پڕۆژه‌ى ١٠٠ مه‌ترى سلێمانى.. پڕۆژه‌یه‌کى ستراتیژى له‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانى پارێزگاکه‌

15.06.2021
جەماوەر نیوز
پڕۆژه‌ى شه‌قامى ١٠٠ مه‌ترى سلێمانى که‌ له‌ ساڵى ٢٠١٢ى زایینى دیزاینى بۆ کراوه‌ و یه‌کێکه‌ له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌کانى شارى سلێمانى و ده‌بێته‌ سێ به‌ش: به‌شى یه‌که‌م به‌ پانى ١٠٠ م  و درێژى ٣٢ کیلۆمه‌تر، له‌ شارۆچکه‌ى تاسڵووجه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات و به‌ به‌رى شاخى گڵه‌زه‌رده‌ به‌ دابان تێده‌په‌ڕێت تا ده‌گاته‌ تانجه‌رۆ و له‌وێشه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ‌ ده‌مرکان تا ده‌گاته‌وه‌ سه‌ر ڕێگه‌ى سلێمانى ـ عه‌ربه‌ت.

ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ که‌ تا ئێستا‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ٤٠٠ ملیار دینارى بۆ ته‌رخان کردووه‌، له‌ لایه‌ن گرووپى کۆمپانیاکانى قه‌یوانه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت و ١١٠٠ ڕۆژى پێ ده‌چێت و کار کردن لێى به‌رده‌وامه‌.
 
دابینکردنى هه‌لى کار:
به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌که‌ باسى له‌وه‌ کرد که‌ زیاتر له‌ ٦٠٠٠ ئامێر به‌ ١٠٠٠ ده‌ستى کار به‌ شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌ نێو پڕۆژه‌که‌ کار ده‌که‌ن و ئێستا کاره‌کانى بڕین و پڕکردنه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتوو ئه‌نجام ده‌درێ و‌ بڕێکى زۆرى کارى کۆنکرێته‌که‌ى کراوه‌ و کار له‌ سه‌رجه‌م پرد و یه‌کتربڕینه‌کانى ناو پرده‌کان ده‌کرێت.
 
قه‌باره‌ى پڕۆژه‌که‌:
پڕۆژه‌ى شه‌قامى ١٠٠ مه‌ترى سلێمانى، پێنج ئه‌نده‌رپاس و چوار یه‌کتربێ‌ و سێ پردى په‌پووله‌یى له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها پردێکى دیکه‌ى گه‌وره‌ى له‌ خۆ گرتووه‌، که‌ درێژییه‌که‌ى ٥٠٠ مه‌تره‌ و ده‌که‌وێته‌ سه‌ر چه‌مى تانجه‌رۆ و له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیک کاره‌کانى ته‌واو ده‌بن.
پڕۆژه‌که‌ ژماره‌یه‌ک کارگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت که‌ پێک هاتوون‌ له‌ کارگه‌ى به‌ردى شکاو که‌ بۆ ڕاخستنى ژێر قیێ‌ به‌ کار دێت له‌گه‌ڵ کارگه‌ى قیر و کارگه‌ى به‌رده‌ر که‌ بۆ دامه‌زراندنى پرده‌کان‌ به‌ کار دێت و‌ ئێستا به‌شێکیان دامه‌زراون و کارى به‌رده‌وامیشیان تیدا ده‌کرێ.
 
به‌شه‌کانى پڕۆژه‌که‌:
پڕۆژه‌ى شه‌قامى ١٠٠ مه‌ترى سلێمانى له‌ شێوه‌ى کار و جێبه‌جێکردنى له‌ چه‌ندین به‌ش پێک دێت که‌ بریتین له‌:
به‌شى یه‌که‌مى: حه‌وت ئه‌نته‌رچێنچ له‌ خۆ ده‌گرێت که‌ هه‌ر یه‌کێکیان به‌ شه‌قامێکى ٣٠ مه‌ترى یان ٦٠ مه‌ترى به‌ شه‌قامه‌کانى تاسڵووجه‌ ـ سلێمانی، شه‌قامى مه‌لیک مه‌حموود و شه‌قامى عه‌ربه‌ت ـ سلێمانى ده‌یبه‌ستێته‌وه‌.
ـ له‌ نزیک کێله‌سپى واته‌ له‌ نزیک فڕۆخانه‌وه‌ ئه‌م شه‌قامه‌ به‌ شه‌قامى تاسڵووجه‌ ـ سلێمانى ده‌گات. 
ـ شه‌قامى دووه‌م بریتییه‌ له‌ شه‌قامى ١٠٠ مه‌تری به‌ به‌کره‌جۆ ده‌یبه‌ستێته‌وه‌ و ده‌گاته‌وه‌ ناو ماجیدى مۆڵ.
ـ شه‌قامى سێیه‌میش ده‌یبه‌ستێته‌وه‌ به‌ لاى کورسى و به‌ شه‌قامى مه‌لیک مه‌حموود ده‌یبه‌ستێته‌وه‌. 
ـ شه‌قامى چواره‌م هه‌ر شه‌قامى تانجه‌رۆ ـ سلێمانییه‌ به‌ فولکه‌ى قه‌ره‌داغ ده‌یبه‌ستێته‌وه‌. شه‌قامێکى ٦٠ مه‌تریش هه‌یه‌، که‌ ڕێگه‌ى عه‌ره‌به‌ت به‌ شه‌قامى ١٠٠ مه‌ترى سلێمانى ده‌به‌ستێته‌وه‌. یه‌کتربڕى کۆتاییش خراوه‌ته‌ سه‌ر ڕێگه‌ى عه‌ره‌به‌ت ـ سلێمانى بۆ ئه‌وه‌ى ئۆتۆمبێله‌کانى به‌ ئاسانى بتوانن بگه‌نه‌ سه‌ر شه‌قامى ١٠٠ مه‌تری.

