لە تاران وەزیری شەهیدان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری فەرهەنگی وهونەری کۆدەبێتەوە

29.11.2023
جەماوەر نیوز

کاتژمێر ۹ی سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ۲۹ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۳، عەبدوڵا حاجی محمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و شاندی یاوەری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری فەرهەنگی و هونەری سەر بە دامەزراوەی بونیادی شەهید و کاروباری تێکۆشەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوویەوە.

لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا ، سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتیەکە بەگەرمی بەخێرهاتنی جەنابی وەزیر و شاندی یاوەری کرد و تیشکی خستە سەر کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی و هونەری وچۆنیەتی بەڕێوەچوونی کار و بارەکانی بواری روناکبیری و بڵاوکردنەوەی بیری شۆڕشگێڕی لە ڕێگای کۆکردنەوە و نوسین و رێکخستنی بیرەوەری شەهیدان و قوربانیان و پێشکەشکردنی بە کۆمەڵگا لە ڕێگای بەرهەمهێنانی فیلم و شانۆ کتێب و گۆڤار و داستان بە ئامانجی زیندوو هێشتنەوەی یاد و بیرەوەری شەهیدان و قوربانیان لە بیر و هزری نەوەکانی ئێستا و داهاتوودا.

لەو کۆبونەوەیەدا وەزیری شەهیدان تیشکی خستە سەر خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و پڕۆژەکانی بواری وەبەرهێنان لە بەرژەوەندی وەزارەت و کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی و هیوای خواست هەماهەنگی هەبێت لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی ئەم خزمەتگوزاریانە بەجۆرێک کە لە ئاست خواستی کەسوکاری شەهیداندا بێت.

هەروەها کاتژمێر ۳ی پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ وەزیری شەیدان و شاندی وەزارەت سەردانی مۆزەخانەی ئاشتی(موزە صلح)ی تارانیان کرد و لەلایەن بەرێوەبەر و ستافی خۆبەخشی مۆزەخانەکەوە بەگەرمی پێشوازیکران.
دواتربەشە جیاجیاکانی مۆزەخانەکەیان بەسەر کردەوە کە بەشێکی زۆر لە وێنە و تابلۆی قوربانیانی جەنگ و چەکی کیمیاوی تێیدا نمایشکرابوو لە ناویاندا وێنەی قوربانیانی چەکی کیمیاوی شاری هەڵەبجە و سەردەشت.
لەمڕووەوە بەرێوەبەر و ستافی مۆزەخانەکە هیوایان خواست کە کاری هونەری هاوبەش ئەنجام بدەن.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم باسی لە مۆنۆمێنتەکانی سەر بەوەزارەت کرد و ئاماژەیدا بە کارو چالاکی و شێوازی کارکردنیان و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ پێشخستنیان و فراوانکردنیان.
لە کۆتاییدا هەردولا هاوڕا بون لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری دوولایەنە لەبوارەکانی بەرهەمهێنانی کارە هونەرییەکان و ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکان و پاراستنی کەل و پەلەکانی قوربانیان و کارکردن لەسەریان بە شێوازی زانستی.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