وه‌زیرى دارایی: مووچه‌خۆران له‌ پرۆژه‌ى "هه‌ژمارى من" سوودمه‌ندى یه‌که‌من

24.05.2023
جەماوەر نیوز
ڕۆژى سێشه‌ممه‌، ٢٣ى ئایارى ٢٠٢٣، ئاوات جه‌ناب نووری، وه‌زیرى دارایى و ئابووری، پێشوازیى له‌ تیمى سه‌رپه‌رشتیى پرۆژه‌ى هه‌ژمارى من له‌ نووسینگه‌ى سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا تیمى "پرۆژه‌ى هه‌ژمارى من" که‌ له‌ لایه‌ن عه‌زیز ئه‌حمه‌د، جێگرى به‌رپرسى نووسینگه‌ى سه‌رۆکوه‌زیران سه‌رپه‌رشتى ده‌کرێت، تاووتوێى پێشکه‌وتنى پرۆژه‌که‌یان کرد، که‌ له‌ ماوه‌ى ٧ مانگى ڕابردوودا پرۆژه‌که‌ هه‌نگاوى یه‌که‌م و قۆناغى تاقیکردنه‌وه‌ى به‌ سه‌رکه‌وتوویى بڕیوه‌ و توانراوه‌ هه‌ژمارى بانکى بۆ ٨٤١ فه‌رمانبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى منداڵبوون و ئافره‌تانى هه‌ولێر بکرێته‌وه‌ و ئێستا له‌ ڕێگه‌ى سیسته‌مى ئه‌لیکترۆنییه‌وه‌ مووچه‌کانیان پێ ده‌درێت.

پرۆژه‌که‌ ماوه‌ى دوو ساڵ ده‌خایه‌نێت و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان که‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ ١ ملیۆن و ٢٠٠ هه‌زار مووچه‌خۆره‌، ده‌بنه‌ خاوه‌نى هه‌ژمارى بانکیى تایبه‌ت به‌ خۆیان.

له‌ به‌رانبه‌ردا وه‌زیرى دارایى و ئابوورى هه‌موو پشتیوانییه‌کى خۆى و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌کانى وه‌زاره‌تى دارایى بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌که‌ى سه‌رۆکوه‌زیران تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌ى هه‌ژمارى من دووپات کرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند "به‌ ته‌واوبوونى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ که‌رتى بانکى له‌ هه‌رێمى کوردستان گۆڕانکارى و پێشکه‌وتنى گه‌وره‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانیش سوودمه‌ندى سه‌ره‌کیى سیسته‌مه‌که‌ ده‌بن و چه‌ندین خزمه‌تگوزارى و کارئاسانییان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت".

ئه‌م پرۆژه‌یه‌ یه‌کێکه‌ له‌ گرنگترین پرۆژه‌کانى کابینه‌ى نۆ که‌ به‌ هه‌ماهه‌نگیى ڕاسته‌وخۆ له‌ نێوان نووسینگه‌ى سه‌رۆکوه‌زیران و وه‌زاره‌تى دارایى به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.


زۆرترین خوێندراو