ئهتوانى لهرێگاى ئیمهیڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه پهیوهندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052
پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆ
بە ڕەگەز ئیتاڵیە بەڵام لەدایکبووی شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرژەنتینە لە ڕێککەوتی ١٧/١٢/١٩٣٦ لەدایکبووە یەکەم کەسی بە ڕەگەز ئەمەریکای لاتینیە کە ناسناوی پاپ وەردەگرێت.ھاوکات دووەم کەسایەتی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەوروپایە لە دوای گریگۆری سێیەم ناسناوی پاپی وەرگرتووە.
لە رێککەوتی ١٣ی ئاداری ٢٠١٣ـەوە وەک ٢٦٦ـەمین پاپای فاتیکان دیاریکراوە.
جێنشینی پاپی پێشوو بوتڕس و ئەسقەفی رۆمایە.
پێشتر بەرپرسیارییەتی سەرۆکی دەوڵەتی فاتیکانی پێ سپێردراوە.
دوای پاپا گریگۆری شەشەمیش دووەم کریستیانی ڕەبەنە کە وەک پاپ دەستنیشانکراوە و تا ئێستا ھاوسەرگیری نەکردووە.
پێشتر سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس بووە لە ساڵی ٢٠٠١ پاپا یۆحەنا پۆلسی دووەم ناسناوی (کاردیناڵ)ـی پێ بەخشی
ناوی فڕانسیس بۆ خۆی دانا وەک ڕێزلێنانێک بۆ فڕانسیس ئاسیزی پیرۆز.
پاپا فرانسیس زمانەکانی ئیسپانی، لاتینی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، فڕەنسی، ئۆکڕانی ھەروەھا ئینگلیزی دەزانێت.
بە داکۆکیکاری ھەموو بزووتنەوەیەکی مرۆڤدۆستانە و ھێنانەدی دادگەری کۆمەڵایەتی و رێگەخۆشکردن بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوان نەتەوە و ئایین و بۆچوونە جیاوازەکان دەناسرێت.
ھەر بۆیە دوای ھەڵبژاردنی وەک پاپای نوێی فاتیکان چەندین رێوشوێن و مەڕاسیمی ئایینی پێشووتری ھەڵوەشاندەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئایینی فاتیکانیش توانای گۆڕانکاری لە ڕێسا و یاسا چەقبووەستەکان ھەیە.
خانەوادەی پاپا فرانسیس بە رەگەز ئیتاڵین بەڵام لە سەردەمی حکومڕانی فاشیستی ئیتاڵی، خانەوادەکەی بە ناچاری ئیتاڵیا بەجێدەھێڵن و بەرەو ئەرژەنتین کۆچ دەکەن.
لە منداڵییەوە حەزی بە موزیک و فیلم و کەلتوری وڵاتانی ئەرژەنتین و ئۆرۆگوای کردووە.
لە کاتی لاویشدا حەزی بە وەرزش و یاری تۆپی پێ بووە و ھاندەرێکی سەرسەختی ماڕادۆنا و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بووە.
لە ڕووی ئەزموونی خوێندنەوە پاپا فڕانسیس قۆناغی بنەڕەتی لە دەوروبەری شاری بۆینس ئایرس تەواوکردووە.
دواتر لە قۆناغی ئامادەیی گرنگی بە زانستی کیمیا داوە و تەنانەت لە زانکۆش قۆناغەکانی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بواری کیمیا تەواوکردووە و دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندنیش بە سەرکەوتوویی لە یەکێک لە تاقیگەکانی بواری کیمیاگەری لە شاری بۆینس ئایرسی ئەرژەنتینی بۆ ماوەی ٣ ساڵ کاریکردووە.
لە تەمەنی لاویەوە لە ڕێگەی کاھینێکی پەرستگای بێزەنتی تێکەڵ بە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی وڵاتانی رۆژھەڵاتی بووە.
لە تەمەنی ٢١ ساڵییەوە چۆتە نێو ئەزموونی کەنیسە لە ١١ـی ئاداری ١٩٥٨ـەوە وەک ڕەبەنێکی کریستیانی دەستی بەکارکردووە زانستەکانی مرۆیی و لاھوتی لە شاری سانتیاگۆی پایتەختی وڵاتی شیللی خوێندووە.
