سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لەکونسوڵخانەی ئەمریکا کۆبونەوە

25.09.2023
جەماوەر نیوز

ئەمڕۆ ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٣ فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەدیوانی وەزارەت پێشوازی لەکۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لەکونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر کرد.

لەدیدارێکدا کە عمید روکن محمد سعید بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەیبوو، بەرنامە و پلانی داهاتووی هاوبەش و گرنگی دان بە بنکەکانی مەشق و ڕاهێنان، دواین هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەپڕۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوەی یەکەو هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە و هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و ئایندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە بەرباس.

لەتەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەدا،قۆناغەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خرایە بەرباس و هەردوولا بە بایەخەوە باسیان لەیاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرد و هاوڕا بوون لە سەر جێبەجێکردنی برگەو خاڵەکانی ناو کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، سەرۆکی ئەرکان دووپاتیکردەوە: وەزارەتی پێشمەرگە پابەندە بە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامیش دەبن تاکوو پڕۆسەکە بە ئەنجام دەگەینن.

لەکۆتایی ئەو دیدرەدا هەردوولا کۆکبوون لەسەر هەماهەنگی و گرنگی دانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەئەنجام گەیاندنی کۆی ئەو پرۆسەیە، کە وەزارەتی پێشمەرگە بەپاڵپشتی تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری هێزی هاوپەیمانان لەناو پرۆژە یاسای چاکسازی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان کاری لەسەر دەکات.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