به‌هه‌زاران سه‌رباز و راوێژکارى سه‌ربازیى بیانى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستاندا بونیان هه‌یه‌

10.06.2021
جەماوەر نیوز
 هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى ٢٠٢٠ دا بڕیاریدا هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌ت هێزه‌کانى ئه‌مریکا له‌ عێراق بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڵام هێشتا ئه‌و هێزانه‌ وه‌ک خۆیان ماون و هه‌ندێک له‌ هێزه‌کان باس له‌ زیادبوونى ژماره‌شیان ده‌کرێت.

له‌ عێراقدا له‌ چوارچێوه‌ى دوو هاوپه‌یمانێتیدا هێزه‌ بیانییه‌کان له‌ ئه‌رکدان، په‌یمانى ناتۆ و هاوپه‌یمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش.

له‌ پێش ده‌رچوونى بڕیارى ده‌رکردنى هێزه‌ بیانییه‌کان له‌ عێراق، هێزه‌کانى ناتۆ له‌ عێراقدا ژماره‌یان ٥٠٠ سه‌رباز بوو به‌ڵام سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ بڕیارى زیادکردنى ژماره‌که‌یان درا.

سکرتێرى گشتیى ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ له‌ ١٨ى شوباتى ئه‌مساڵدا رایگه‌یاند ''به‌مه‌به‌ستى پشتیوانیکردنى هێزه‌کانى عێراق له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و به‌رگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش، بڕیارمانداوه‌ ئه‌رکى ناتۆ له‌ عێراق فراوان بکه‌ین، ژماره‌ى کارمه‌ندانمان له‌ ٥٠٠ که‌سه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نینه‌ چوار هه‌زار، چالاکى مه‌شقه‌کانمان زیاتر له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌کانى عێراق و له‌ ناوچه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى به‌غدا ده‌بێت و ئه‌رکى هێزه‌کانمان له‌ عێراق مه‌شق و راهێنان ده‌بێت به‌ هێزه‌ عێراقییه‌کان ''.

په‌یمانى ناتۆ له‌ ئێستادا ٣٠ وڵات تیایدا به‌شداره‌ و هێزیان له‌ ناتۆدا هه‌یه‌، پێکهاتوون له‌ ئه‌مریکا، به‌ریتانیا، تورکیا، ئیسپانیا، سلۆڤینیا، سلۆڤاکیا، رۆمانیا، پورتوگال، پۆڵه‌ندا، نه‌رویج، هۆڵه‌ندا، مه‌کدۆنیاى باکوور، لۆکسمبۆرگ، مۆنتیگرۆ، لیتوانیا، لاتیڤیا، ئیتاڵیا، ئایسلاند، هه‌نگاریا، یۆنان، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، ئیستوانیا، دانیمارک، چیک، کرواتیا، که‌نه‌دا، بوڵگاریا، به‌لجیکا و ئه‌لبانیا.

هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش له‌ رۆژى ١٠ى ئه‌یلوولى ٢٠١٤دا ئه‌مریکا بڕیارى پێکهێنانیدا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و له‌ناوبردنى داعش له‌ هه‌ریه‌ک له‌ عێراق و سووریا.

له‌ رۆژى چوار و پێنجى ئه‌یلولى ٢٠١٤ له‌ کۆبوونه‌وه‌ى لووتکه‌ى ناتۆدا وه‌زیرى ئه‌وکاتى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا، جۆن کیرى بانگهێشتى وڵاتانى ئه‌ندامى هاوپه‌یمانێتییه‌که‌ى کرد بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌کانى داعش، هه‌ر زوو وڵاتانى ئوسترالیا، که‌نه‌دا، دانیمارک، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا و به‌ریتانیا پشتیوانیان بۆ ئه‌مریکا ده‌ربڕى بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌کانى داعش، دواتریش به‌شێکیان له‌ چوارچێوه‌ى ناتۆ به‌شداربوون و به‌شێکیشیان هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعشیان پێکهێنا که‌ تاوه‌کو ئێستا ئه‌مریکا سه‌رکردایه‌تى ده‌کات.

