حكومه‌تی سوید باج له‌سه‌ر هاوڵاتیان كه‌م ده‌كاته‌وه‌

03.09.2021
جەماوەر نیوز
حکومەتی سوید بۆ ساڵی 2022 دەیەوێت باج لەسەر هاووڵاتیانی کەمبکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکی ئابووریی رادەگەیێنێت.
ماگدالینا ئاندرشۆن، وەزیری دارایی سوید، رایگەیاند، لە بودجەی ساڵی 2022 دا پلانیان هەیە باج لەسەر 7.5 ملیۆن سویدیی کەمبکەنەوە، هەر بۆیە لە 20ی ئەیلوولدا پرۆژە یاساکە پێشکێشی پەرلەمان دەکرێت.
ئەندرشۆن دەڵێت" هاوڵاتیانی ئاسایی بڕێکی زیاتر پارە لە گیرفانیان دەبێت"، هەربۆیە لە بودجەی ساڵی نوێدا بەبەهای 74 ملیار کرۆن وەبەرهێنان دەکرێت.
بڕی ئەو باجەی کەمدەکرێتەوە 2820 کرۆنە، ئەمەش ئەوانە دەگرێتەوە کە داهاتی ساڵانەیان 265 هەزار کرۆنە، بەو پێیەش بێت داهاتە کەم و مامناوەندەکان ساڵانە 1320 کرۆن داهاتیان زیاد دەکات.
هەروەها باج لەسەر ئەوانە کەمدەکرێتەوە کە سوودمەند دەبن لە بیمەی بێکاریی، بە جۆرێک کە 25٪ داشکاندن دەکرێت و لەساڵێکدا 400 کرۆن کەمتر باج دەدەن. سەبارەت بە کەمکردنەوەی باجەکان و کاریگەریی لەسەر زیادبوونی داهات، وەزیری دارایی سوید بە نموونە ئەم بابەتە رووندەکاتەوە.
ئەو باس لەوە دەکات ئەوانەی کە داهاتیان کەمە یان مامناوەندە، بۆ نموونە خێزانێک پەرستاریان هەن، یان دووکانێکی وردەفرۆشیی هەیە، لە ساڵێکدا 3432 کرۆنیان زیاتر دەستدەکەوێت، یان پۆلیسێکی خانەنشین 1668 کرۆنی زیاتری دەستدەکەوێت لە ساڵێکدا.
لە پلانەکەدا هەیە حکومەت 10.5 ملیار کرۆن وەبەرهێنانی زیاتر دەکات، ئەوەش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی کە خەڵک توانای کڕینیان زیاتر بێت، ئەوەش هۆکاری جووڵەپێکردنی بازاڕو رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاترە.

زۆرترین خوێندراو