شێرپەنجەی کۆلۆن جۆرێكی مەترسیدارە لە شێرپەنجە

25.08.2022
جەماوەر نیوز
ئەم شێرپەنجەیە دەكرێت لە هەر تەمەنێكدا ڕووبدات، بەڵام زیاتر توشی كەسانی بە تەمەن دەبێتەوە. سەرەتا لە چەند خانەیەكی زیادەوە دروست دەبێت و چەند گرێیەك دروست دەبن كە سەرەتانی نین، بەڵام بە تێپەڕینی كات دەبنە وەرەمی سەرەتانی و نەخۆشەكە توشی شێرپەنجەی كۆلۆن یان ریخۆڵە ئەستوورە دەبێت.
ئەم گرێیانە لە قۆناغە سەرەتاییەكاندا ڕەنگە نەبنە هۆكاری هیچ نیشانەیەك، بۆیە پزیشكان ڕێنمایی هەمووان دەكەن كە لە سەروو تەمەنی ٤٥ ساڵییەوە فەحس بكەن لە ڕێگەی نازووری کۆڵۆنەوە و دڵنیابنەوە لە نەبوونی گرێ یان خانە سەرەتاییەكانی شێرپەنجەی ریخۆڵە، بەتایبەت لەو كەسانەی كەسێكی خێزانەكەیان پێشتر توشبووی ئەم نەخۆشییە بووە.
مەترسییەكانی توشبوونی بە شێرپەنجەی كۆڵۆن، بریتین لە تەمەن، چونكە نەخۆشییەكە زیاتر لەو كەسانەدا دەردەكەوێت كە لە سەروو تەمەنی ٤٥ ساڵییەوەن. گەر هەمان نەخۆش پێشتر توشی قورحەی ریخۆڵەكان بوبێت، مەترسی توشبوونی بە شێرپەنجە زیاترە. جینات و بۆ ماوەیی هۆكارێكی ترە و نەخۆشییەكە لە ئەندامانی هەمان خێزاندا ئەگەری دووبارەبوونەوەی زیاترە.
زۆری چەوری و كەمی فایبەر لە ژەمەكاندا و نەجوڵان و وەرزش نەكردن، شەكرە و قەڵەوی هۆكاری ترن بۆ زیادكردنی مەترسی توشبوون.
نیشانەكانی نەخۆشییەكە :
گۆڕانكارییە لە كۆئەندامی هەرسدا، نەخۆشدا یاخود توشی سكچون یاخود قەبزی دەبێت. بوونی خوێن لە پیسایی نەخۆشەكەدا. ناڕەحەتی و ئازاری بەردەوام لە سكی نەخۆشەكەدا. پاش چونە تەوالێت و پیسایی كردن، نەخۆش هەست دەكات ریخۆڵەی بە تەواوی پاك نەبۆتەوە، لاوازی و زوو ماندووبوون و لە دەستدانی كێشێكی زۆر لە ناكاو نیشانەكانی تری ئەم نەخۆشییەن، کەم خوێنی و کۆبونەوەی ئاو لەناو سکدا
گرنگە لە كاتی هەستكردنی بەم نیشانانە سەردانی پزیشكی پسپۆر بكرێت، چونكە نەخۆش شەڕی لەگەڵ كاتدایە و تا كاتژمێرێك زوتر پزیشك ببینێت، چانسی چارەسەری زیاتر دەبێت.
بۆ خۆبەدورگرتن لە توشبوون و خۆپاراستن، چەند گۆڕانكارییەك هەیە لە ژیانی هەمووماندا كە دەبێتە هۆی كەم كردنەوەی مەترسی توشبوون،
ئەویش بە چەند ڕێگەیەک :
ھەموو کەسێک دەبێت نازووری کۆلۆن ئەنجام بدات لە تەمەنی ٤٥ ساڵی و بەرەو ژوور ئەگەر ھیچ نیشانەیەکیشی نەبێت بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی کۆلۆن ، بە خواردنی میوە و سەوزەی زۆر و زیادكردنی ئەو خواردنانەی فایبەریان زۆرە لە ژەمەكاندا. كەمكردنەوە خواردنەوە كحولییەكان و وازهێنان لە جگەرەكێشان. لانی كەم وەرزش كردن بۆ 30 خولەك لە زۆربەی ڕۆژەكانی هەفتەدا و پاراستنی كێشێكی جێگیر یارمەتیدەر دەبن بۆ كەمكردنەوەی ئەم مەترسییانە.
د.سەرکەوت ڕەئووف/
پسپۆڕی ن.هەناوی و کۆئەندامی هەرس

زۆرترین خوێندراو