هەردوو زانکۆى ڕاپەڕین و (کینت) لە ئەمریکا پڕۆژەیەکى گرنگ لەبوارى خوێندنى باڵا جێبەجێ دەکەن

19.09.2023
جەماوەر نیوز
بەچاودێرى وەزارەتى خوێندنى باڵا، زانکۆى ڕاپەڕین لەگەڵ زانکۆى (کینت) لە ئەمریکا پڕۆژەیەکى گرنگ لەبوارى خوێندنى باڵا جێبەجێ دەکەن

بەئامانجى بە نێودەوڵەتیکردنى زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان و لە چوارچێوەى پلانى ستراتیژى وەزارەت؛ بەچاودێرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى، زانکۆى ڕاپەڕین لەگەڵ زانکۆى کینت (Kent State University) لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بەهاوکاری کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکى گرنگ لە بوارى خوێندنى باڵا جێبەجێ دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (‏19‏/09‏/2023) لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەییدا بەئامادەبونى د. محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى و نوێنەری گشتی کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەهەولێر ناوەڕۆکى پڕۆژەکە بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن ئاشکرا کرا، بۆ ئەو مەبەستە د. ژاڵە سەعید بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان وتى: یەکێک لەو کارانەى کە بە دەسکەوتێکى گرنگ بۆ خوێندنى باڵا هەژمار دەکرێ بریتیە لە دەستپێشخەریەکى زانکۆى ڕاپەڕین لەگەڵ زانکۆى کینت، بۆ ئەمەش ڕونکردنەوەى زیاتری داو ڕایگەیاند: بەپێى ئەو دەستپێشخەریە هەردوو زانکۆ ڕێکەوتون بۆ دابینکردنى ژمارەیەک کورسى خوێندنى دکتۆرا لە بوارى زمان و ئەدەبى ئینگلیزى بۆ خوازیارانى خوێندنى باڵا لە زانکۆى ڕاپەڕین بەشێوەیەى (پایلۆت)، وتیشى دواى هەڵسەنگاندنى پڕۆسەکە هەوڵدەدەین لە زانکۆکانى دیکە و لە بوارى دیکەش پڕۆژەکە جێبەجێ بکەین.

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا؛ د.پەیمان ڕەمەزان سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین وتى: بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکەمان یەکێک بوە لە ئەرکە لە پێشینەکانمان، ئەم پڕۆژەیەش دواى نزیکەى ساڵێک کارى بەردەوام و گفتوگۆکردن بەدیهاتوە، بۆ ئەوەش سوپاسى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەت و زانکۆى ڕاپەڕینیان کرد کە توانیان پڕۆژەکە لەگەڵ ڕێنمایی و یاسا کارپێکراوەکانى هەرێمى کوردستان بگونجێنن و ئامانجەکانیان بەدى بهێنن، ئاشکراشیکرد کارى داهاتویان کارکردنە لەسەر دوو پڕۆژەى دیکەى گرنگ.

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا؛ د.جەمال عەلى عومەر بەڕێوەبەرى گشتى سێنتەرى توێژینەوە لە زانکۆى ڕاپەڕین وردەکارى پڕۆژەکەى بۆ میدیاکاران ئاشکرا کرد و وتى: پڕۆژەکە وەک قۆناغى یەکەم تەنها بۆ بوارى زمان و ئەدەبى ئینگلیزیە و تایبەتە بە زانکۆى ڕاپەڕین، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژانى داهاتودا لێژنەیەکى باڵا پێکدێ بۆ دیاریکردنى کاندیداکان بەپێى مەرج و ڕێنماییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و، مەرجەکانى زانکۆى کینت (Kent State University) لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا، ڕونیشیکردەوە خوێندنەکە تەنها بۆ دکتۆرایە و ماوەى خوێندن سێ بۆ چوار ساڵ دەبێت و کاندیدەکان کۆرسێکى خوێندنیان لە زانکۆى ڕاپەڕین دەبێت و کورسێکى دیکەشیان لە زانکۆى زانکۆى کینت (Kent State University) لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا دەبێت، پاشانیش پڕۆپۆزەڵ ئامادە دەکەن و سەرپەرشتیار لە هەردوو زانکۆ بۆ یەک یەکەى کاندیدەکان دیارى دەکرێ بۆ نوسینەوەى پرۆپۆزەڵەکان.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