لوتكه‌ی جی 20 قه‌یرانی كۆرۆنا تاوتوێده‌كات

21.11.2020
جەماوەر نیوز

سەرکردەکانی وڵاتانی گەورەی ئابووریی جیهان لە چوارچێوەی لووتکەی G20 ئەمڕۆ شەممە کۆدەبنەوە و لەنێوان خۆیاندا پرسی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کۆرۆنا تاوتوێدەکەن کە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی ملیۆنێک و 380 هەزار تووشبووی ئەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە.
جگە لەو رێوشوێنانەی کە پێویستن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ڤایرۆسە، سەرکردەکانی وڵاتانی G20 لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە هەنگاوەکانی بووژانەوەی ئابووری لەدوای کۆرۆنا باس دەکەن. 
سەرەکیترین بابەتی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چۆنییەتی دابەشکردنی ئەو ڤاکسینانە دەبێت کە بەم دواییانە لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرمانسازییەوە بە سەرکەوتوویی تاقیکراونەتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی کە توانای داراییان کەمەوە ناتوانن ڤاکسینەکان بكڕن.

یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی ناو کۆبوونەوەی لووتکەی G20 پرسی گۆڕانکارییەکانی ناو رێکخراوی بازرگانی جیهانییە. ئێستا چاکسازییەکانی ناو رێکخراوی بازرگانیی جیهانی بەهۆی ناکۆکیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەو رێکخراوە، پەکی کەوتووە.
ئەندامانی دیکەی G20 هیوادارن دوای هاتنەسەرکاری ئیدارەی نوێی ئەمریکا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر گرنگی بەو رێکخراوە بدات و پاڵپشتی بکات. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە جیاتی بەهێزکردنی رۆڵی رێکخراوە جیهانییەکان، بەردەوام هەوڵی رێککەوتنی دوولایەنەی بازرگانی دەدات و رۆڵی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لەو نێوەندەدا لاوازکرد.
لەبارەی هەوڵەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، ئەندامانی G20 هیواداران سەرکردایەتیی نوێ لە ئەمریکا گرنگی زیاتر بەو رێککەوتنە نێودەوڵەتییانە بدات کە پەیوەستن بۆ پاراستنی ژینگە.
ئەوروپییەکان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لوتکەی ئەمڕۆی ئەو گرووپە داوا دەکەن وڵاتانی ئەندام لە G20 پابەندبن بە ستانداردی نوێی ژینگەیی و هانی وەبەرهێنان بدەن لەو پرۆژە پیشەسازییانەدا کە بە ئاراستەی پاراستنی ژینگە ئەنجام دەدرێت.