هێزه‌کانى ئه‌مریکا وه‌ک سه‌رکرده‌ و پێکهێنه‌رى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش ده‌ستپێشخه‌ربوون له‌ وه‌شاندنى گورزى سه‌ربازیى له‌ تیرۆرستانى داعش، له‌ شه‌ڕى دژ به‌و رێکخراوه‌دا به‌ هێزى سه‌ربازیى شه‌ڕکه‌ێ‌ هه‌م به‌ فڕۆکه‌ى جه‌نگى و هه‌میش به‌ هاوکارى لۆجستى و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى و هاوکارى مرۆیش بۆ هاووڵاتییانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌ شه‌ڕه‌که‌دا به‌شداربوون.

هێزه‌ ئه‌مریکییه‌کان به‌پێى داتا راگه‌یه‌ندراوه‌کانى خۆیان له‌ سه‌ره‌تادا پێنج هه‌زار سه‌ربازبوون، به‌ڵام دواتر به‌ بڕیارێکى سه‌رۆکى پێشووى ئه‌مریکا، دۆناڵد تره‌مپ ژماره‌ى هێزه‌کانیان که‌مکرایه‌وه‌ بۆ دوو هه‌زار و ٥٠٠ سه‌رباز.

ئه‌م هێزانه‌ له‌ چه‌ند بنکه‌یه‌کى سه‌ره‌کى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان جێگیرکراون، بنکه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ ئه‌نبار و بنکه‌ى سه‌ربازیى ڤیکتۆریا له‌ فرۆکه‌خانه‌ى به‌غدا سه‌ره‌کیترینیانن به‌ڵام له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر و بنکه‌ى سه‌ربازیى هه‌ریر و چه‌ندین بنکه‌ى دیکه‌ى لاوه‌کیش هێزى ئه‌مریکى جێگیر کراوه‌.

جگه‌ له‌ ئه‌مریکا هێزه‌کانى دیکه‌ى نێو هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش که‌ به‌شى زۆریان مه‌شقپێکه‌ر و راهێنه‌ر و راوێژکارانى سه‌ربازین، نێردراوى وڵاتانى دیکه‌ى ئه‌ندامن له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌که‌دا، هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ى ورد و دروستییان به‌ ته‌واوى دیار نییه‌ به‌ڵام هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن ژماره‌یان به‌فه‌رمى زیاد ده‌کرێت بۆ پێنج هه‌زار که‌س له‌ سه‌رباز و راهێنه‌ر و راوێژکارانى سه‌ربازی.

فه‌ره‌نسا: له‌ سه‌ره‌تاى پێکهێنانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش، فه‌ره‌نسا یه‌که‌مین وڵات بوو که‌ پشتیوانى بۆ ئه‌مریکا ده‌ربڕى و له‌ ١٩ى ئه‌یلوولى ٢٠١٤دا یه‌که‌مین هێرشى بۆسه‌ر تیرۆرستانى داعش ئه‌نجامدا، دواتریش فه‌ره‌نسا به‌ هێزى مه‌یدانى هه‌م به‌ مه‌شقپێکه‌ر و راهێنه‌ر و راوێژکارى سه‌ربازیی، هه‌میش به‌ هاوکارى لۆجستى و سه‌ربازیى و مرۆیى له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌که‌دا به‌شداربوو.

