جەماوەر نیوز
د. کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک دەڵێت: ورگ زۆرترین شوێنی جەستەیە کە چەوری تێدا کۆدەبێتەوە و گەورەترین کێشەیە لە خانمان و پیاوان بەهۆی ئەوەی دەرنگتر و بە زەحمەتتر چەورییەکە نامێنێت بە هۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کە گرنگترینیان ئەمانەن:
١ - نەخواردنی بڕی پێویست لە چەورەییە بەسوودەکان و بە تایبەت ترشە چەورییە ناچڕەکان: بۆ نموونە کەوچێکی چێشت زەیتی زەیتوون ، پیاڵەیەک لە چەرەس ، ئەڤوگادۆ .
٢ -خەمۆکی: بە تایبەت لە خانمان و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی ئارەزووی وەرزش و خواردنی ناتەندروست؛ هەروەها قەلەقی و سترێسی بەردەوام .
٣ -خواردنی کاربۆهێدراتیی ساددە بە بەردەوام وەک چپسی پەتاتە، پەتاتەی سوورکراوە، برنج و ئاردی سپی، شەکری سپی و شەربەتی گیراوە ، دوور کەوتنەوە لەو خواردنانە و گرنگی دان بە خواردنی پاقلەمەنیەکان و سەوز و میوەی فرێش و خواردنی کوڵاو و ماسی.
٤ - نەخواردنی بڕی پێویست لە کانزای مەگنسێوم کە زیاتر لە ( ٣٠٠ ) ئەرکی هەیە لە ناو لەش و ئەو کەسانەی بڕی زۆرتر بەردەوام لە مەگنسێوم لە ڕێگای خۆراکەوە وەرئەگرن ئاستی شەکرەی خوێن و هۆرمۆنی ئەنسولێنان نزمترە : گرنگترین سەرچاوەکان سەوزە گەڵاتۆخەکان ، میوە و سەوزە و گیا بەهارییەکانی کوردەواری ، بادام و گوێز ، ئەڤوگادۆ ، پاقلەمەنیەکان .
٥ -ئالوودە بوون بە خواردنەوە گازییەکان ؛ یەکێک لە هۆکارەکانی ورگ بریتیە لە خواردنەوە گازییەکان بە بەردەوامی و بڕی زۆرێش.
٦ - ئەنجامنەدانی وەرزش بە شێوەی ڕاست و ئەنجامنەدانی وەرزشی تایبەت بە ورگ یا کەمتر لە ماوەی پێویست یا بە خێرایی کەمتر .
٧ - خواردنی ڤاست فوود کە دەوڵەمەندن بە چەورییە چڕکان و چەورەییە موهەدریجەکان، لە بری ئەوەی ماسی سەلموون بخورێت لانی کەم هەفتەی یەک جار، هەروەها کەمکردنی خواردنی گۆشتی سوور و گرنگیدان بە خواردنی سینگی مریشک و پەلەوەرکانی تر و پاقڵەمەنیەکان و قارچک.
٨ - تەمەن: لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن ڕێژەی سووتانی چەوری کەمتر دەبێتەوە بە تایبەت لە خانمانی دوای تەمەنی نائومێدی.
٩ - شەونخوونی و کەمخەوویی: دیاردە مەترسیدارەکەی ئەم سەردەمە.
١٠ - هۆکاری بۆماوەیی.