خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی جیاده‌بێته‌وه‌

04.05.2021
جەماوەر نیوز
لە دوای 27 ساڵ لە پێکهێنانی ژیانی هاوسه‌رێتی، بیڵ گەیتس، خاوەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و میلیندای هاسه‌ری جیابوونەوە.
بیڵ گەیتس و میلیندا گەیتس لە راگەیێندراوێكی هاوبەشیاندا کە لەتویتەر بڵاویانکردەوە نووسیویانە، "لەدوای بیرکردنەوەیەکی زۆر و کارکردنێكی زۆر لەسەر پەیوەندیی نێوانمان، ئێمە بڕیارماندا بە کۆتاییهێنان بە ژیانی هاوسه‌ریمان."
بیڵ گەیتس و میلیندا سێ منداڵیان هەیە، لە راگەیێندراوەکەیاندا دەڵێن، لە ماوەی 27 ساڵی رابردوو "سێ منداڵی زۆر باشمان پەروەردەکرد و دامەزراوەیەکمان دامەزراند کە لە سەرانسەری جیهان کاردەکات و ژیانی خەڵکی تەندروستر و بە بەرهەمتر دەکات."
ئەو دوو هاسه‌ره‌ لە دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیرییان بەردەوام دەبن لە پێکەوەکارکردن. دەڵێن، "ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوبەشکردنی ئەو باوەڕەمان بەو ئەرکە و کاریشمان لەو دامەزراوەیە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئێمە چیدیکە باوەڕمان نەماوە بتوانین بۆ قۆناغی داهاتووی ژینمان پێکەوە وەک دوو هاوژین بەردەوام بین."
بیڵ گەیتس تەمەن 65 ساڵانە و میلیندا فرێنچ تەمەن 56 ساڵ لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە یەکدییان ناسیوە، ئەو کاتەی کە میلیندا وەک کارمەند چووە نێو کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە؛ لە ساڵی 1994ـەوە ژیانی هاوسه‌ریان پێکهێناوە و لە ساڵی 2000وە دامەزراوەی بێڵ و میلیندا گەیتس دامەزراندووە.

زۆرترین خوێندراو