به‌پێى داتاى فه‌رمى سوپاى فه‌ره‌نسا، ٢٠٠ سه‌رباز و راهێنه‌ر و مه‌شقپێکه‌رى له‌ عێراقدا جێگیرکردووه‌ که‌ ١٦٠یان راوێژکار و راهێنه‌رن.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ مانگى ئادارى ٢٠٢٠دا به‌پێى راگه‌یاندراوێکى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌رکانى سوپاى فه‌ره‌نسا ئه‌و وڵاته‌ بڕیاریدابوو هێزه‌کانى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان بکشێنێته‌وه‌ و دواتریش گوته‌بێژى ئه‌وکاتى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌کداره‌کانى عێراق رایگه‌یاند "ئه‌و هێزانه‌ى فه‌ره‌نسا که‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش له‌ عێراقدا بوون، به‌ ته‌واوى کشانه‌وه‌ و بنکه‌ى سه‌ربازیى ئاسمانى قائیم-یان راده‌ستى هێزه‌کانى عێراق کرده‌وه‌" به‌ڵام هێزه‌کانى فه‌ره‌نسا تاوه‌کو ئێستاش رۆڵێکى کاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش و له‌ دواهه‌مین ئۆپه‌راسیۆنى پێشمه‌رگه‌ش له‌ سنوورى گه‌رمیان هێزى زه‌مینى و ئاسمانى فه‌ره‌نسا له‌ راوه‌دوونانى پاشماوه‌کانى داعشدا به‌شداربوون.

به‌ریتانیا: هێزێکى دیکه‌ى کاریگه‌ر له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان، به‌ریتانیا له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ردوو هاوپه‌یمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش و ناتۆدا هێزى له‌ عێراقدا هه‌یه‌، هێزه‌کانى به‌ریتانیا چ وه‌ک هێزى شه‌ڕکه‌ر چ وه‌ک راوێژکارى سه‌ربازیى و راهێنه‌ر و مه‌شقپێکه‌ر، مه‌شق به‌ سه‌ربازانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن چ وه‌ک هاوکارى مرۆیى بۆ ئاواره‌کان و قوربانییانى جه‌نگ به‌شدار بوون.

رۆژى ١٨ى شوباتى ئه‌مساڵ ، وه‌زیرى به‌رگریى به‌ریتانیا، بێن واڵاس رایگه‌یاند، چالاکییه‌کانیان له‌ عێراق زیادده‌که‌ن، له‌ ساڵى ٢٠٠٣ه‌وه‌ تاوه‌کو ئێستا ١٧٩ سه‌رباز و ئه‌ندامى سوپاى به‌ریتانیا له‌ عێراقدا کوژراون.

به‌پێى داتاى فه‌رمى راگه‌یه‌ندراو، به‌ریتانیا ١٠٠ سه‌ربازى له‌ عێراقدا هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موو سه‌رچاوه‌ نا فه‌رمییه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن ژماره‌ى سه‌ربازان و راوێژکارانى به‌ریتانیا له‌ عێراق زۆر له‌و ژماره‌یه‌ زیاتره‌، دواى ئه‌وه‌ش که‌ ناتۆ بڕیاریدا هێزه‌کانى له‌ ٥٠٠ راوێژکارى سه‌ربازییه‌وه‌ بۆ چوار هه‌زار سه‌رباز و راوێژکارى سه‌ربازیى له‌ عێراق زیادبکات، حکوومه‌تى به‌ریتانیاش رایگه‌یاند، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ژماره‌یه‌کى زیاترى سه‌رباز و راوێژکارى سه‌ربازیى ره‌وانه‌ى عێراق ده‌که‌ن.

ئه‌ڵمانیا: هێزێکى دیکه‌ى گه‌وره‌ى نێو هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعشه‌، له‌ سه‌ره‌تاى شه‌ڕى دژ به‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌وه‌ به‌شداره‌ و جگه‌ له‌ به‌شدارى سه‌ربازه‌کانى ئه‌رکى سه‌ره‌کى راهێنان بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌کان و تاوه‌کو ئێستاش له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌رکه‌ى چ له‌ عێراق چ له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وامه‌، ئه‌ڵمانیا هاوکارییه‌کى گه‌وره‌ى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراقى کردووه‌ له‌ دابینکردنى چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى نوێ و دیارترین چه‌کیش که‌ ئێستا له‌ ده‌ستى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌کاندایه‌ میلان بوو.

