نێچیرڤان بارزانى: خه‌ڵک له‌ ناکۆکیى سیاسى، بێزار و ماندووه‌

29.05.2023
جەماوەر نیوز
ئێواره‌ى رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 28/5/2023 به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان مه‌سعوود بارزانی، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانى حکوومى و حزبى و نوێنه‌رى وڵاتان و ئه‌کادیمى و که‌سوکارى قوتابیان، ڕێوڕه‌سمى پێنجه‌مین خولى ده‌رچووانى زانکۆى ئه‌مه‌ریکی کوردستان له‌ دهۆک به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ رێوڕه‌سمه‌که‌دا نێچیرڤان بارزانى وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

به‌ڕێز جه‌نابى سه‌رۆک بارزانى،
به‌ڕێز جه‌نابى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق
به‌ڕێز شێخ خه‌لیفه‌ ته‌حنوون
خۆشحاڵین به‌ ئاماده‌بوونتان له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا، زۆر به‌خێربێن.

که‌سوکارى ئازیزى ده‌رچووان،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..

ئێواره‌تان باش،

خۆشحاڵین که‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى به‌ڕێز له‌ خولێکى تازه‌ى ده‌رچووانى زانکۆى ئه‌مه‌ریکیى کوردستان له‌ دهۆک، به‌شدارین. به‌ گه‌رمى پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشى له‌ ده‌رچووان ده‌که‌م و هیواى سه‌رکه‌وتنى زیاتریان بۆ ده‌خوازم.

پیرۆزبایى له‌ دایکوباوک و خێزان و که‌سوکارى ده‌رچووان و له‌ مامۆستایان و سه‌رۆکایه‌تى و ده‌سته‌ى ئه‌میندارنى زانکۆ ده‌که‌م. ئێوه‌ش ئه‌رکێکى گه‌وره‌ و پیرۆزتان به‌جێ گه‌یاند‌. ماندوو نه‌بن و ده‌ستتان خۆش بێت.

به‌ڕێزان..

ده‌رچوونى پۆلێکى دیکه‌ى گه‌نجانى کوردستان و عێراق، یان له‌ هه‌ر شوێنێکى دیکه‌وه‌ هاتبن، مایه‌ى شانازى و خۆشحاڵییه‌. ئێوه‌ ده‌رچووانى خۆشه‌ویست، به‌ زانست و زانینى تازه‌ و سه‌رده‌میانه‌ پێگه‌یشتوون. ئێستا ئیتر ئاماده‌ن بۆ قۆناغى دیکه‌ى ژیان که‌ قۆناغى کار و خزمه‌تکردن و به‌شدارى و هاوبه‌شیى کاراتانه‌ له‌ پێشخستنى وڵات و له‌ پێشخستنى کۆمه‌ڵگه‌دا.

وڵات چاوى له‌ ئێوه‌یه‌ که‌ ڕۆڵى خۆتان بگێڕن. هه‌ر یه‌که‌ و له‌ بوارى خۆیدا داهێنان بکه‌ن و به‌ بیر و عه‌قڵى تازه‌ و بنیاتنه‌رانه‌، ده‌رفه‌تى کار بۆ خۆتان و ده‌روبه‌رتان دروست بکه‌ن. کارى سه‌رکه‌وتوو بکه‌ن بۆ به‌ره‌وپێشبردن و به‌هێزکردن و هه‌مه‌جۆرکردنى ئابوورى.

بیرۆکه‌ و ڕوانگه‌ى سه‌رکه‌وتووى زانستى و پیشه‌یى پێشکه‌ش بکه‌ن، بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌ و قه‌یرانه‌کانى وڵاته‌که‌مان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا. بۆ باشترکردنى ئاستى ژیان و کۆمه‌ڵگه‌ و په‌ڕینه‌وه‌ بۆ داهاتوویه‌کى باشتر.

ئێوه‌ ده‌بێ له‌گه‌ڵ هاوکاران و هاوتاکانتان له‌ زانکۆکانى دیکه‌ى کوردستان، له‌ عێراق و جیهان، پێکه‌وه‌ کار و هه‌ماهه‌نگى بکه‌ن. سوود له‌ زانست و زانیاریى یه‌کتر ببینن. به‌ بیرۆکه‌ى داهێنانه‌رانه‌ و پێشنیار و ڕه‌خنه‌ى بنیاتنه‌رانه‌، پردێکى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى وڵاتدا دروست بکه‌ن. به‌شدار و هاوبه‌ش بن له‌ به‌ڕێوه‌بردنێکى باشترى وڵاتدا، تا هه‌موومان پێکه‌وه‌ بتوانین کوردستانێکى به‌هێزتر و داهاتوویه‌کى باشتر بۆ نه‌وه‌کانمان بنیات بنێین.

