پۆڵەندییه‌كان دوودایان هەڵبژارده‌وه‌

13.07.2020
جەماوەر نیوز

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی پۆڵەندا پیشانی دەدەن، ئاندرێ دوودا، سەرۆکی ئەو وڵاتە بە جیاوازییەکی کەمەوە پێش رکابەرەکەی کەوتووە.
بەپێی ئەنجامە بەریاییەکان دوودا لە 51%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەکاتێكدا رافال تراسکۆڤیسکی، سەرۆکشارەوانیی وارشۆی پایتەخت کە کەسایەتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتە 49%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
لە ساڵی 1989وە لە دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤێت و دەستپێکردنی قۆناخی نوێ لە پۆڵەندا، ئەمە یەکەمینجارە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەنێوان رکابەراندا هێندە ئەم ئەنجامەی ئێستا لەیەکدی نزیک بن.
ئاندرێ دوودا سەر بە پارتی نەتەوەیی یاسا و دادوەری کۆنسەرڤاتیڤە و دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەگەری ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستەمی دادوەریی وڵاتدا زیاتر دەکات، ئەگەرێکە یەکێتیی ئەوروپا لەبارەیەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت "سەروەریی یاسا لە پۆڵەندا لەناو دەبات".

رۆژی 28-6-2020 پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پۆلەندا دەستیپێکرد و بنکەکانی دەنگدان لە سەرانسەری ئەم وڵاتە کراونەتەوە. ئاندری دوودا، سەرۆکی پۆلەندا و دە کەسی دیکە خۆیان بۆ سەرۆکی وڵاتەکەیان هەڵبژاردبوو.  
پێویست بوو بەربژێری سەرکەوتوو ٪50ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام هیچ کام لە بەربژێرەکان دەنگەکانیان نەگەیشتە ئەو رێژەیە، بۆیە هەڵبژاردنەکە چووە خولی دووەم، کێبڕکێیەکەش لە نێوان دوودا و تراسکۆڤیسکی  بوو، بەو پێیەی لە نێو 11 بەربژێرەکەدا زۆرترین دەنگیان هێنابوو.
 لە هەڵبژاردنی رابردووشدا کە لە مایسی 2015 بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنەکە چووە قۆناخی دووەمەوە. ئاندرێ دوودا کە ئەوکات پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن بوو، زۆربەی دەنگەکانی ئەو هەڵبژاردنەی بەدەستهێنابوو و لە رکابەرییەکی بەهێزدابوو لەگەڵ کاندیدی پارتی دەسەڵاتداردا.


زۆرترین خوێندراو