به‌پێى داتا نافه‌رمییه‌کان ئه‌ڵمانیا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش ٥٠٠ سه‌رباز و راوێژکارى سه‌ربازیى له‌ عیراقدا هه‌یه‌.

له‌کۆتایى مانگى تشرینى یه‌که‌مى ساڵى ٢٠٢٠دا په‌رله‌مانى ئه‌و وڵاته‌ مانه‌وه‌ى هێزه‌کانى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و ٤٣١ په‌رله‌مانتار ده‌نگیان به‌ مانه‌وه‌ى هێزه‌کانیان دا له‌ عێراق و ٢٠٩ په‌رله‌مانتاریش دژى بوون، به‌مه‌ش مانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان بۆ ١٥ مانگ درێژکرایه‌وه‌ و تاوه‌کو ٣١ى کانوونى دووه‌مى ٢٠٢٢ ده‌مێننه‌وه‌.

هۆڵه‌ندا: یه‌کێکى دیکه‌یه‌ له‌ هێزه‌ به‌شداره‌کان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان، هێزه‌کانى هۆڵه‌ندا له‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش و هێزه‌کانى ناتۆشدا به‌شدارن و له‌ کۆتاییه‌کانى ساڵى ٢٠١٩شدا وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌ بڕیاریدا تاوه‌کو کۆتایى ساڵى ٢٠٢١ هێزه‌کانیان له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ردوو هاوپه‌یمانێتییه‌که‌دا له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان بمێننه‌وه‌ که‌ رۆڵیان مه‌شق پێکردن و راهێنانى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌کانه‌.

هۆڵه‌ندا پێشتر ٦٠ سه‌ربازى له‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش و ٢٠ سه‌ربازیشى له‌ ناتۆ له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستاندا هه‌بوو، که‌ ئه‌رکیان راهێنان و مه‌شقپێکردنى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌کانه‌ له‌سه‌ر چه‌ند ته‌کنیکێکى شه‌ێ‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ که‌ به‌پێى داتاکانیان له‌ سالى ٢٠١٥ه‌وه‌ مه‌شقیان به‌ نزیکه‌ى ١٠٠ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ و سه‌ربازى عێراقى کردووه‌.

له‌دواى هێرشه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر، له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى ٢٠٢٠ دا، حکوومه‌تى هۆڵه‌ندا بڕیاریدا ١٥٠ سه‌ربازى دیکه‌ى بنێرێته‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ پاراستنى فرۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر، ئه‌رکى سه‌ره‌کى ئه‌م سه‌ربازه‌ نوێیانه‌ش پاراستنى بنکه‌ سه‌ربازییه‌کان و پێدانى راوێژى سه‌ربازى و راهێنانه‌ به‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌.

ئیتاڵیا: زۆرینه‌ى سه‌رچاوه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن هێزه‌کانى ئیتاڵیا له‌رووى ژماره‌وه‌ له‌دواى ئه‌مریکا دووه‌م گه‌وره‌ترین هێزى بیانین له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان، رۆڵى سه‌ربازانى ئیتاڵیا مه‌شقپێکردن و راهێنان و فێردکردنى ته‌کنیکى نوێى شه‌ێ‌ بوو به‌ هێزه‌کانى پیشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق.

به‌پێى لێدوانێکى پێشترى نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ ئیتاڵیا، بۆ میدیا ناوخۆییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، له‌ ساڵى ٢٠١٧دا ئیتاڵیا ٨٠٠ سه‌رباز و راهێنه‌ر و مه‌شقپێکارى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان هه‌بوو.

ئه‌رکى سه‌ره‌کى هێزه‌کانى ئیتاڵیا زیاتر راوێژى سه‌ربازى و راهێنان و کردنه‌وه‌ى بنکه‌ى مه‌شق بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ شه‌ڕه‌کاندا رۆڵى رێکخه‌ر و زانیارى پێده‌ر ده‌بینن به‌ هێزه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کان و راوێژى سه‌ربازییان پێده‌ده‌ن له‌ڕێى شاره‌زایانى سه‌ربازیى خۆیان هه‌م پلانى شه‌ڕکردن و هه‌م زانیارى هه‌واڵگریى ده‌ده‌ن به‌ هێزه‌ شه‌ڕکه‌ره‌ مه‌یدانى و ئاسمانییه‌کان.

