گیرانی خوێنبەری سییەکان (جەڵدەی سی)

11.02.2021
جەماوەر نیوز

دکتۆر زیرەک ئه‌نوه‌ر ته‌یب،پسپۆری نەشتەرگەری سنگ و دڵ و بۆڕییەکانی خوێن
بریتیە لە گیرانی رێڕەوی خوێن لەناو بەشێک یان زیاتری ئەو خوێنبەرانەی خوێن لە دڵەوە بۆ سییەکان ئەبەن. لە هەرە زۆری حالەتەکان کڵۆی خوێنەکە لە یەکێک لە خوێنهێنەرە قووڵەکانی لەش (بە تایبەتی پەلەکانی خوارەوە) دروست ئەبێت و بەرەو خوێنبەری سییەکان ئەجوڵێت.
نەخۆشی گیرانی خوێنبەری سییەکان نەخۆشیێکی زۆر مەترسیدارە و هەندێکجار ئەگەری مردنی لێ ئەکەوێتەوە لەبەر ئەوەی رێڕەوی خوێن بۆ سییەکان پەکی ئەکەوێت، بۆیە چارەسەری گونجاو بە زووترین کات لە کاتی تووشبوون بەو نەخۆشیە زۆر گرنگە و مەترسی مردن بە رێژەیەکی بەرچاو کەم ئەکاتەوە.
خۆپاراستن لە تووشبوون بە خوێن مەیینی خوێنهێنەرە قووڵەکانی پەلەکان مرۆڤ ئەپارێزێت لە تووشبوون بە گیرانی خوێنبەری سییەکان.
نیشانەکانی نەخۆشیەکە:
نیشانەکانی گیرانی خوێنبەری سییەکان لە کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاوازە، ئەو جیاوازیە بە گوێرەی قەبارەی کڵۆ خوێنەکە و شوێنی گیرانی خوێنبەرەکە و ژمارەی ئەو بەشانەی خوێنبەرەکانی سی کە تووشی گیران بوونە و هەروەها بوونی نەخۆشی تر لە سییەکان یان دڵ ئەبێت.
بە گشتی نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە ئەمانەن:
- تەنگەنەفەسی: لە پڕ دەرئەکەوێت و بە هیلاکی زیاتر ئەکات و لەوانەیە بە پشوودان کەمتر ببێتەوە.
- ئازاری سنگ: ئازارێکی بەهێز لە ناوچەی سنگ، لەگەڵ هەناسەدان بەهێزتر ئەبێت و نەخۆش ناتوانێت هەناسەی قووڵ هەلمژێت، هەروەها بە کۆکە و خۆ چەماندنەوە و چەماندنەوەی سەر بۆ پێشەوە زیاتر ئەبێت.
- کۆکە: لەوانەیە وشک بێت یان بەلغەمی خوێناوی لەگەڵ بێت.
- دڵە کوتێ.
- سەر گێژخواردن.
- ئارەقکردنەوەی زۆر.
- تا.
- شینبوونی رەنگی سەری پەنجە و لێو بەهۆه کەمی ئۆکسجینی خوێن.
- ئاوسان و ئازاری قاچ لە کاتی بوونی خوێنمەیینی خوێنهێنەری پەلەکان.
هۆکارەکانی گیرانی خوێنبەری سییەکان:
- کڵۆی خوێن: زۆربەی حاڵەتەکان لەم جۆرەن.
- پارچەی چەوری: لەکاتی شکانی ئێسقانە درێژەکانی لەش یان لە دوای هەندێک نەشتەرگەری وەک دەرکردنی رێژەیەکی زۆری چەوری لەش (لایپۆسەکشن).
- گیران بە گرێی شێرپەنجەیی.
- گیران بە هەوا: کاتێک بڕێکی زۆری هەوا ئەچێتە ناو خوێنبەری سییەکان.
فاکتەرە مەترسیدارەکانی تووشببون:
هەموو کەسێک بۆی هەیە تووشی ئەو نەخۆشیە ببێت، بەڵام بوونی ئەم فاکتەرانە مەترسی تووشببون زیاتر ئەکات.
