ڕێژەی مردن لەنێو ئەوانەدا کە ڤاکسینیان وەرگرتووە زۆر کەمە

03.08.2021
جەماوەر نیوز
رێژەی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەمریکا لە رۆژی دووشەممەوە 2ى ئابی 2021 گەیشتووەتە 70٪ـی هەموو پێگەیشتووانی ئەمریکا، ئەمەش یەکێک بوو لە پلانەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
گەیشتن بەو خاڵە، هیوایەکی گەورەی بۆ ئەمریکییەکان دروستکردووە، بەتایبەت کاتێک کەسێکی وەک دکتۆر فاوچی، راوێژکاری پزیشكیی کۆشکی سپی، پێیوایە "ڤاکسین زۆر کاریگەرە و تەنانەت دەتوانێت بەرگەی جۆرە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسەکە بگرێت بە جۆری گۆڕاوی دەلتاشەوە."
فاوچی دەشڵێت، "رێژەی مردن بە ڤایرۆسەکە لەنێو ئەوانەدا کە ڤاکسینیان وەرگرتووە، هێندە کەمە لەنێو 10 هەزاردا کەمتر لە یەک کەس دەمرێت یان نیشانەی قورسی دەبێت."
ئەو پزیشکە پسپۆڕە باسی لەوەشکرد، "کاتێک سەیری ئاماری تووشبوون دەکەیت، هەندێکجار نیشانەی ئاسایی و نیشانەی قورس دەردەکەون. تاوەکو 26ـی مانگی رابردوو بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەستمان، 6587 کەس نیشانەی قورس یان مردن هەبوون، لەنێو 163 ملیۆن کەسدا کە ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەمەش واتە رێژەی مردن لەنێو ئەواندا زۆر کەمە و تەنیا دەگاتە ٪0.0 یان کەمتریش."
کاریگەریی ڤاکسین بۆ کەمکردنەوەی مردن و نیشانەی قورس وایکردووە بەرپرسێکی پێشووی ئیدارەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا بڵێت، ئەم پاییزە پەتاکە بەرەو کۆتایی دەچێت.
سکۆت گۆتلیب، کۆمیسیاری پێشووی ئیدارەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا دەڵێت، "ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا بیت کە رێژەی ڤاکسین لێدان بەرزبێت، مەترسیی بڵاوبووونەوە و تووشبوون کەمتر دەبێت. ئەوەی لە هەموو وڵاتێکدا دەیبینین، ئەوەیە کاتێک ڤاکسین هەبێت دەشتوانیت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کەمتر بکەیتەوە، بەم جۆرە کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکەش لەنێو منداڵانیشدا دەکەیت."
کاریگەریی ڤاکسین وایکردووە، لەو وڵاتانەی کە بەشی زۆری خەڵکەکەی ڤاکسینیان وەرگرتووە، سەرباری بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون، بەڵام ترسێکی گەورە دروست نەکات و وڵاتانیش بەهۆی پشتبەستن بە ڤاکسین، بیر لە قەدەخەی هاتووچۆ نەکەنەوە، چونکە ڤاکسین دەتوانێت مەترسیی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە.
بەریتانیا نموونەیەکی دیکەی ئەو وڵاتانەیە کە لە هەفتەی رابردوودا ئاماری تووشبوون بۆ یەک رۆژ گەیشتە 46 هەزار کەس، بەڵام بیر لە قەدەغەی هاتووچۆ نەکرایەوە، چونکە 57٪ـی خەڵکی وڵاتەکە ڤاکسینیان وەرگرتووە

زۆرترین خوێندراو