چۆن بەرگری جەستەی منداڵەکەم باشتر بکەم؟

06.05.2021
جەماوەر نیوز
د زانیار هیوا فەریق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە یەکەم جار دەبێت بزانین، بەرگری جەستە چییە؟
_ ئەو پێستەی کە مرۆڤ هەیەتی یەکێکە لە گرنگترین ئەندامەکانی بەرگری جەستە، پاشان ناوپۆشی دەم و لووت واتا بەربەستە فیزیکییەکان، کۆکە پژمە ئەمانە بەرگرین، ئێستا ماسک بووەتە بەشێک لەوانە.
_ لیکاو لینجاوی لووت و ڕێڕەوی هەناسە ئەمانە بەرگرین.
_ بەکتریا سوودبەخشەکانی جەستە کە بێگوومان بەو بەکارهێنانە هەڕەمەکییەی دەرمانی دژە بەکتریا لە دەستیان دەدەین و دەبێت ووشیار بین و بێ ڕێنمایی زانستیانەی پزیشک بەکارنەهێنرێن.
_ پاشان دێینە سەر ئەو قەڵغانانەی کە هەر لە سەرەتاوە لە جاری یەکەمدا دەبنە پارێزبەند کە ئەوانیش خڕۆکە سپییەکانن، پاشانیش ڕۆڵی سەربازەکانی بەرگری دەست پێ دەکات کە "ئای جییەکانن" بە تایبەتی لە جاری دووەم تووش بوونەوە بە هەمان نەخۆشی پێشووتر یاخوود دوای ڤاکسین وەرگرتن.
کەواتە، رێگاکانی باشکردنی بەرگری جەستە ئەمانەن:
_ ڕاگرتنی پێستێکی تەندرووست و بێ برین و پاک.
_ پاک ڕاگرتنی دەم و ددان.
_ زۆر بەکار نەهێنانی دەرمانی دژە کۆکە.
_ بەستنی ماسک.
_ بەکارنەهێنانی هەڕەمەکی دەرمانی دژە بەکتریا.
_ پێدانی تەنها شیری دایک بە منداڵ لە ٤ بۆ ٦ مانگی سەرەتای تەمەندا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر کەم تووش بوون بە نەخۆشییە پەتاییەکان بەو پێیەی کە بەرگری تێدایە و ڕاستەوخۆ لە دایکەکەوە بۆ منداڵەکە دەڕوات.
_ هەرگیز منداڵەکەت بێ بەش مەکە لە وەرگرتنی پێکوتە بە گوێرەی خشتەی دیاری کراوی منداڵان.
_ بەرگری جەستەش وەک هەر ئەندامێکی تری جەستە پێویستی بە فرەچەشنی خۆراک و خەو و وەرزش و دەروونێکی ئارام و بارێکی کۆمەڵایەتی جێگیر هەیە.

زۆرترین خوێندراو