رێوڕەسمى دەرچون و پیشانگەى هەلى کار بەڕێوەچوو

25.09.2023
جەماوەر نیوز

لە مەراسیمێکى تایبەتدا کە لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەڕێوەچوو، ئاهەنگى دەرچوانى پڕۆژەی پەرەپێدانى تواناکانى گەنجان بە دروشمى (ستێپێک بەرەو بەدیهێنانى هەلى کار) بەڕێوەچو، لەهەمانکاتیشدا پیشانگەیەکى تایبەت بە هەلى کار کرایەوە.

لەو مەراسیمەدا کە ئەمڕۆ دوو شەممە ڕێکەوتى (٢٥/٩/٢٠٢٣) لە کۆلێژى تەکنەلۆجى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەئامادەبونى د.عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د.سەباح ئیبراهیم وەیس ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و نوێنەرانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و ڕێکخراوى خۆراکى جیهانى (WFP) و کۆنسڵگەرى ئەڵمانیا لە هەولێر و سەرپەرشتیاری سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کار لە وەزارەت و، ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایانى زانکۆ و قوتابیان و خوێندکاران و سێنتەرەکانى پەرەپێدانی کار بەڕێوەچو، مەراسیمەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستپێکرد، پاشان چەند وتەیەک پێشکەشکرا.

لەو بارەیەوە د.عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوان، هیواى خواست بەشداربوان سودیان لە ڕاهێنان و خولەکان وەرگرتبێت و ئەو کارامەیی و سکیڵانەیان بەدەستهێنابێ تا بتوانن لە بازاڕى کار دەستبەکاربن بەتایبەت لەو کار و پیشەیەى ئاواتى بۆ دەخوازن، بۆ ئەوەش سوپاس و دەستخۆشى لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و ڕێکخراوى خۆراکى جیهانى (WFP) و کۆنسڵگەرى ئەڵمانیا لە هەولێر کرد کە پاڵپشتى سێنتەرەکانى پەرەپێدانی کاریان کرد و پڕۆژەى (جسور)یان ئەنجامدا.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لەو گۆڕانکاریە گەورانە کرد، کە لە جیهانى ئەمڕۆ ڕویداوە بەتایبەت لە بوارى تەکنەلۆژیا و زانیارى، بۆ ئەوەش وتى: لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکاریانە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا ئێمە درکمان بە گۆڕانکارییەکان کردوە و کاریشمان بۆ کردوە، بەڵام ئەم پرۆسەیە تەنیا بە وەزارەى خوێندنى باڵا ناکرێت، بەڵکو پرۆسەیەکى دەستەجەمعیە و پێویستە هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانمان هەماهەنگمان بن بۆ سەرکەوتنى پڕۆسەکە، لەو چوارچێویەشەدا سوپاسى دامەزراوەى (GIZ) ئەڵمانى و ڕێکخروى ئایرێکسى ئەمریکى و ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى و ڕێکخراوى خۆراکى جیهانى (WFP) کرد، کە لە بوارى جیاواز هاوکارى وەزارەت بەگشتى و هەماهەنگى سێنتەرەکانى پەرەپێدانی کاریان لە زانکۆکان کردوە، لە کۆتایشدا هیواى خواست پڕۆژەى جسور هەنگاوێکى گرنگ بێ بەئاراستەى بەرزکردنەوەى توانا و لێهاتویی گەنجان و دۆزینەوەى دەرفەتى کار لە بازار.

لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى دەرچوانى پڕۆژەى جسور وتارى نوێنەرى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و، ڕێکخراوى خۆراکى جیهانى (WFP) و، کونسڵگەرى ئەڵمانیا پێشکەش کرا، کە تیایدا بەوردى باسیان لە ئامانج و لایەنە جیاوازەکانى پڕۆژەکە کرد.

دواى بەدواى مەراسیمى پێشکەشکردنى وتەکان، بە بەشدارى ژمارەیەکى بەرچاو لە کۆمپانیا جیاوازەکان، پیشانگەیەکى تایبەت بە هەلى کار بۆ گەنجانى بەشداربوى پڕۆژەى جسور و دەرچوانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر کرایەوە.

لە پڕۆژەى جسور (Jousour) بۆ پاڵپشتى و پەرەپێدانى تواناکانى دەرچوانى زانکۆ و گەنجانى پەنابەر و ئاوارە لە هەرێمى کوردستان (150) کەس بەشداریان تێدا کرد، پڕۆژەکە بەهاوبەشى لە نێوان زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و ڕێکخراوى خۆراکى جیهانى (WFP) بەپاڵپشتى دارایی حکومەتى ئەڵمانیا جێبەجێ کرا، بەشداربوان بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى لە بوارەکانى زمانى ئینگلیزى و کۆمپیوتەر و شێوازى کار بۆ ماوەى هەشت مانگ بەشداریان لە خولەکانى پڕۆژەکە کرد.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