- کەمی جووڵە: وەک لە جێگا کەوتنی زۆر یان گەشتی دوور و درێژ بە فڕۆکە یان ئەتومبێل و دانیشتن بۆ ماوویەکی زۆر بە بێ جووڵان.
- بوونی هەندێک باری تەندروستی وەک: نەخۆشی دڵ، شێرپەنجە، ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەتایبەتی نەشتەرگەری دوور و درێژ و نەجووڵانی دوای نەشتەرگەری، ئەو نەخۆشیانەی خوێن مەیین زیاد ئەکەن وەک کەمی فاکتەرەکانی دژەمەیین لە خوێندا، هەروەها تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای تازە مەترسی گیرانی خوێنبەرەکانی سی زیاد ئەکات.
- جگەرەکێشان.
- قەڵەوی.
- چارەسەری هۆڕمۆنی.
- سکپڕی.
ئاڵۆزیەکانی نەخۆشیەکە:
- یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی تووشی گیرانی خوێنبەری سییەکان ئەبن و بێ چارەسەر ئەمێننەوە بە نەخۆشیەکە گیان لە دەست ئەدەن.
- گیرانی خوێنبەری سیەکان لەوانەیو ببێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنبەری سی و سستبوونی لای راستی دڵ.
- رەشبوونی بەشێکی سی بەهۆی بێبەش بوونی تەواوەتی لە خوێن.
خۆپاراستن:
خۆپاراستن لە خوێنمەیینی خوێنهێنەرەقووڵەکانی پەلەکان مەترسی تووشبوون بە گیرانی خوێنبەری سییەکان کەم ئەکاتەوە. رێگاکانی خۆپاراستن ئەمانەن:
- چاڵاکی و جووڵە.
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان.
- دابەزاندنی کێشی لەش.
- بەکارهێنانی دەرمانی خوێن روونکردنەوە و دژە خوێن مەیین.
- بەکارهێنانی گۆرەوی تایبەت (گۆرەوی دەوالی) یان پێچانی قاچەکان لە کاتی نەجووڵانی زۆر و نەشتەرگەری.
- خواردنەوەی بڕێکی زۆری شلەمەنی.
دەستنیشانکردنی گیرانی خوێنبەری سییەکان:
- بوونی نیشانەکانی نەخۆشی.
- پشکنینی تاقیگەیی وەک دیاریکردنی رێژەی ئۆکسجین و دوانە ئۆکسیدی کاربۆن خوێن و رێژەی پڕۆتینی دی دایمەر.
- وێنەی تیشکی سیتی سکانی خوێنبەری سییەکان.
- قەستەرەی خوێنبەری سییەکان.
- وێنەی تیشکی موگناتیسی (MRI)ی خوێنبەری سییەکان، لەو بارانەی کە ناتوانرێ سیتی سکان ئەنجام بدرێت وەک لە کاتی سکپڕی و سستی گورچیلە.
چارەسەر:
جگە لە چارەسەرە سەرەتاییەکانی وەک داخڵبوون لە نەخۆشخانە، پشوودان، چارەسەری ئازار و پێدانی ئۆکسجین ، ئەم رێگایانەی چارەسەر بەکاردێن:
- چارەسەر بە دەرمان: بە مەبەستی تواندنەوەی کڵۆی خوێن یان رێگرتن لە گەورەتر بوونی کڵۆخوێنەکان.
- نەشتەرگەری: لابردنی کڵۆی خوێنی مەییو لە ناو خوێنبەری سییەکان، دانانی فلتەر لەناو کلۆرە خوێنهێنەری خواروو بۆ ڕێگرتن لە گواستنەوەی کڵۆخوێنی خوێنهێنەرەکانی قاچ و ناو حەوز بۆ خوێنبەری سییەکان.

زۆرترین خوێندراو