له‌ ئۆپه‌راسیۆنێکى هاوبه‌شى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و هێزى دژه‌ تیرۆرى عێراقیشدا له‌ سنوورى کفرى که‌ رۆژى ٦ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چوو، ئیتاڵیا وه‌ک زانیارى پێده‌ر و رێکخه‌ر له‌ شه‌ره‌که‌دا به‌شداربوون.

به‌لجیکا: له‌سه‌ره‌تاى شه‌ڕى داعش له‌نێو هاوپه‌یمانى دژبه‌ داعش به‌ هێزى ئاسمانى له‌ڕێگاى شه‌ش فرۆکه‌ى F16 به‌شداریى له‌ شه‌ڕه‌که‌دا کرد، دواتریش وه‌ک هه‌نگاوى یه‌که‌م له‌ شوباتى ٢٠١٥دا حکوومه‌تى ئه‌و وڵاته‌ بڕیاریدا ٣٥ سه‌رباز و راهێنه‌ر بنێرێته‌ عێراق بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ که‌ ٢٠یان راهێنه‌ر و راوێژکارى سه‌ربازیى بوون بۆ راهێنان به‌ هێزه‌ عێراقییه‌کان و ١٥شیان وه‌ک سه‌رباز بۆ پاسه‌وانى له‌و راهێنه‌رانه‌ هاتبوونه‌ عیراق.

له‌و کاته‌وه‌ تاوه‌کو ئێستا هێزى به‌لجیکا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش له‌ عێراقدا هه‌ن و ئه‌رکى سه‌ره‌کیشیان راهێنان و مه‌شقپێکردنى سه‌ربازانى عێراقییه‌.

دانیمارک: له‌ مانگى نیسانى ساڵى ٢٠١٤دا بڕیاریدا بۆ به‌شداریى له‌ شه‌ڕى دژبه‌ داعش حه‌وت فرۆکه‌ى جۆرى F16 ره‌وانه‌ى عێراق بکات بۆ بۆردومانکردنى مۆڵگه‌ و پێگه‌کانى داعش، جگه‌ له‌وه‌ش ژماره‌یه‌ک سه‌رباز و راهێنه‌رى نارده‌ عێراق بۆ هاوکاریکردن و راهێنان به‌ هێزه‌ عێراقییه‌کان.

له‌ماوه‌ى مانه‌وه‌ى ئه‌و هێزه‌ى دانیمارک له‌ عێراق جگه‌ له‌ مه‌شق و راهێنان له‌ چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆن و پرۆسه‌ى سه‌ربازى مه‌یدانى و ئاسمانیى دژبه‌ داعشدا به‌شداربوون.

شوێنى مانه‌وه‌ى هێزه‌کانى دانیمارک له‌ عێراق بنکه‌ى سه‌ربازیى عه‌ین ئه‌سه‌ده‌ له‌ پارێزگاى ئه‌نبار، له‌دواى کوشتنى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودس سه‌ربه‌ سوپاى پاسدارانى ئێران، قاسم سوله‌یمانى له‌ سه‌ره‌تاى کانوونى دووه‌مى ٢٠٢٠دا، دانیمارک سه‌رجه‌م چالاکییه‌کانى له‌ عێراقدا راگرت و له‌دواى هێرشه‌ مووشه‌کییه‌که‌ى ئێرانیش بۆسه‌ر بنکه‌که‌، له‌پێناو پاراستنى گیانیان سه‌رجه‌م سه‌ربازانى دانیمارک گواسترانه‌وه‌ بۆ کوێت که‌ ژماره‌یان ١٣٠ سه‌رباز بوون.

