ماكرۆن داوای كشانه‌وه‌ی ڕووسیا ده‌كات

17.08.2022
جەماوەر نیوز
 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەرەنسا داوای لە سەربازانی رووسیا کرد کە لە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لە ئۆکراینا بکشێنەوە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە کۆشکی ئیلیزێ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمر زێلێنسکی ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ماکرۆن نیگەرانییەکانی خۆی لە بارەی دۆخی دەوروپشتی ویستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا دەربڕیوە و بۆ ئاسایشی ویستگەکە داوی کشانەوەی لە سەربازەکانی رووسیا کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ماکرۆن و زێلێنسکی تاوتوێی مەرجەکانی پێشنیازی "ناردنی شاندێک لەلایەن بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیەوە بە زووترین کات بۆ ناوچەکە" کردووە.
لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی ئیلیزێدا هاتووە:
"جگە لەوە هەردوو سەرۆک تاوتوێی گرنگیی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا بۆ ئاسایشی خۆراکی جیهانی کردووە" و ئاماژە بەوە کراوە کە ماکرۆن و زێلێنسکی پێشوازییان لە رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە لە رێگەی کەشتییەکەوە کە نەتەوەیەکگرەتووەکان بە کرێی دەگرێت بۆ ئەفریقا کە زۆر پێوستیان پێیەتی، کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە فەڕەنسا پاڵپشتیی ئەو هەوڵانە دەکات بۆ ئەوەی بتوانرێت دانەوێلەی ئۆکراینا لە رێگەی وشکانی و رووبارەوە هەناردە بکرێت و ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە کە لە مانگی تەمووزدا ٢،٨ ملیۆن تۆن دانەوێڵە لەم رێگایەوە هەناردە کراوە و ئەمە بە زیادکردنەوە بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەکانی فەڕەنسا ئەوەیان بڵاوکردەوە کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ماکرۆن و زێلێنسکی یەک کاتژمێر و ٢٠ خولەکی خایاندووە و دوایین جار ماکرۆن و زێلێنسکی لە ١ی ئابدا پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.

زۆرترین خوێندراو