ئهتوانى لهرێگاى ئیمهیڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه پهیوهندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052
ئهمڕۆ یهك شهممه 21ی سوباتی 2021 ساڵڕۆژی زمانی دایكه، نهتهوهیهكگراووهكان ئهمڕۆی به ڕۆژی جهانی زمانی دایك ناساندووه.
لەوبارهیهوه پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر مهاباد كامل عەبدولڵا، مامۆستای بەشی كوردی سكوڵی زمان لە زانكۆی سلێمانی، ئاماژە بە گرنگی و بایەخی زمانی دایك و هەرەوەها كاریگەری زانینی زمانی دایك لەلای منداڵ و كەی پێویستە فێر بێت دهڵێت : مرۆڤ كە لەدایك دەبێت هەوڵدەدات پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵا دەوروبەردا رێكبخات، ئەم پەیوەندییەش سەرەتا بەهۆی گریانەوەیە، بەرەبەرە بەپێی قۆناغەكان زمانی دەپژێت بە زمانی دایك، كە ئەو زمانەیە منداڵا یەكەمجار لە خێزاندا وەریدەگرێت، زمانی (یەكەم، زگماك، لەدایكبوون،خۆماڵی، شیری)یشی پێ دەوترێت،ئەم زاراوانە سینۆنیمن، لە زانستی زمانی دەروونیدابەكاردەهێنرێن بۆ فێربوونی ئەوزمانەی منداڵ سەرەتا وەریدەگرێت، ئەویش دەبێت بە یەكێك لە قسەپێكەرانی زمانەكە، زمانی دایك لە زاراوەكانیتر گونجاوترە، چونكە دایك نزیكترین كەسە لە ساواوە.
زۆرجار وارێكدەكەوێت، كە منداڵا دوو زمان وەربگرێتو بەكاریبهێنێت، ئەگەر دایكو باوك دوو زمانی جیاوازییان هەبێت، ئەوا بە ناچاری دوو زمانی یەكەم وەردەگرێت، چونكە منداڵا توانستی فێربوونی كراوەیەوەو لە توانایدایە چەندین زمان فێرببێتو وەربگرێت.
زمان وەرگرتن، پڕۆسەیەكە بەهۆیەوە مرۆڤ توانای وەرگرتن و تێگەشتن بەدەست دەهێنێت، زمان بەرهەمدەهێنێت لە شێوەی ڕستەدا، كەهەڵگری ناوەڕۆكە، دواتر تێگەیشتن دێتە ئاراوە، كە بەرهەمی ڕێكخستنی فۆڕم و واتای وشەكانە، هەریەك لەو وشانەش خاوەنی زانیاری تایبەتن.
دكتۆرە مهاباد ئهوهی خستهڕوو زمان یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكانی گەشەكردنی مناڵا، تەنها رێگەیە بۆ فێربوون لە پەروەردەداو بە زمان دەچێتە ناو چالاكیو ژیانی كۆمەڵایەتییەوە، نەك تەنها ئاستی ژیریو رۆشنبیری گەورەكان دەستنیشان دەكات، بەڵكو مناڵانیش بە زمان ئاستەكانیان لە رووی زیرەكیو ژیرییەوە جیادەكرێتەوە.
ئەركی زمان تەنها پێدانی زانیاریو گواستنەوەی هەستەكان نییە، بەڵكو دەبێتە هۆی وروژاندنی بیرو ئایدیای نوێ، پاڵنەرێكە بۆ جوڵاندنو بیركردنەوە، سروشتێكە بۆئەوەی زیاتر بیرو هۆش بكرێتەوە.
له بارهی مێژووی سهرههڵدانی مێژووی دیاریكردنی ڕۆژی جیهانی زمان ئهو مامۆستای زانكۆیه هێما بۆ ئهوه دهكات لە بەنگالی رۆژهەڵاتی كۆماری بەنگلادیشی ئێستا، پێش جیابوونەوەی لە پاكستان حكومەتی ناوەندی پاكستان لە رۆژئاوای پاكستان لە زمانی (محمد علی جناح)ەوە، لە كۆبوونەوەی 21/ئازار/1948 رایگەیاند، كە زمانی ئۆردوو زمانی فەرمی وڵاتە، لەگەڵ ئەوەی، كە زمانی كەمینەو چینێكی تایبەت بوو، ئەمە بوو بە سەرەتای پەرچەكرداری بەنغالیەكان لەساڵی 1950-1952 خۆپیشاندانیان لە بەنغالی رۆژهەڵاتدا بەرپاكرد، دواتر بزوتنەوەكەیان بە (بزوتنەوەی زمانەوانی بەنغالی) ناسرا. پۆلیسی پاكستان بەرامبەر خۆپیشاندەران چەكیان بەكارهێناو بە ئاگر وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، لە ئاكامدا پێنج خوێندكار لە كۆلیژی پزیشكی لە دەكای پایتەختی بەنگلادیش كوژران.
ئەم رووداوە بوو بەهۆی ئەوەی، كە حكومەتی ناوەندی ناچار بكات، كە وەك زمانی ئاڵوگۆڕو پەیوەندیكردن دان بە زمانەكەیاندا بنێت. شایەنی باسە لەبەردەم كۆلیژی پزیشكی ئەو وڵاتەدا مۆنۆمێنتی (شەهید منار)یان بۆ كرا.
لە 17/1/1999 ەوە لەدوای پێشنیاری بەنگلادیش رێكخراوی یۆنسكۆ بڕیاری دا ئەو رۆژە ببێتە رۆژی زمانی دایك و لە 28 وڵاتدا ئاهەنگی بۆ بگێڕێت.
ئیدی لەو رۆژەوە یۆنسكۆ لەپێناو پاراستنی جۆراوجۆری رۆشنبیریو جۆراوجۆری زمان ئەم یادە دەكاتەوە.
ئهتوانى لهرێگاى ئیمهیڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه پهیوهندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052