وه‌زیرى به‌رگریى دانیمارک، ترین برامسن رۆژى ١٧ى شوباتى ٢٠٢٠ له‌ لێدوانیکى رۆژنامه‌وانییدا رایگه‌یاند "مانگى رابردوو ژماره‌یه‌ک له‌ هێزه‌کانمان له‌ ترسى دۆخى ئه‌منى گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ کوێت، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوه‌وه‌ ده‌ست به‌ هێنانه‌وه‌یان ده‌کرێت بۆ شوێنى خۆیان له‌ بنکه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌د".

ئیسپانیا: له‌ ساڵى ٢٠١٥ه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ سوپاى پرتوگال بنکه‌ى مه‌شق و راهێنانیان کرده‌وه‌ و راهێنانیان به‌ زیاتر له‌ ٥٠ هه‌زار سه‌رباز و پۆلیسى فیدراڵى عێراق کردووه‌.

هێزه‌کانى ئیسپانیا له‌ عێراق نزیکه‌ى ٣٢٠ سه‌ربازن، ٢٤٠ سه‌رباز و راوێژکار و راهێنه‌ریان ئه‌رکى راهێنان و مه‌شقپێکردنى سه‌ربازانى عێراق بووه‌ و ٨٠ که‌سیشیان له‌ بنکه‌ى سه‌ربازیى تاجى ده‌مێننه‌وه‌ که‌ سه‌ربه‌ هێزى ئاسمانى ئیسپانیان و ئه‌رکیان ئه‌نجامدانى هێرشه‌ ئاسمانییه‌کان بوو له‌ عێراقدا.

نه‌رویج: له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپێکردنى شه‌رى دژبه‌ داعش له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش به‌ پێنج یه‌که‌ى سه‌ربازیى به‌شداریکرد که‌ ئه‌رکیان چاودێریکردن و راهێنان بوو به‌ هێزه‌کانى عێراق و هێزى پیشمه‌رگه‌، ژماره‌ى سه‌ربازانى نه‌رویج به‌ راهێنه‌ر و مه‌شقپێکه‌رانه‌وه‌ له‌ عێراق له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش ٧٠ که‌سن و ئه‌رکى سه‌ره‌کیشیان راهێنان و مه‌شقپێکردنى هێزه‌ عێراقییه‌کان و پیشمه‌رگه‌ و به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیاراییان بوو.

هه‌نگاریا: زیاتر له‌ ٢٠٠ سه‌رباز و راوێژکار و راهێنه‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه‌، ئه‌رکى سه‌ره‌کییان راهێنان و مه‌شقپێکردنى هێزه‌کانى پیشمه‌رگه‌یه‌ و تاوه‌کو ئێستا چه‌ندین خولى راهێنان و مه‌شقپێکردنى چڕییان بۆ هێزه‌کانى پیشمه‌رگه‌ کردووه‌ته‌وه‌.

هه‌نگاریا تاوه‌کو ئێستا زیاتر له‌ ٢٥٠ تۆن که‌ره‌سته‌ و چه‌ک و پێداویستى سه‌ربازیى پێشکه‌شى وه‌زاره‌تى پیشمه‌رگه‌ى هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ و به‌شى زۆرى ئه‌و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ش راسته‌وخۆ دراوه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌.

که‌نه‌دا: له‌ سه‌ره‌تاکانى ده‌ستپێکردنى شه‌رى دژبه‌ تیرۆر له‌ چوارچێوه‌ى هێزه‌کانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش و ناتۆ ٦٩ سه‌ربازى تایبه‌تى نارده‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ راهێنان به‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و شه‌ش فرۆکه‌ى F16شى له‌ کوێت جێگیرکرد بۆ لێدان له‌ مۆڵگه‌ و پێگه‌کانى داعش.