ئێوه‌ و نه‌وه‌ى تازه‌ى کوردستان، ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕى سوود له‌ ته‌کنه‌لۆژیا و پێشکه‌وتنى زانستیى سه‌رده‌مییانه‌ ببینن. ده‌توانن کارکردن له‌ دووره‌، له‌ ماڵ، له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکان و که‌رتى تایبه‌ت و گشتى له‌ هه‌رێمى کوردستان و عێراق و ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیش په‌ره‌ى پێبده‌ن و جگه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى کار، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ببنه‌ باڵیۆزێکى باش بۆ وڵاته‌که‌تان له‌ جیهاندا.

کار، ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تییه‌. ئێوه‌ که‌ ده‌ست به‌ کار ده‌که‌ن، ده‌بێ به‌رپرسانه‌ و به‌ پێى ئیتیکى کار، به‌ شێوه‌یه‌کى پیشه‌یى هه‌موو تواناکانتان بخه‌نه‌ خزمه‌تى کاره‌وه‌. داهێنانى تێدا بکه‌ن و پێشخستن و سه‌رکه‌وتنى، مسۆگه‌ر بکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ هه‌میشه‌ به‌ عه‌قل و بیرى کراوه‌ کار بکه‌ن و به‌رده‌وام گۆڕانگارى بۆ باشتر و باشتر دروست بکه‌ن.

نموونه‌ى سه‌رکه‌وتووى هه‌ندێ له‌ ده‌رچووانى زانکۆ و په‌یمانگاکان هه‌ن‌. کار و بزنسى خۆیان دامه‌زراندووه‌، ده‌رفه‌تى کاریان بۆ خه‌ڵکى دیکه‌ش دروست کردووه‌. ئه‌مه‌ جێگه‌ى ئومێد و خۆشحاڵیى ئێمه‌یه‌. شانازى ده‌که‌ین که‌ ده‌بینین گه‌نجانى ئێمه‌ به‌ خواست و ئیراده‌یه‌کى به‌رزه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن و له‌ هه‌ر بوارێکى کار و خزمه‌تدا بێت، خۆیان ده‌سه‌لمێنن. هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تى و خاوه‌نداریه‌تى ده‌که‌ن.

ژیان هه‌میشه‌ له‌ پێشکه‌وتن و گۆڕاندایه‌. تا ژیان هه‌یه‌، پێویسته‌ به‌رده‌وام فێر ببیت و له‌گه‌ڵ دوایین و تازه‌ترین پێشکه‌وتنه‌کانى سه‌رده‌مدا، ئه‌پده‌ت بکرێین. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌، وه‌ک پێویستییه‌کى زۆر گرنگ و له‌پێش، ده‌بێ له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌میشه‌ بایه‌خ و گرنگیى تایبه‌ت به‌ کوالیتى و ئاستى زانست و نوێکردنه‌وه‌ى پرۆگرام و به‌رنامه‌ى خوێندن و فێرکردن بدرێت. ده‌بێ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنه‌کاندا بڕۆین، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین به‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى زیندوو بمێنینه‌وه‌ و به‌ کاروانى جیهانى پێشکه‌وتوو‌ ڕابگه‌ین.

ده‌چووانى خۆشه‌ویست،

دڵنیام هه‌ر یه‌که‌تان ده‌یان بیرۆکه‌ى جیاى هه‌یه‌ بۆ هه‌ر یه‌کێک له‌ بواره‌کانى ژیان. بۆ ئابوورى، بۆ کار، بۆ سیاسه‌ت، بۆ به‌ڕێوه‌بردن. هه‌ر یه‌که‌تان خه‌ونى هه‌یه‌ له‌ بوارى خۆیدا ببێته‌ ژماره‌یه‌کى دیار. ده‌مه‌وێ دڵنیاتان بکه‌مه‌وه‌، به‌ هه‌وڵ و کۆڵنه‌دان و سووربوونتان له‌سه‌ر سه‌رکه‌وتن، چۆن ئه‌مڕۆ سه‌رکه‌وتن و زانکۆتان ته‌واو کرد، ئاواش به‌ هه‌مان گیانى سووربوون و کۆڵنه‌دان و هه‌وڵدان، ده‌توانن بیرۆکه‌ و خه‌ونه‌کانتان بکه‌نه‌ ڕاستى.

