سه‌رۆک کۆمارى عێراق : "پێویسته‌ مافى سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانى که‌رکووک ده‌سته‌به‌ر بکرێت"

09.06.2021
جەماوەر نیوز
د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکۆمارى عێراق  رایگه‌یاند که‌ گرنگه‌ مافى سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانى که‌رکووک دوور له‌ په‌راوێزخستن، جیاکارى و سه‌پاندنى سیاسه‌تى ئه‌مرى واقع ده‌سته‌به‌ر بکرێت.

نووسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ که‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌،د. به‌رهه‌م ساڵح له‌ کۆشکى سه‌لام له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ شاندى که‌سایه‌تییه‌کانى قه‌زاى داقوق و گوندى به‌شیر سه‌ربه‌ پارێزگاى که‌رکووک سه‌باره‌ت به‌ ره‌وش و گوزه‌رانى خه‌ڵکى که‌رکووک کۆبۆته‌وه‌.

به‌پێى راگه‌یه‌نراوه‌که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا له‌وباره‌یه‌وه‌ جه‌ختکراوه‌ته‌وه‌ له‌ گرنگیى به‌هێزکردنى ئاسایش، ئارامى و ئاشتى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌ که‌رکووک، هه‌روه‌ها جه‌ختکراوه‌ته‌وه‌ له‌ پێویستى کۆتایى هێنان به‌ دیارده‌کانى ده‌ستدرێژى و په‌راوێزخستن و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى بۆ کێشه‌کان به‌پێى خواستى هه‌موو پێکهاته‌ ره‌سه‌نه‌کانى که‌رکووک و له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رکۆمارى عێراق، به‌رهه‌م ساڵح وتی: "گرنگه‌ مافى سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانى که‌رکووک دوور له‌ په‌راوێزخستن، جیاکارى و سه‌پاندنى سیاسه‌تى ئه‌مرى واقع ده‌سته‌به‌ر بکرێت".

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌که‌دا ئه‌وه‌یش خراوه‌ته‌ڕوو که‌ لاى خۆیانه‌وه‌ ئه‌ندامانى شانده‌که‌ روونکردنه‌وه‌یه‌کى وردیان سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى قه‌زاى داقوق و گوندى به‌شیر خستووه‌ته‌ڕوو و له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح داواکردووه‌ که‌ کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانى که‌رکووک به‌شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت، هاوکات جه‌ختیکردووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌نزیکه‌وه‌ چاودێرى وردى ره‌وشى که‌رکووک ده‌کات و هه‌وڵه‌کانیشى بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى ئاسته‌نگه‌کان و چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌کان کۆتایى هێنان به‌ نه‌هامه‌تییه‌کانى خه‌ڵکى که‌رکووک ده‌خاته‌گه‌ڕ، به‌جۆرێک ببێته‌ مایه‌ى ده‌سته‌به‌رکردنى پاراستنى ئاسایش و مافى هاووڵاتییان و دابینکردنى پێداویستیى ژیان بۆ خه‌ڵکى که‌رکووک.


زۆرترین خوێندراو