ماكرۆن : ئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەوروپا واقیعی نییە

10.05.2022
جەماوەر نیوز
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، پرۆسەی ئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەوروپا دوورودرێژە و لەوانەیە چەند دەیەیەک بخایێنێت.
لە وتارێکدا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، بەبۆنەی "رۆژی ئەوروپا"، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "ئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەوروپا بەمزووانە، هیچ واقیعی نییە."
سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، "ئۆکراینا بەو تێکۆشان و بوێرییەی کە لە بەرەکانی شەڕدا پیشانیداوە، بووەتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و وەکو ئەندامی خێزانی ئەوروپا تەماشای دەکەین، بەڵام بە کرداری ئەندامبوونی ئەو وڵاتە لە یەکێتیی ئەوروپا پێویستی بە چەندین ساڵ و لەوانەیە چەند دەیەیەک هەبێت".
بە وتەی ماکرۆن، ئەگەر بیانەوێت ئۆکراینا بە پەلە و خێرایی ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، "ئەوا دەبێت پێوەرەکانی ئەندامبوون لە یەکێتییەکە دابەزێنین و جارێكی دیکە چاو بە پرەنسیپ و بەهاکانماندا بخشێنینەوە."
یەکێتیی ئەوروپا لە 27 وڵاتی ئەندامی کیشوەری ئەوروپا پێکهاتووە. ئەندامبوون لە یەکێتییەکە پێویستی بە تێپەڕاندنی چەند پرۆسەیەکی دوورودرێژە کە کەرتەکانی سیاسی و ئابووری و چەندین بواری دیکەش دەگرێتەوە.

زۆرترین خوێندراو