ژماره‌یه‌ک پرۆژه‌ى شوێنه‌وارى له‌ سنوورى پارێزگه‌ى دهۆک جێبه‌جێ ده‌کرێن

25.09.2023
جەماوەر نیوز
له‌ سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى شوێنه‌وار و که‌له‌پوورى دهۆک چه‌ندین پرۆژه‌ى هه‌ڵکۆڵینى شوێنه‌وارى له‌ سنوورى پارێزگه‌ى دهۆک به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ تیمى زانکۆ بیانییه‌کان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ئێستاش کارکردن له‌ پرۆژه‌کان به‌رده‌وامه‌. 
پرۆژه‌ى هه‌ڵکۆڵینى شوێنه‌وارى گرێ گومل له‌ که‌له‌کچى له‌ قه‌زاى شێخان و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى نه‌خشێن نکراندى خه‌نه‌س و ڕووپێوى شوێنه‌وارى له‌ گوندى خه‌نه‌س و ده‌ڤه‌رى ئه‌ترووش و هه‌ڵکۆڵینى شوێنه‌وارى باژێره‌ له‌ گرده‌سێن و دێکۆمێنتکردن و هه‌ڵکۆڵینى شوێنه‌وارى له‌ چیاى زاوا و ئاماده‌کردنى پلان و پرۆژه‌ى شوێنه‌وارى له‌ پارکى فایده‌، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى شوێنه‌وار و که‌له‌پوورى دهۆک له‌گه‌ڵ زانکۆى ئۆدینه‌ى ئیتاڵى و پرۆژه‌ى هه‌ڵکۆڵینى شوێنه‌وارى له‌ گرێ زید له‌ سێمێل له‌گه‌ڵ زانکۆى کافوسکارى ئیتاڵى به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
هه‌روه‌ها پرۆژه‌ى هه‌ڵکۆڵینى شوێنه‌وارى گرێ باستکێ له‌ سێمێل به‌هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى شوێنه‌وار و که‌له‌پوورى دهۆک و زانکۆى توبنگنى ئه‌ڵمانى و دۆکیۆمێنتکردنى پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌کان له‌گه‌ڵ زانکۆى فرایبورگى ئه‌ڵمانى و ڕووپێوى شوێنه‌وارى له‌ ده‌ڤه‌رى نه‌هرى له‌ ئاکرێ له‌گه‌ڵ زانکۆى ئاده‌م میکیڤیتچى پۆڵه‌ندى و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى شوێنى چارستین له‌گه‌ڵ ڕێکخراوى یونسکۆ و ILO و وادى ئه‌ڵمانى و یه‌کێتیى ئه‌ورووپا و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى ده‌رگه‌ى بادینان له‌گه‌ڵ زانکۆى کۆڵۆمبیاى ئه‌مه‌ریکى و ڕێکخراوى شوێنه‌وارى کوردستان و هه‌روه‌ها نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى شوێنه‌وارى شوش له‌ ئاکرێ له‌گه‌ڵ ڕێکخراوى (ARCH) ى ئه‌مه‌ریکى و ( GAME AR)ى چیکى جێبه‌جێ ده‌کرێن.

ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 27/8/2023 له‌ دیوانى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، له‌لایه‌ن ساسان عه‌ونی، وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار و تیمى زانکۆکانى ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵه‌ندا چوار گرێبه‌ستى تایبه‌ت به‌ په‌ره‌پێدانى که‌رتى شوێنه‌وار له‌ سنوورى پارێزگه‌ى دهۆک واژوو کران به‌مه‌به‌ستى کارى هه‌ڵکۆڵین و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى شوێنه‌واره‌کانى سنوورى پارێزگه‌ى دهۆک.
ئه‌و چوار گرێبه‌سته‌ بۆ ماوه‌ى چوار ساڵه‌ و به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى شوێنه‌وار و که‌له‌پوور و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى شوێنه‌وار و که‌لپوورى دهۆک و ئاکرێ و تیمى زانکۆکان سه‌رپه‌رشتیى ده‌کرێن، وه‌ک کارى هه‌ڵکۆڵینى شوێنه‌وارى گرێ گومل و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى شوێنه‌وارى خه‌نه‌س، هه‌روه‌ها هه‌ڵکۆڵینى گرێ باستکێ له‌ قه‌زاى سێمێل و ڕووپێوکردنى شوێنه‌وارى له‌ ده‌ڤه‌رى نه‌هلێ له‌ قه‌زاى ئاکرێ و هه‌ڵکۆڵینى شوێنه‌وارى له‌ شوێنه‌کانى باژێره‌ ژێرى له‌ قه‌زاى ئاکرێ و چه‌ند شوێنێکى ترى شوێنه‌وارى له‌ سنوورى پارێزگه‌ى دهۆک. مۆڵه‌ته‌کانى کارکردن بۆ ماوه‌ى چوار ساڵ کاریان پێده‌کرێت بۆ ڕووپێوى و هه‌ڵکۆڵینى شوێنه‌وارى و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ له‌ پێگه‌ شوێنه‌وارییه‌کانى دهۆک ده‌که‌ن.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