ئه‌مڕۆ نرخی نه‌وت كه‌متر له‌ 86 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا

27.10.2021
جەماوەر نیوز
نرخی نەوت دوای بڵاوبوونەوەی داتای کۆگا نەوتییەکان و بەرهەمە سووتەمەنییەکان لە ئەمریکا دابەزی، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەڕایەوە خوار ئاستی 86 دۆلار و نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش لە دەوروبەری 84 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەگوێرەی داتاکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، ئاستی کۆگا نەوتییەکانی ئەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوودا بە بڕی دوو ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت زیادیکردووە ئەوەش زیاترە لەو بڕەی کە پێشبینیدەکرا ملیۆنێک و 900 هەزار بەرمیل زیادبکات. 
هاوکات ئاستی کۆگاکانی بەنزین بە بڕی 500 هەزار و سووتەمەنییەکانی دیکە بە بڕی ملیۆنێک بەرمیل زیادیکردووە. 
سەرەڕای ئەو دابەزینەی نرخی نەوت کە ئەمڕۆ تۆماری کردووە، کرەیگ ئرلام، شرۆڤەکاری باڵای ناوەندی ئۆندا پێشبینی دەکات، هەر یەک لە نەوتی برێنت و تەکساس جارێکی دیکە بەرزببنەوە، ئەو شرۆڤەکارە بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بە تەندروست بۆ بازاڕی وزە دەبینێت.
ئێستا لە بازاڕەکان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 85 دۆلار و 16 سەنت و نرخی یەک بەرمیل نەوت سووکی تەکساسیش بە 84 دۆلار و پێنج سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. 
نیگەرانییەکان لەبارەی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز و خەڵووز لە چین، هیندستان و ئەوروپا وای لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی وزە کردووە بیر لە شوێنگرەوەی ئەو سەرچاوانەی وزە بکەنەوە، نەوتیش بژاردەیەکی سەرەکی کۆمپانیاکانە.
بەهۆی زیادبوونی خواستیش نرخی نەوت لە هەشت هەفتەی رابردوودا ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوە بوو، نرخ بەرمیلێک نەوتی برێنتیش بۆ سەرووی 86 دۆلار بەرزبووەوە. 

هاوکات کەمبوونەوەی ژمارەی سەکۆ نەوتییەکانی ئەمریکا کە گەورەترین بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری نەوتی خاوە کەمبوونەتەوە ئەوەش کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت هەبووە. 

زۆرترین خوێندراو