ڕێڕه‌وی ئاوی بۆ هه‌نارده‌كردنی گه‌نمی ئۆكراینا ده‌كرێته‌وه‌

30.07.2022
جەماوەر نیوز
 ئەلێکساندەر کوبراکۆڤ،وەزیری ژێرخانی ئۆکراینا رایگەیاند کە وەک ئۆکراینا هەموو ئامادەکارییەکی پێویستیان تەواو کردووە.
بەندەری ئۆدێسا لە ئۆکراینا کە چەند مانگێکە داخراوە و لە ٢٤ی شوباتدا رووسیا هێرشی کردە سەر، ئەمڕۆ بەڕووی نوێنەری میدیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کرایەوە.
کوبراکۆڤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان بەڕێوە چوو، ئاماژەی بەوە دا کە ئامادەکارییە پێویستەکانیان لە ئۆکراینا بۆ ناردنی دانەوێڵە تەواو کردووە، گوتی: "دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەکە لە ئیستانبوڵ، لایەنی ئۆکراینی هەموو ئامادەکارییەکی پێویستی کردووە بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنی بەرهەمی دانەوێڵە لە بەندەرەکانمانەوە. ئێمە بەندەرەکانی چۆرنۆمۆرسک و ئۆدێسامان ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی ناردنی دانەوێڵە".
وەزیری ژێرخانی ئۆکراینا رایگەیاند کە تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو بەندەری یوژنی لە نزیک ئۆدێسا ئامادە دەکەن بۆ ناردن.
کوبراکۆڤ بە ئاماژەدان بەوەی پێش دەستپێکردنی جەنگ چەند کەشتییەکی بارکراو لە دانەوێڵە لە بەندەرەکاندا چاوەڕێیان دەکرد، گوتی: "ئەمڕۆ کارەکانی بارکردن لە کەشتییەکی دیکە لە چۆرنۆمۆرسک دەست پێدەکات. ئێمە لەسەر هەموو پرسە تەکنیکییەکان رێککەوتووین. هیوادارین ئەمڕۆ رەزامەندی نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرین لەسەر ئەو رێڕەوە پێشنیازکراوەی کە کەشتییەکان لە رێگەیەوە بەرەو گەرووی دەریای رەش دەڕۆن. دوای وەرگرتنی رەزامەندی تا کۆتایی هەفتە یەکەم کەشتی لە بەندەرەکانمانەوە بەڕێدەکەوێت".

زۆرترین خوێندراو