وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا گه‌یشته‌ عێراق و له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆمار کۆبۆنه‌وه‌

09.06.2021
جەماوەر نیوز
له‌ دیدارێکدا گفتوگۆ  له‌سه‌ر گرنگى به‌هێزکردنى په‌یوه‌ندى دووقۆڵى نێوان عێراق و به‌ریتانیا کرا له‌ سه‌رجه‌م بواره‌کاندا له‌ رێگه‌ى ئه‌و لێکتیگه‌شتنه‌ هاوبه‌شه‌ى که‌ له‌ نیوان هه‌ردوو وڵات واژووکرا ،ئه‌مڕۆ که‌ جه‌ختده‌کاته‌وه‌ له‌گرنگى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کان به‌جۆرێک له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردوو گه‌لى دۆست بێت له‌ بواره‌کانى ئابوورى و رۆشنبیری، که‌ سوودى هه‌یه‌ بۆ هه‌موو ناوچه‌که‌ له‌ چه‌سپاندنى ئاسایش و سه‌قامگیری، هاوکات دووپاتکرایه‌وه‌ له‌ به‌هێزکردنى هه‌ماهه‌نگى بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ى تیرۆر و گه‌نده‌ڵى ئیدارى و دارایى و گێرانه‌وه‌ى پاره‌ و سامانى دزراو و به‌ تاڵانبراوه‌کانى عێراقى بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، هه‌روه‌ها به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاسته‌نگه‌کانى ژینگه‌ په‌یوه‌ست به‌ گۆڕانکارى که‌شوهه‌وا و به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رماى گۆى زه‌وى و ئاڵوگۆڕکردنى شاره‌زایى له‌و بواره‌ گرنگه‌دا که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌موو جیهان ده‌کات.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌دا سه‌رۆک کۆمار جه‌ختیکرده‌وه‌ که‌ عێراق رووه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هاوسه‌نگه‌کان هه‌نگاوده‌نێت له‌سه‌ر بنه‌ماى کارى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانى دۆست له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چه‌سپاندنى ئاسایش و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌که‌ و که‌مکردنه‌وه‌ى بارگرژییه‌کان و پشتیوانیکردن له‌ پته‌وکردنى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ بواره‌کانى ئابوورى و بازرگانى و ته‌ندروستى و ژینگه‌  که‌ سوودى بۆ هه‌مووان هه‌یه‌.

لاى خۆییه‌وه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا پابه‌ندبوونى وڵاته‌که‌ى بۆ پشتیوانیکردن له‌ ئاسایش و سه‌قامگیرى و رۆڵى کاراى عێراق له‌ ناوچه‌که‌ دووپاتکرده‌وه‌، هه‌روه‌ها خواستى وڵاته‌که‌ى بۆ پته‌وکردنى هاوئاهه‌نگى و هاریکارى له‌بواره‌کانى ئابوورى و رۆشنبیرى و پاڵپشتى وه‌به‌رهێنان و بره‌ودان به‌ده‌رفه‌تى گه‌شه‌پێدان و پێشکه‌وتن بۆ عێراق ده‌ربڕی.


زۆرترین خوێندراو