووتین دامەزرابوو.
12- پێدانی دەسەڵاتی پێداچوونەوەی یاساکان بە دادگەی دەستووری بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بەو یاسایانەدا بکات، کە لە لایەن کۆمەڵەی فیدراڵی یەکێتیی رووسیا لەسەر داوای سەرۆک دەرکراون، پێش ئەوەی سەرۆک واژۆیان لەسەر بکات. 
13- پێناسەکردنی هاوژینیی بە پەیوەندی نێوان پیاو و ژن، واتە رێگە بە هاوسەرگیریکردنی دوو کەس لە هەمان رەگەز نادرێت