گەشتكردن لە ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ری پارێزگای كه‌ركوك قەدەغە دەكرێت

15.09.2020
جەماوەر نیوز

ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئه‌یلول دەستەی دەستپاکیی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت ئەو فەرمانەی داوە بەهۆی بوونی حاڵەتی بەهەدەردانی سامانی گشتیی لە پرۆژەی بنیادنانی قوتابخانەی ئامادە، کە پرۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە 57 ملیار دینار (57,894,000,000) دراوەتە کۆمپانیایەکی بیانی".
دادگای تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی لە کەرکوک، ئەو بڕیارەی بەپێی ماددەی 320 لە یاسای سزادانی عێراقی داوە. دەقی یاساکە دەڵێ "هەر کارمەند یان راسپێردراو بە کارێکی گشتی، بەمەبەست زیان بە سامان یان بەرژەوەندیی ئەو لایەنەی ئیشی تێدا دەکات، بگەیەنێت بەماوەیەک زیندانی دەکرێت، کە زیاتر نەبێت لە حەوت ساڵ".
دادگاکە بەهۆی هەمان کەیس، فەرمانی دەستبەسەرکردن و رێگەگرتن لە گەشتی بۆ 23 کارمەندی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکوک دەرکردووە، کە یەکێکیان بەڕێوەبەری پێشووە.
لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو، پرۆژەی دروستکردنی 25 باڵەخانەی قوتابخانەی ئامادە لە کەرکوک راگەیەنرا کە دراوەتە کۆمپانیایەکی بیانی.
دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد، ئەو گەندەڵییەی لە پرۆژەکە کراوە پێکدێت لە:" کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە دیزایینی سەرەکی گۆڕیوە، ژمارەی قوتابخانەکان لە 25ـەوە بۆ 18 کەمکراونەتەوە، دیزایین و رووبەر دەستکارییان کراوە، کە ئەمانەش پێچەوانەی گرێبەست و رەزامەندیی وەزارەتی پلاندانان بوون".
ئەو بڕیارەی دادگا لەکاتێکدایە، لەو ماوانەی دواییدا، دەیان بەرپرس و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نزیک لە پارێزگاری به‌ وه‌كاله‌تی کەرکوک، فەرمانی دەستبەسەرکردن و قەدەغەی گەشتکردنیان بۆ دەرچووە.