
ئهتوانى لهرێگاى ئیمه‌یڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه په‌یوه‌ندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052
سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان: "پیرۆزبایى له خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه ده‌که‌ین و سوپاس و پێزانینى خۆشمان ئاراسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراقى فیدڕاڵ ده‌که‌ین بۆ بڕیارى جێبه‌جێکردنى ڕێکاره‌کانى به‌پاریزگابوونى هه‌ڵه‌بجه"
له (٣٥) سى و پێنجه‌مین ساڵڕۆژى کیمیابارانکردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌دا، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانى ئه‌م مه‌رگه‌ساته پێ ئازاره داده‌نه‌وێنین، به‌شکۆوه تاجه‌گوڵینه‌ى سه‌رفرازى و نه‌مرى له‌سه‌ر گڵکۆکانیان داده‌نێین.
زۆر به‌داخه‌وه که ساڵانه به درێژایى وه‌رزه‌کانى به‌هار و بووژانه‌وه‌ى سروشت، گه‌لى ئێمه شادى و خۆشییه‌کانیان تێکه‌ڵ به چه‌ندین تراژیدیا و مه‌رگه‌ساتى بێوێنه‌یه له کیمیاباران و سه‌رجه‌م شێوازه‌کانى دیکه‌ى له‌ناوبردنى ژیان و ژینگه‌ى کوردستان و هه‌وڵى سڕینه‌وه و جینۆسایدکردنى میلله‌تى کوردى ژیاندۆست و ئاشتیخواز.
دیاره به‌رزڕاگرتنى ئه‌م یاد و بیره‌وه‌رییه خه‌مناکه بۆ ئه‌مساڵ هاوکاته له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندکردنى پڕۆژه‌یاساى به پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى حکوومه‌تى فیدڕاڵ و ئاراسته‌کردنى پڕۆژه‌که بۆ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق.
لێره‌وه له سۆنگه‌ى بڕوابوونمان به سه‌رکه‌وتن و زاڵبوونى ئیراده‌ى شۆڕشگێڕانه‌ى خه‌ڵکى کوردستان و عێراق به‌سه‌ر دیکتاتۆرییه‌ت و وه‌حشیگه‌رترین ڕ‌ژێمى سه‌ده، به‌م بۆنه‌یه‌وه پیرۆزبایى له خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه ده‌که‌ین و سوپاس و پێزانینى خۆشمان ئاراسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراقى فیدڕاڵ بۆ ئه‌م بڕیاره و جێبه‌جێکردنى ڕێکاره‌کانى به‌پاریزگابوونى هه‌ڵه‌بجه ده‌که‌ین، هاوکات داواکارین له سه‌رۆکایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و ته‌واوى فراکسیۆنه جیاوازه‌کان، که ئه‌رکى یاسایى خۆیان له په‌سه‌ندکردنى پڕۆژه‌که و ده‌رکردنى یاسایه‌کى تایبه‌ت به‌جینۆسایدناساندنى گه‌لى کوردستان ده‌ربکه‌ن و تێیدا مافى که‌سوکارى شه‌هیدان و قوربانییان بچه‌سپێنرێت له‌پێناو قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى زیانه مادى و مه‌عنه‌وییه‌کانیان و ئه‌و زه‌بره ده‌روونییه‌ى که به‌ریان که‌وتووه.
به ئومێدى ئه‌وه‌ى له‌برى بیره‌وه‌ریى ژان و ناسۆر و لێکه‌وته تراژیدییه فره‌لایه‌نه‌کانى ئه‌م مه‌رگه‌ساته، ئه‌مساڵ به‌شێکى که‌مى ئازاره‌کانى خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه و کوردستان سارێژ بێت و ھیوایه‌ک بۆ ئاینده‌ى ئه‌م شاره بێ‌ناز و تاوانلێکراوه بگه‌ڕێته‌وه.
هاوکات ده‌بێت حکوومه‌تى ھه‌رێمى کوردستانیش ھه‌موو توانایه‌کى بخاته گه‌ێ بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى زیاتر و بنیادنانه‌وه‌ى سێکته‌ره جیاجیاکانى ھه‌ڵه‌بجه و ده‌ڤه‌ره‌که به‌گشتی.
له‌کۆتاییدا جارێکى دیکه سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌ھیدانى مه‌رگه‌ساتى کیمیابارانى ھه‌ڵه‌بجه‌ى زامدار داده‌نه‌وێنین، دروود بۆ ڕۆحى پاک و به‌رزه‌فڕیان.
سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانى کوردستان
٢٠٢٣/٣/١٦