حکومه‌تى هه‌رێم هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک له‌ پڕۆژه‌ى بودجه‌دا ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ که‌ دژى بڕگه‌کانى ڕێککه‌وتن وله‌یه‌کتێگه‌یشتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا بێت

25.05.2023
جەماوەر نیوز
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى ڕێکخستنه‌وه‌ى دارایى گشتیى و به‌ناوه‌ندیکردنى مووچه‌ى په‌سه‌ند کرد.

رۆژى چوارشه‌ممه‌ 5/24 ، به‌ سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆک وه‌زیران مه‌سرور بارزانى و به‌ ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کۆبووه‌وه‌.
بڕگه‌ى یه‌که‌مى کۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت بوو به‌ خستنه‌ڕووى دوا پێشهاته‌کانى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ فیدراڵ بۆ ساڵانى 2023 و 2024 و 2025 وگفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئه‌و مادده‌ و بڕگانه‌ى په‌یوه‌ندیدارن به‌ شایسته‌ داراییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق له‌ 2023/5/2 هه‌ندێک له‌ ماده‌کانى هه‌موار کرایه‌وه‌ و له‌ ناویشیدا گۆڕانکارى له‌ مادده‌ى 12 و لابردنى ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ى مه‌ترسى بوو له‌سه‌ر ناردنى شایسته‌ى دارایى هه‌رێم.
له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئاماژه‌ به‌ هه‌وڵى چه‌ند ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق درا ، که‌ هه‌وڵى هه‌موارکردنه‌وه‌ى مادده‌کانى 13 و 14یان دا ، و پێشنیاره‌کانیان دژى ماف و شایسته‌کانى هه‌رێمى کوردستانه‌ که‌ ڕێککه‌وتنى له‌سه‌رکراوه‌ و له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌ردوو حکومه‌تى هه‌رێم وفیدرال په‌سه‌ندکراون و له‌ چوارچێوه‌ى ڕێکه‌وتنى 2023/4/4 و پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى عێراق جێگیرکراون.
سه‌رۆک وه‌زیران کورته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى دانوستان و گفتوگۆکانى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى فیدرال بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران خسته‌ڕوو، که‌ ده‌رئه‌نجام ڕێککه‌وتننامه‌ى نێوان هه‌ردوو حکومه‌تى هه‌رێم و فیدرالى لێکه‌وته‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ى به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ردوولا و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و دابینکردنى شایسته‌ى هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌دا، بۆیه‌ ده‌بێت په‌له‌ بکرێت له‌ په‌سه‌ندکردنى بودجه‌ و ڕێز له‌ مافه‌ و شایسته‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بگیرێت و هیچ هه‌موارکردن و گۆڕانکارییه‌ک له‌ پڕۆژه‌که‌ نه‌کرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ى بڕگه‌کانى ڕێککه‌وتن وله‌یه‌کتێگه‌یشتنى هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوولا.
سه‌رۆک وه‌زیران دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان، هه‌موو پابه‌ندییه‌کانى خۆى جێبه‌جێکردووه‌، بۆیه‌ له‌به‌رامبه‌ردا حکومه‌تى فیدراڵیش ده‌بێت ئه‌رکى سه‌رشانى جێبه‌جێ بکات و ماف و شایسته‌کانى هه‌رێمى کوردستان هاوشێوه‌ى ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراق دابین بکات .
له‌ کۆتایى ئه‌م بڕگه‌یه‌دا، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیاریدا که‌ شاندى دانوستانکار به‌رده‌وام بێت له‌ په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدڕاڵ و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ فراکسیۆنه‌ کوردستانیه‌کان بۆ ڕێگریکردن له‌ هه‌ر هه‌وڵێک به‌ ئاراسته‌ى پێشێلکردنى ماف و شایسته‌کانى هه‌رێم که‌ ده‌ستوور جێگیرى کردوون و له‌ ناو ڕێککه‌وتنى نێوان هه‌ردوو حکومه‌ت وپڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ شایسته‌ى دارایى هه‌رێم له‌ ماوه‌ى ئه‌م 5 مانگه‌ى ى ساڵى 2023، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێشنیارى ئامانج ڕه‌حیم سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى په‌سه‌ندکرد به‌ ناردنى نووسراو بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى به‌غدا، بۆ کارکردن به‌ مادده‌ى 13 له‌ یاساى ئیداره‌ى دارایى فیدڕاڵیى ساڵى 2019، به‌ ڕه‌وانه‌کردنى یه‌ک له‌سه‌ر دوانزده‌ى خه‌رجیه‌ کردارییه‌کانى هه‌رێم له‌ ساڵى پێشوو که‌ له‌ لایه‌ن تیمى هاوبه‌شى دیوانى چاودێریى دارایى و وردبینى کراوه‌، هاوشێوه‌ى ئه‌و میکانیزمه‌ى که‌ خه‌رجیه‌کانى پارێزگاکانى دیکه‌ى عێراقى پێ خه‌رج ده‌کرێت له‌ 2023/1/1 ه‌وه‌ و نابێت جیاکاریى بکرێت له‌ نێوان هه‌رێم و ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراق له‌م ڕووه‌وه‌، هه‌رێمیش ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌ر پابه‌ندییه‌ک بکه‌وێته‌ ئه‌ستۆى له‌به‌ر ڕۆشنایى یاساى ئیداره‌ى دارایى فیدڕاڵیی.

