ریفراندۆم ،بڕیارى ئاشتیانه‌ى گه‌لێک بۆ سه‌ربه‌خۆیی

25.09.2023
جەماوەر نیوز
شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر 25/9/2017، ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى له‌ هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجامدرا، سێ ملیۆن و 305 هه‌زار و 925 که‌س به‌شداریان له‌و راپرسیه‌دا کرد، که‌ ده‌کاته‌ زیاتر له‌ 72%، له‌ ریفراندۆم دوو ملیۆن و 861 هه‌زار و 471 که‌س به‌ به‌ڵێ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیى کوردستان دا که‌ ده‌کاته‌ زیاتر له‌ 92%.

بڕیارى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم قۆناغێکى دیکه‌ى گرنگى خه‌بات و قوربانیدانى گه‌لى کوردستان بوو، به‌ تایبه‌ت که‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان پشتگیریى ته‌واوى خۆیان بۆ پڕۆسه‌ى ریفراندۆم  دووپاتکرده‌وه‌ و به‌ڵێنیاندا هه‌موو تواناکانیان بۆ سه‌رخستنى ریفراندۆم بخه‌نه‌گه‌ڕ. له‌ 7ى حوزه‌یرانى 2017 له‌ سه‌ڵاحه‌دین نوێنه‌ره‌ باڵاکانى پارته‌ سیاسییه‌کانى ناو په‌رله‌مان و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆکى هه‌رێم جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمى ئه‌وکات و سه‌رۆکى حکوومه‌ت و سه‌رۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى کوردستان. بڕیارى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم درا و ئه‌نجومه‌نى باڵاى پێکهێنرا، ئه‌و لایه‌نانه‌ى به‌شداربوون له‌ ئه‌نجومه‌ن بریتى بوون له‌ پارتى دیموکراتى کوردستان، یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان، یه‌کگرتووى ئیسلامی، بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی، حزبى زه‌حمه‌تکێشان، حزبى شیوعی، حزبى سۆسیالیست، پێکهاته‌کان. هه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا رۆژى 25ى ئه‌یلوولى 2017، وه‌ک رۆژى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى کوردستانى عێراق و ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم دیاریکرا و سه‌رجه‌م پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان به‌ پێکھاته‌کانیشه‌وه‌ ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ده‌ربڕی.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