پاشان لە ئەرژەنتین درێژەی بە خوێندنی پسپۆڕی فەلسەفی و ئایینی داوە لە پەیمانگەی ئیکلیرکی.
لە ساڵی ١٩٦٧ خوێندنی ئایینی و لاھوتی تەواوکردووە و لە ١٣/١٢/١٩٦٩ بۆ یەکەمجار و بە فەرمی وەک کاھینی کنیسە دەستبەکاربووە.
پاشان دووچاری نەخۆشییەکی کوشندە بۆتەوە و بەھۆیەوە یەکێک لە گورچیلەکانی لەدەستداوە.
پاشان وەک ڕاگری پەیمانگەی لاھوتی لە سان مییگل کاریکردووە و تا ساڵی ١٩٨٦ لەو پۆستەدا ماوەتەوە.
ساڵێک دواتر ھاتۆتە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بە مەبەستی خوێندنی قۆناغی دکتۆرا لە بواری ڕەبەنی کریستیانی ئەمەش دەبێتە وێستگەیەکی گرنگی ژیانی پاپا فڕانسیس.
دوای مردنی سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس کاردینال ئەنتۆنیۆ کاراکینۆ لە ٢٨ی شوباتی ١٩٩٨ دەرفەتی لە بار بۆ ھاتنە پێشەوەی پاپا فرانسیس دەڕەخسێت و لە شوێنی ناوبراو دەکرێتە سەرۆکی ئەسقەفەکانی شاری بۆینس ئایرس بە دیاریکراوی لە ٦/١١/١٩٩٨ ھاوکات ئەرکی سەرپەرشتیکردنی کڵێساکانی کاسۆلیکی رۆژھەڵاتیشی پێ سپێردرا.
لە ساڵانی بوون بە کاردیناڵ چەندین ھەڵسوکەوت و تقوسی ئایینی ئەنجامدا کە لە سەرجەم سەرپەرشتیکارانی پێش خۆی جیاواز بوو، بە جۆرێک کرانەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی و توانی مەودای نێوان خەڵک و کڵێسا نزیکبکاتەوە تا ئەوەی لەلای ھەمووان خۆشەویست بوو. ھاوکات بەشداریپێکردنی کەسانی نێو گرتووخانەکان کە لە بنەمادا کاسۆلیکیش نەبوون و ھاندانی ڕەبەنەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ھاوسەرگیری زیاتر پاپا فڕانسیسی ناسراو کرد.
لە رێککەوتی ١١ شوباتی ٢٠١٣ دوای دەست لەکارکێشانەوەی پاپا بێنێدیکتی شازدەھەم بەھۆی گەورەبوونی تەمەنییەوە، کۆمیتەی گشتی کۆمەڵگەی کیرادلی ڕۆژی ١٢ـی ئاداری ٢٠١٣ یان دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی دەنگدان لەسەر دیاریکردنی پاپای نوێ و بە دەنگی دوو لەسەر سێی سەرۆک ئەسقەفەکان پاپا فرانسیس وەک پاپای نوێی فاتیکان دیاریکرا.
دەستبەکاربوونی پاپا فڕانسیس وەک پاپای نوێی فاتیکان پێشوازییەکی گەورەی ئایینی و سیاسی لەسەر ئاستی جیھاندا بەخۆیەوە بینی چونکە لەلایەک یەکەم کەسایەتی ئایینی کیشوەری ئەمەریکای لاتین بوو کە بۆ ئەم پۆستە کاندید بکرێت. لەلایەکی دیکەوەش کەسایەتییە کراوەکەی پاپا فرانسیس و ھەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی مەودای نێوان خەڵک و کڵێسا لەلایەکی دیکەوە ببوە جێگەی بایەخی جیھان.
ئهمڕۆ ههینی 5ی ئازاری 2021 پاپای ڤاتیكان به سهردانێك گهشته عێراق و بڕیاره چوار ڕۆژ بمێنێتهوه و لهو چوار چێوهیهشدا سهردانی ههرێمی كوردستان دهكات.
ئهتوانى لهرێگاى ئیمهیڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه پهیوهندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052