هه‌ر له‌ به‌شى یه‌که‌مى شه‌قامه‌که‌دا له‌ ڕۆدى (C) پێنج ئه‌نده‌رپاس دروست کراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ مه‌به‌ستى پێکه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ى گونده‌کانى به‌رى خواره‌وه‌ى شه‌قامه‌که‌یه‌‌ و جووتیاران کارى کشتوکاڵى تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆیه‌ له‌ هه‌ندێک شوێندا شه‌قامه‌که‌ شه‌قامێکى ئێکسپرێسۆیه‌ و سیاج ده‌کرێت و هیچ که‌س و ئۆتۆمبێلێک ناتوانێ به‌سه‌ریدا بپه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ بۆ خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ به‌ گشتى و جووتیاره‌کان به‌ تایبه‌تى پێنج ئه‌نده‌رپاسه‌ دروست کراوه‌. به‌ هۆى ئه‌وه‌ى شه‌قامه‌که‌ به‌شێکى که‌وتووه‌ته‌ لاى چیاى دابان، بۆیه‌ ٦٨ قه‌نته‌ره‌ به‌ قه‌باره‌ى جیاواز و چاوى جیاواز دروست ده‌کرێت.

به‌شى دووه‌م: شه‌قامه‌که‌ له‌ کۆتاییدا ده‌خرێته‌ سه‌ر ڕێگه‌ى عه‌ربه‌ت به‌ شه‌قامێکى ٦٠ مه‌ترى ده‌ڕواته‌ بنارى شاخى گۆیژه‌ و‌ له‌وێیشه‌وه‌ ده‌ڕوات تا ده‌گاته‌ دۆڵى میران، واته‌ لاى گۆیژه‌ ستى سێ، پاشان ئه‌و شه‌قامه‌ گۆڕانکارى تیدا ده‌کرێ تا ده‌گاته‌ تونێلى پێشڕه‌و ـ سلێمانی. هه‌روه‌ها ئه‌م شه‌قامه‌یش به‌ شه‌قامى ٦٠ مه‌ترى به‌ستراوه‌ته‌وه‌، واته‌ به‌ شه‌قامى عه‌ره‌به‌ت ـ سلێمانى و شه‌قامى مه‌لیک مه‌حموود به‌ستراوه‌ته‌وه‌. 

به‌شى سێیه‌م: شه‌قامه‌که‌ له‌ ڕێگه‌ى دوکان ـ سلێمانى ده‌ست پێ ده‌کات و به‌ شه‌قامێکى ١٠٠ مه‌ترى له‌ نزیک گوندى مه‌لا داوود به‌ پشت قوله‌ره‌یس ده‌ڕوات تا ده‌گاته‌ ڕێگه‌ى مێرگه‌پان که‌ له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگه‌یه‌ ئه‌نته‌رچێنگى گه‌وره‌ دروست کراوه‌، که‌ هه‌موو ئه‌و شه‌قامانه‌یش به‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى وه‌کوو تاسڵووجه‌ ـ سلێمانى و شه‌قامى مه‌لیک مه‌حموود به‌ستراونه‌ته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پڕۆژه‌یه‌کى ته‌واوى کارگێڕییه‌‌ و له‌ هه‌ر شوێنێک شوفێر بییه‌وى ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو شار و به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ له‌ ناو شاریش ده‌توانێ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌. 

به‌شى یه‌که‌م که‌ له‌ ئێسته‌دا کارى جێبه‌جێکردنى بۆ ئه‌نجام ده‌درێ و به‌شى ڕۆدى (C)یه‌ و سوودێکى زۆرى ده‌بێ، چونکه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى له‌ که‌لار، ده‌ربه‌ندیخان و پێنجوین بار ده‌هێننن بۆ که‌رکووک، هه‌ولێر و ده‌ڤه‌رى ڕاپه‌ڕین، ئێستا‌ به‌ ناو شار و به‌ سه‌ر شه‌قامى مه‌لیک مه‌حمووددا ده‌ڕۆن و دواتر ده‌چنه‌ سه‌ر ڕێگه‌ى تاسڵووجه‌ ـ سلێمانی، قه‌ره‌باڵغى و جه‌نجاڵییه‌کى زۆر دروست ده‌که‌ن، که‌ بووه‌ته‌ هۆى ناڕه‌زایه‌تى خه‌ڵک و کێشه‌ى زۆرى بۆ هاتووچۆ دروست کردووه‌، به‌ڵام به‌ ته‌واوکردنى شه‌قامه‌که‌ هه‌موو شوفێره‌کان ده‌چنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌که‌ له‌ برى ئه‌وه‌ى به‌ کاتژمێر و نیوێک ڕێگه‌که‌ ببڕن، ئه‌و کات به‌ ماوه‌ى ٢٠ خوله‌ک ده‌گه‌نه‌ ڕێگه‌ى تاسلووجه‌ ـ سلێمانى و له‌وێیشه‌وه‌ دابه‌ش ده‌بن یان ده‌چن بۆ که‌رکووک، یان بۆ هه‌ولێر یان بۆ دوکان و ده‌ڤه‌رى ڕاپه‌ڕین. هه‌روه‌ها ئه‌م به‌شه‌ى شه‌قامه‌که‌ شێوه‌یه‌کى جوان و شارستانى به‌ شارى سلێمانى ده‌به‌خشێت.