نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ژماره‌ى قوربانیانى لافاوه‌که‌ى لیبیا ئاشکرا ده‌کات

17.09.2023
جەماوەر نیوز
نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ڕۆژى شه‌ممه‌ له‌ نوێترین زانیاریدا ڕایگه‌یاند ژماره‌ى گیان له‌ده‌ستدانه‌کان به‌هۆى لافاوه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى شارى دێرنه‌ گه‌یشته‌ 11،300 که‌س.

نوسینگه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ هه‌ماهه‌نگى کاروبارى مرۆیى (OCHA) ڕایگه‌یاند هێشتا 10 هه‌زار و 100 که‌س له‌و شاره‌ بێسه‌روشوێنن. به‌هۆى لافاوه‌که‌وه‌ 170 که‌س له‌ شوێنه‌کانى دیکه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى لیبیا له‌ ده‌ره‌وه‌ى دێرنه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

عوسمان عه‌بدول جه‌لیل وه‌زیرى ته‌ندروستى حکومه‌تى لیبیا ئێواره‌ى ڕۆژى شه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند : ژماره‌ى گیان له‌ده‌ستدراوان 3،252 که‌س تۆمارکراون، ئه‌مه‌ش به‌رزبوونه‌وه‌یه‌که‌ بۆ 86 که‌س به‌راورد به‌ 24 کاتژمێرى پێشوو.

له‌ قسه‌کانیدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان له‌ دێرنه‌، ئه‌و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ ته‌نها وه‌زاره‌ته‌که‌یان  ده‌سه‌ڵاتى بڵاوکردنه‌وه‌ى ژماره‌ى کوژراوانى هه‌یه‌ و جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و ژماره‌ به‌رزانه‌ى سه‌رچاوه‌کانى دیکه‌ ڕایانگه‌یاندووه‌ هیچ متمانه‌یه‌کیان نییه‌.

ڕێکخراوى ته‌ندروستى جیهانى له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا ڕۆژى شه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند ته‌رمى 3،958 که‌س دۆزراونه‌ته‌وه‌ و ناسێنراون و ده‌ڵێن "زیاتر له‌ نۆ هه‌زار که‌س بێسه‌روشوێنن" به‌بێ ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى ئه‌و ژماره‌یه‌ دیارى بکات.

ڕۆژنامه‌ى تایم له‌ ماڵتا ڕایگه‌یاند:  تیمى فریاکه‌وتنى ماڵتا که‌ یارمه‌تى لیبییه‌کان ده‌ده‌ن له‌ ده‌ریادا ده‌گه‌ڕێن سه‌دان لاشه‌یان له‌ که‌نداوێکدا بینیوه‌،به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ى شوێنه‌که‌ دیاریکراو دیارى بکات.

ناتالینۆ بێزینا سه‌رۆکى تیمى ماڵتا به‌ ڕۆژنامه‌که‌ى وتووه‌:  " له‌وانه‌یه‌ 400 که‌س هه‌بن، به‌ڵام زه‌حمه‌ته‌ به‌ وردى بڵێین." ئه‌و ڕوونیکرده‌وه‌ که‌ گه‌یشتن به‌ که‌نداو زه‌حمه‌ته‌ به‌هۆى بایه‌کى به‌هێزه‌وه‌، به‌ڵام پشتڕاستى کرده‌وه‌ که‌ تیمه‌که‌ى توانیویانه‌ یارمه‌تى بده‌ن له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ده‌یان لاشه‌.

له‌لایه‌کى تره‌وه‌ تیمێکى فریاگوزارى لیبیا ده‌ڵێن : تیمه‌که‌یان "له‌وانه‌یه‌ 600 لاشه‌یان" له‌ ده‌ریادا بینیبێت له‌ که‌نارى ناوچه‌ى ئوم برێگه‌ که‌ نزیکه‌ى 20 کیلۆمه‌تر له‌ دێرنه‌وه‌ دووره‌، ئه‌مه‌ش به‌پێى گرته‌یه‌کى ڤیدیۆیى که‌ له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى دیارى بکرێت که‌ ئایا ئه‌و ته‌رمانه‌ هه‌مان ئه‌و لاشانه‌ن که‌تیمى فریاگوزارى ماڵتا ئاماژه‌ى پێکردوون یان نا .


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