سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى فه‌ره‌نسا کۆبووه‌وه‌

18.09.2023
جەماوەر نیوز
ئێواره‌ى رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 17/9/2023، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ ئێریک شۆڤالیێ، باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا هه‌ردوولا دوایین پێشهاته‌کانى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدایان بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوانیان و پرسى بودجه‌ى عێراق خسته‌ به‌ر باس و جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامیى گفتوگۆیه‌کى بنیاتنه‌رانه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و پاراستنى مافه‌کانى هه‌مووان کرده‌وه‌.

تاوتوێکردنى بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى کوردستان و فراوانکردنى هاریکاریى‌ هاوبه‌شى نێوانیان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا، ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو. تیایدا ئاماژه‌یان به‌ ڕۆڵى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق کرد و داکۆکییان له‌ خواستى دوولایه‌نه‌ بۆ قووڵکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان کرده‌وه‌.

دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌که‌ به‌گشتى و چه‌ند بابه‌تێکى دیکه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، لایه‌نێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.


زۆرترین خوێندراو