له‌ بڕگه‌ى دووه‌مدا، گفتوگۆ له‌باره‌ى دانانى میکانیزمى پێویست بۆ جێبه‌جێکردنى بڕیارى کۆبوونه‌وه‌ى پێشووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تایبه‌ت به‌ ڕێکخستنه‌وه‌ى دارایى گشتى له‌ هه‌رێم.
دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌ و پێشنیارکردنى چه‌ند هه‌موارکردنێک، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ کۆى ده‌نگ سه‌رجه‌م بڕگه‌کانى بڕیاره‌که‌ى په‌سه‌ند کرد به‌ ڕه‌چاوکردنى ئه‌و هه‌موارانه‌ى له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌نجامدران.
سه‌رۆک و جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران دووپاتى گرنگى ئه‌م بڕیاره‌یان کرده‌وه‌ که‌ جارێکى دیکه‌ بنه‌ماکانى دارایى گشتى له‌ هه‌رێم داده‌ڕێژێته‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ى به‌ ناوه‌ندییکردنى داهات وخه‌رجیه‌کان و به‌ ناوه‌ندییکردنى مووچه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى هه‌رێم که‌ کارى له‌ پێشینه‌ى بێت پێش هه‌ر خه‌رجیه‌کى دیکه‌ و په‌یڕه‌وکردنى یه‌کسانیى و ژماره‌ى دانیشتووان بۆ خه‌رجیه‌کان (جگه‌ له‌ مووچه‌) نه‌ک په‌یڕه‌وکردنى دابه‌شکردنى ڕێژه‌کاریى له‌ سه‌ر ئاستى داهاتى پارێزگا.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سه‌رجه‌م وه‌زیره‌کانى ڕاسپارد له‌ ئێستاوه‌ پلانى جێبه‌جێکردنى بڕگه‌کانى ئه‌م بڕیاره‌ دابڕێژن و بۆ زه‌مانه‌تى جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌که‌ش، بۆردێکى باڵاى پشتیوانى پێکهێنرا بۆ ئاسانکاریى و لابردنى به‌ربه‌ست وئاسته‌نگه‌کان.
له‌ کۆتایى کۆبوونه‌وه‌که‌دا، ڕه‌شنووسى پڕۆژه‌ یاساى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن ڤالا فه‌رید وه‌زیرى هه‌رێم بۆ کاروبارى په‌رله‌مان خرایه‌ڕوو. ئامانج له‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌ گشتییه‌کان و خزمه‌تگوزارییه‌کانیانه‌، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیاریدا که‌ ده‌رفه‌ت بدرێت به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى ته‌ندروستى له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکان که‌ له‌ هه‌مانکاتدا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌تن دوا خستنه‌ڕووى بۆ بکه‌ن ، تا ئاماده‌ بکرێت بۆ ده‌نگدانى کۆتایى له‌ کۆبونه‌وه‌کانى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