کام ڤاکسین دەبێتە ھۆی خوێن مەیین؟

20.04.2021
جەماوەر نیوز
دکتۆر عارف گۆران، پسپۆری راوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو/لەندەن
لە کوردستان سێ جۆری ڤاکسین بەکاردێن، ئەوانیش سینۆفارم و ئەسترازێنیکاو فایزەر. لەماوەی چەند ھەفتەی ڕابردو کێشەی خوێن مەیین بەھۆی ڤاکسینەکان بوە باسی ھەمو جیھان و میدیاو سۆشیال میدیای بەخۆی سەرقال کرد. حەزدەکەم لەم چەند خاڵەدا بەکورتی ڕاستییە زانستییەکان بخەمەڕو و شیکردنەوەیەک بۆ ئەو ڤاکسینانە بکەم، کە لە ئێستاو داھاتودا لە کوردستان بەکاردەھێنرێن .
1-دیارەی خوێن مەیین پێش سەرھەڵدانی کۆرۆناو ڤاکسینەکان ھەر ھەبوەو ئێمەی دکتۆر رۆژانە حاڵەتی خوێن مەیین دەستنیشان و چارەسەر دەکەین، دیارە ئەوەی تێبینی کراوە دوای ڤاکسین کێشەی خوێن مەیین لەھەندێک ئەندامەکانی لەش رویداوە، بەڵام ئەوەی زیاتر باس دەکرێت کێشەی خوێن مەیینی یەکێک لە خوێن ھێنەرەکانی مێشکە، ئەو حاڵەتە پێش کۆرۆناش ھەر ھەبوە، ھەنوکە ئەو ئامارانەی کە لەژێر دەستن وا نیشان دەدەن کە ژمارەی ئەو حاڵەتە لەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتوە، ھەندێک زیاترە بە بەراوردکردن بە دۆخی ئاسایی، ئەمەش لێکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە ئەو دیاردەی خوێن مەیینە پەیوەندی بە ڤاکسینەکان ھەبێت.
2-لە ئەوروپاو ئەمریکا گرنگییەکی یەکجار زۆر بە ئامارەکان دەدرێت، دیارە سەلامەتی دەرمان و ڤاکسین زۆر بەوردی چاودێری دەکرێت. لەئەگەری ھەر کێشەیەکی لاوەکی یاخود مردن بەوردی تۆمار دەکرێت، لەبەرئەوە ئامارەکان جێگای باوەڕی خەڵک و ناوەندە زانستییەکانن. ئەوەی تاکو ئێستا تێبینی کراوە لەھەر ملیۆن کەسێک کە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا وەردەگرن، پێنج کەس توشی خوێن مەیین دەبن لەمێشک. سەرەتا وا نیشاندرا کە ئەم دیاردەیە دەگمەنە تەنھا لە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بونی ھەیە، بەڵام لە چەند رۆژی ڕابردو دەرکەوت ھەمان کێشە لەڤاکسینی فایزەریش تێبینی کراوە بەڕێژەیەکی تۆزێک کەمتر. ھەرچەندە داتای وردو باوەڕپێکراو بۆ ڤاکسینی سینۆفارم بەردەست نییە، بەڵام وا دەردەکەوێت کە کێشەی خوێن مەیین زۆر کەمتر بێت بە بەراوردکردن لەگەڵ ڤاکسینەکانی تر.
3-.دیارە لە ئەگەری رودانی خوێن مەیین، چارەسەری ھەیە، بۆیە رێژەی مردن بەھۆی کێشەی خوێن مەیین بەپێی ئەو ژمێریاریەی لەژێردەستە لە ھەر ملیۆن کەسێک تەنھا یەک کەسە.
4-ڤاکسینەکان کاریگەرن لە کەمکردنەوەی رێژەی توشبون بەو پەتایە بەڕێژەی جیا جیا، بەڵام ئەوەی تێبینی کراوە ھەمو ڤاکسینەکان زۆر کاریگەرن لە کەمکردنەوەی رێژەی توشبون بە توندی بە پەتاکە. وا دەبینرێت ئەو کەسەی کە ڤاکسین وەردەگرێ لە ئەگەری توشبونیش پێویستی بە نەخۆشانە نابێت. ھەرچەندە چەند رۆژێک پێش ئێستا لێکۆڵینەوەیەک لە ئەمریکا وا نیشان ئەدات کە تەنانەت ئەو کەسانەی ڤاکسینیش وەردەگرن بۆی ھەیە بەتوندی توشی پەتاکە ببن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەبێت، بەڵام بە بەروارد لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک کە لە ئەمریکا ڤاکسینیان وەرگرتوە یەکجار کەمە، مردن بەھۆی پەتاکە زۆر دەگمەنە دوای ڤاکسین وەرگرتن .
