سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا گه‌شته‌که‌ى بۆ ئه‌وروپا ده‌ستپێده‌کات

09.06.2021
جەماوەر نیوز
له‌ یه‌که‌مین گه‌شتیدا بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات جۆو بایدن وه‌ک سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا  واشنتن جێده‌‌هێڵێت و زنجیره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ى حه‌وت و وڵاتانى ئه‌وروپا و هاوپه‌یمانێتى ناتۆدا ئه‌نجام ده‌دات، دواتر چاوى به‌ سه‌رۆکى ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن ده‌که‌وێت.

سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا جۆو بایدن سه‌ره‌تا سه‌ردانى به‌ڕیتانیا ده‌کات و دواتر له‌ ڕۆژى هه‌ینییه‌وه‌ تاوه‌کو ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ به‌شدارى له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ى کۆمه‌ڵه‌ى حه‌وتدا ده‌کات.

بایدن له‌ به‌ریتانیا له‌ قه‌ڵاى ویندسۆر سه‌ردانى شاژنه‌ ئیلیزابێپ ده‌کات، دواتر به‌ره‌و بڕۆکسل ده‌چێت و له‌وێ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتى ناتۆ و یه‌کێتى ئه‌وروپادا کۆده‌بێته‌وه‌، له‌ کۆتاییدا ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوو له‌ جنێڤ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا کۆده‌بێته‌وه‌ و کۆتایى به‌ گه‌شته‌که‌ى ده‌هێنێت.

بایدن له‌ واشنتن پۆست نوسیویه‌تى " ئه‌مه‌ گرنگترین پرسیارى ئه‌م کاته‌یه‌، ئایا هاوپه‌یمانه‌ دیموکراتى و دامه‌زراوه‌کان که‌ ڕۆڵێکى گرنگییان هه‌بووه‌ له‌ سه‌ده‌ى ڕابردوودا ده‌توانن تواناى خۆیان له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانى ئێستادا بسه‌لمێنن؟ بڕوام وایه‌ وه‌ڵامه‌که‌ به‌ڵێیه‌. ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌رفه‌تێکمان ده‌بێت ئه‌وه‌ بسه‌لمێنین."




ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 


زۆرترین خوێندراو