حه‌بیب له‌ به‌ر كۆچی دوایی باوكی وازهێنا

25.10.2020
جەماوەر نیوز
حەبیب نۆرماگۆمیدۆڤ، ئەستێرەی رووسی و یاریی هونەرەکانی شەڕکردن، سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا و ئەو بردنەوەیەی کردە دوایین وێستگەی یارییکردنی خۆی و بە وازهێنانی هەمووانی تووشی شۆککرد.
لە یارییەکی بەهێزدا لە پاڵەوانێتی یو ئێف سی لە ئەبوزەبی، حەبیب رووبەڕووی جەستن گەیچی ئەمریکی بووەوە، دوای پێشکێشکردنی ئاستێکی نموونەیی لە یارییەکەدا، یاریزانە 32 ساڵەکە لە گەڕی دووەمی رووبەڕووبوونەوەکەدا دوای تەنیا خولەکێک و 34 چرکە لە رێگەی جووڵەی ملکەچکردنەوە بووە هۆکاری ئەوەی گەیچ لە هۆشخۆی بچێت و نەتوانێت یارییەکە تەواوبکات، بەمەش حەبیب یارییەکەی بردەوە.
بەبردنەوەی ئەم یارییە نۆرماگۆمیدۆڤ بۆ جاری سێیەم بەرگریی لە نازناوی کێشی سووککرد، لەکاتێکدا پێشتر لە 2018 سەرکەوتنی بەرامبەر کۆنۆر ماکگریگۆر و لە 2019 بەرامبەر داستن بوریی بەدەستهێنا.
ئەمە یەکەم یاریی حەبیب بوو بەبێ ئامادەبوونی باوکی ئەنجامی بدات، دوای یارییەکە نۆرماگۆمیدۆڤ هەمووانی تووشی شۆککرد، بە چاوی پڕ فرمێسکەوە وازهێنانی خۆی لە یارییەکە راگەیاند و گوتی، سوپاس بۆ خوا کە توانیم بردنەوە بەدەستبهێنم، چیدیکە بەبێ باوکم نایەمەوە ئێرە و ئەمە دوایین یارییم دەبێت، لەکاتێکدا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لەگەڵم بووە.
حەبیب بەم بردنەوەیە جارێکی دیکە بووە سەرتۆپی میدیای جیهان و جارێکی دیکە هەمووانی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد، هەر زوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پەیامێکی لە رێگەی ئینستاگرامەوە بۆ نارد و نووسیوویەتی، پیرۆزە براکەم، باوکت شانازیت پێوە دەکات.
حەبیب لە کاروانی یارییکردنیدا 29 یاریی ئەنجامداوە، ئەو لە هەموو یارییەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و تەنانەت یەک یارییشی نەدۆڕاند، بەمەش زیاتر ناوبانگی ئەو لە جیهاندا بڵاوبووە.
هۆکاری وازهێنانی حەبیب لە یارییکردن بەهۆی کۆچی دوایی عەبدولمەناف نۆرماگۆمیدۆڤی باوکییەوە بوو، کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی کۆرۆناوە کۆچی دواییکرد، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەو یاریزانە کرد و وایکرد بڕیاری ئەوەبدات چیدیکە درێژە بە یارییکردن نەدات.
حەبیب دوای یارییەکە بە جەستن گەیچی گوت، ئاگاداری دایک و باوکت بەو و بیانپارێزە، هەمیشە لێیانەوە نزیکبە، چونکە کەس نازانێت سبەی چی روودەدات.
پێشتر دانا وەیت، سەرۆکی رێکخراوی هونەرەکانی شەڕکردن رایگەیاندبوو، ئەگەر حەبیب ئەم یارییە بباتەوە دەبێتە باشترین یاریزانی مێژووی یارییەکە، دوای وازهێنانیشی لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، دوای وازهێنان قسەی لەگەڵ حەبیب نەکردووە، کاتێک ئەو بڕیاری وازهێنانیدا هەموومان تەنیا گوێمان لێی دەگرت، ئێمە پێشبینی شۆکێکمان دەکرد لە یارییەکەدا، ئەو رێگەیەی ئەو مامەڵەی پێکرد، لە دوای یارییەکە لە شێوازی خۆی نەدەچوو، بە زەحمەتی هەناسەی دەدا و هەناسەی قوڵی هەڵدەکێشا، بەڵام وەک هەمیشە ئەو گەورەیە.

زۆرترین خوێندراو