5-لە ئەمریکا ھەردو ڤاکسینی فایزەرو مۆدێرنا بەکاردەھێنرێت، کەچی لە بەریتانیا بەڕێژەیەکی یەکجار زۆر ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بەکارھاتوە، ھەندێک لە لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا لە کەسانی بەتەمەن کاریگەرترەو بڕێکی زیاتر لە دژەتەن لە خوێنی ئەو کەسانە بینراوە کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتوە بە بەراوردکردن لەگەڵ ڤاکسینی فایزەر، لە راستیدا ڤاکسینی ئەسترازێنیکا زیاتر لەھەر ڤاکسینێکی تر بەکارھاتوە لە سەرانسەری جیھان. تەنانەت رێکخراوی تەندروستی جیھان دەزانێت کە ئەسترازێنیکا رۆڵی سەرەکی دەبێت بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو پەتایە.
رۆژانە ھاوڵاتیانی کوردستان پەیوەندیم پێوە دەکەن، پرسیار دەکەن کام جۆری ڤاکسین باشەو کامیان بەکاربھێنم. لەوەڵامدا دەڵێم ھەمو ڤاکسینەکان باشن و کاریگەرن. کێشەی خوێن مەیین دیاردەیەکی یەکجار کەمە، تەنانەت لەئەگەری رودانیش چارەسەری ھەیە. بۆیە دەبێت ھەر کەسێک لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە ڤاکسینەکان وەربگرێت، چونکە لە چاوەڕوانی ڤاکسینێکی دیاریکراو بۆی ھەیە توشی پەتاکە بیت و لەو کاتانەدا کێشەی خوێن مەیین بەھۆی ڤایرۆسەکە بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ڤاکسینەکان بەراورد ناکرێت.
لەئەگەری ئەوەی کە ھەمو ڤاکسینەکان لەھەمان کاتدا لەبەر دەست بن، دەکرێت ڤاکسینی ئەسترازێنیکا تەرخان بکرێت بۆ کەسانی سەرو تەمەن شەست ساڵی، چونکە دەزانین لەو تەمەنە دیاردەی خوێن مەیین رونادات و ئەگەری ئەوە ھەیە کە ڤاسینەکە کاریگەرتر بێت. ڤاکسینی سینۆفارم بدرێت بە کەسانی خوار چل ساڵی، چونکە وادەبینرێت کە کێشەی خوێن مەیین لەو ڤاکسینە زۆر کەمە. ڤاکسینی فایزەر بدرێت بە کەسانی چل بۆ شەست ساڵ. من خۆم بڕوای تەواوم بە ھەمو ڤاکسینەکان ھەیەو لەو باوەڕەدام کە ھەر جۆری ڤاکسینێک لەبەردەستە دەبێت بەکاربھێنرێت بەتایبەت ئەو کەسانەی ئەگەری بەرکەوتنیان زۆرە یان ھەڵگری نەخۆشین بێ جیاوازی تەمەن.
تا ئێستا زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن ژەمی ڤاکسین دراوە بە خەڵک لە سەرانسەری جیھان، بە تێپەڕبونی کات دەردەکەوێت، کە کێشەی خوێن مەیین دەگمەنەو تا دێت ئەو مەترسییە بەرامبەر ڤاکسینەکان كەمتر دەبێتەوە، دەبێت ئەوەش بوترێت، کە لەمێژوی ڤاکسینەکاندا ھیچ کێشەیەكی تەندروستی لەماوەی درێژ دوای ڤاکسینەکان بەدی نەكراوە، دیارە ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆناش ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڤاکسینەکانی تر نییە، ئەو پڕوپاگەندانەی دەربارەی ڤاکسینی کۆرۆنا دەكرێن، کە لەماوەی درێژخایەندا کێشەی تەندروستی دەنێتەوە، ھیچ بنەمایەکی زانستی نییە. کوردستانیانی خۆشەویست، پێویستە ئێمەی کوردیش وەک نەتەوەکانی تر پێشوازی لە ڤاکسینەکان بکەین و دودڵ نەبین لە ڤاکسین وەرگرتن، جا ئەو ڤاکسینە ھەر جۆرێک بێت .

زۆرترین خوێندراو