هێزه‌کانى که‌نه‌دا له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان تاوه‌کو سه‌ره‌تاى ساڵى ٢٠٢٠ گه‌یشته‌ ٤٠٠ سه‌رباز و راهێنه‌ر، به‌ڵام به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا و وه‌ستانى یه‌که‌کانى مه‌شق و راهێنان که‌نه‌دا به‌شى زۆرى سه‌ربازه‌کانى کشانده‌وه‌ و ته‌نیا ١٠٠ سه‌ربازى له‌ چوارچێوه‌ى هێزه‌کانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش هێشته‌وه‌.

به‌پێى راپۆرتى هه‌ندێک له‌ میدیا جیهانییه‌کان په‌یمانى ناتۆ دواى بڕیارى زیادکردنى ژماره‌ى سه‌ربازه‌کانى له‌ عێراق، فشارى له‌ که‌نه‌دا کردووه‌ بۆ دووباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ٢٠٠ سه‌ربازى ئه‌و وڵاته‌ بۆ عێراق له‌ چوارچێوه‌ى هێزه‌کانى ناتۆدا.

ئوستڕالیا: له‌ سه‌ره‌تاى بڕیاردان بۆ پێکهێنانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش بڕیاریدا ببێت به‌ به‌شێک له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌که‌، له‌ کۆتاییه‌کانى ساڵى ٢٠١٤ه‌وه‌ ئوستڕالیا ئاماده‌کاریى بۆ به‌شداریکردن له‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش کرد و ٦٠٠ سه‌ربازى خۆى نارده‌ ئیمارات بۆئه‌وه‌ى له‌ کاتى پێویستدا ره‌وانه‌ى عێراق و هه‌رێمى کوردستان بکرێن.

جگه‌ له‌وه‌ش له‌و یه‌که‌ سه‌ربازییه‌، هه‌شت فڕۆکه‌ى جۆرى "سوپه‌ر هۆرێنت" و فڕۆکه‌یه‌کى رادار و فڕۆکه‌یه‌کى دابینکه‌رى سووته‌مه‌نى فڕۆکه‌کانى جێگیرکرد، دواتریش هه‌موویان له‌ شه‌ڕه‌کاندا به‌کارهاتن.

هێزه‌کانى ئوستڕالیا له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان زیاتر ئه‌رکیان مه‌شقپێکردن و راهێنانى سه‌ربازانى عێراق و پێشمه‌رگه‌ بوو له‌سه‌ر ته‌کنیکى نوێى شه‌ڕکردن و راهێنانیان له‌سه‌ر چه‌که‌ نوێکان.

هه‌ریه‌ک له‌ وڵاتانى یۆنان، نه‌مسا و پۆلۆنیا و چه‌ند وڵاتێکى دیکه‌ به‌ هاوکارى مرۆیى و راهێنانى سه‌ربازیى به‌شداربوون له‌ هاوکارى عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش.

له‌ وڵاتانى ئاسیا، ژاپۆن، کۆریاى باشوور، تایوان و سه‌نگاپوور به‌ هاوکارى مرۆیى هاوکارى عێراق و هه‌رێمى کوردستانیان کرد.

له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بیش سعوودییه‌ رۆڵێکى گرنگى گێڕا له‌ هاوکاریکردنى هێزه‌کانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ داعش، سعوودیه‌ خاک و ئاسمانى وڵاته‌که‌ى به‌رووى هێزه‌کانى هاوپه‌یماناندا کرده‌وه‌ وه‌ک بنکه‌یه‌کى زه‌مینى بۆ لێدان له‌ داعش، جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ند فرۆکه‌یه‌کى سعوودى له‌ هێرشه‌کاندا به‌شداربوون، هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ باس له‌ بوونى هێزى سعوودیش ده‌که‌ن له‌ خاکى عێراقدا.

جگه‌ له‌ سعوودیه‌ هه‌ریه‌ک له‌ وڵاتانى ئیمارات، به‌حرێن، قه‌ته‌ر، میسر و ئوردن له‌ هاوکاریکردنى هاوپه‌یمانییه‌که‌دا به‌شداربوون.







ئانادۆڵ 


زۆرترین خوێندراو