بۆیه‌ لێره‌وه‌ به‌ ئێوه‌ و به‌ هه‌موو ده‌رچووانى زانکۆ و په‌یمانگاکانى کوردستان ده‌ڵێم: ته‌نیا پشت به‌ کارکردن له‌ که‌رتى گشتیدا مه‌به‌ستن. وه‌ک چۆن له‌ خوێندندا خۆتان سه‌لماند و سه‌رکه‌وتن، ئاواش ده‌توانن بۆ دروستکردنى ده‌رفه‌تى کار و داهێنان، خۆتان بسه‌لمێنن. بۆ ئه‌مه‌ ده‌بێ هاریکارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ بازاێ‌ و که‌رتى تایبه‌تدا بکه‌ن و به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هاوکار و پشتیوانتان بێت.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

هه‌موو لایه‌ک ئاگادارن که‌ دواى ڕێککه‌وتنى هاوپه‌یمانیى به‌ڕێوبردنى ده‌وڵه‌ت بۆ دامه‌زراندنى حکوومه‌تى عێراقى فیدراڵ، جۆرێک له‌ سه‌قامگیریى سیاسى له‌ وڵات هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌. گه‌لى عێراق به‌ گشتى و دۆستان له‌ جیهان، به‌ خۆشحاڵى و ئومێده‌وه‌ له‌ لێکه‌وته‌ ئه‌رێنییه‌کانى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ ده‌ڕوانن، بۆ داهاتوویه‌کى باشتر، هیوا و ئومێدیان له‌سه‌ر بنیات ناوه‌.

مایه‌ى نیگه‌رانییه‌کى قووڵ و بێ ئومێدییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێ لایه‌ن هه‌وڵ بده‌ن ته‌گه‌ره‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌م ڕێککه‌وتنه‌کان و لێکگه‌یشتنى نێوان لایه‌نه‌کان. ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ و هه‌وڵدان بۆ پێشێلکردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، هه‌رگیز قبووڵکراو نییه‌ و هیچ سوودێک به‌ هیچ لایه‌ک و به‌ عێراق و سه‌قامگیریى وڵات ناگه‌یه‌نێت. ئه‌مه‌ ته‌نیا دووباره‌کردنه‌وه‌ى ئه‌زموونێکى شکستخواردووه‌ که‌ هه‌میشه‌ به‌ زیانى عێراق و هه‌موو پێکهاته‌کانى عێراق، ته‌واو بووه‌. بۆیه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌م پابه‌ندى ڕێککه‌وتنه‌کان بن و پرۆسه‌ و سه‌قامگیریى سیاسیى وڵات بپارێزن.

ڕێگه‌ى ڕاست و دروست بۆ تێپه‌راندنى کێشه‌ و قه‌یرانه‌کان له‌ عێراق، پابه‌ندبوونه‌ به‌ ڕێککه‌وتن و لێکگه‌یشتنى نێوان لایه‌نه‌کان به‌گشتى و لایه‌نه‌کانى هاوپه‌یمانیى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت به‌ شێوه‌یه‌کى تایبه‌تى. ده‌بێ عێراق کۆکه‌ره‌وه‌ى هه‌موومان بێت که‌ تیایدا هه‌موو مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى ته‌واوى پێکهاته‌کان پارێزراو و ڕێزلێگیراو بن. مێژوو ئه‌مه‌ى سه‌لماندووه‌ و ده‌بێ هه‌موومان په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو وه‌رگرین.

چ له‌ عێراق و چ له‌ هه‌رێمى کوردستان، خه‌ڵک ئیتر له‌ کێشه‌ و ناکۆکیى سیاسى، بێزار و ماندوو بووه‌. هه‌موومان ده‌بێ به‌ خۆماندا بچینه‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى وڵات، بخه‌ینه‌ سه‌رووى هه‌موو شتێکه‌وه‌. ئێمه‌ ته‌نیا و ته‌نیا به‌ یه‌کڕیزى و یه‌کترقبووڵکردن و ته‌بایى و پێکه‌وه‌ ده‌توانین پارێزگارى له‌ قه‌واره‌ى فیدراڵى و مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ین و به‌ره‌و داهاتوویه‌کى باشتر، هه‌نگاو بنێین.

له‌ کۆتاییدا، ده‌رچووانى خۆشه‌ویست، دووباره‌ پیرۆزباییتان لێده‌که‌م، له‌ ژیان و کار و ئه‌رکى داهاتوو، هیواى سه‌رکه‌وتنى زیاترتان بۆ ده‌خوازم. ئێوه‌ و هه‌موو گه‌نجانى دیکه‌ى کوردستان که‌ له‌ هه‌ر زانکۆیه‌ک و په‌یمانگه‌یه‌ک ده‌رده‌چن، مایه‌ى شانازى و سه‌رکرده‌ و ئومێدى داهاتووى وڵاتن.

ئیواره‌تان باش و کاتێکى خۆش بۆ هه‌موو لایه‌کتان ده‌خوازم.
به‌خێربێن.

زۆر سوپاس.


زۆرترین خوێندراو