گرێبه‌ستى گه‌یاندنى کاره‌باى نیشتمانى به‌ پرۆژه‌ى ئاوى مێرگه‌سۆر واژوو کرا

11.02.2024
جەماوەر نیوز
به‌مه‌به‌ستى په‌ره‌پێدانى پرۆژه‌ى ئاوى مێرگه‌سۆر، له‌سه‌ر بودجه‌ى وه‌به‌رهێنانى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار گرێبه‌ستى پرۆژه‌ى گه‌یاندنى کاره‌باى نیشتمانى به‌ پرۆژه‌ى ئاوى مێرگه‌سۆر واژوو کرا که‌ له‌ ماوه‌ى 360 ڕۆژدا ته‌واو ده‌کرێت.
ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 11/2/2024، له‌ دیوانى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، به‌ ئاماده‌بوونى ساسان عه‌ونی، وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار و هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب، سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران و نوێنه‌رى کۆمپانیاى ئیدیۆم، گرێبه‌ستى پرۆژه‌ى گه‌یاندنى کاره‌باى نیشتمانى بۆ پرۆژه‌ى ئاوى مێرگه‌سۆر له‌نێوان وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار و کۆمپانیاى ناوبراو واژوو کرا.
گوژمه‌ى پرۆژه‌که‌ زیاتر له‌ (3 ملیار و 729 ملیۆن دیناره‌) و له‌سه‌ر بودجه‌ى وه‌به‌رهێنانى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار دابین ده‌کرێت که‌ گرفتى گه‌یاندنى کاره‌باى نیشتمانى بۆ پرۆژه‌ى ئاوى مێرگه‌سۆر چاره‌سه‌ر ده‌کات.
پێکهاته‌ى پرۆژه‌که‌ بریتییه‌ له‌ 700 ستوونى پاڵه‌به‌رزه‌، له‌گه‌ڵ 17 کیلۆمه‌تر کێبلى ژێرزه‌وى و  19 بگۆڕى کاره‌باش له‌خۆده‌گرێت. ئه‌و پرۆژه‌یه‌ کاریگه‌ریى زۆر باشى له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانى پرۆژه‌ى ئاوى مێرگه‌سۆر له‌ڕووى به‌رهه‌مهێنانى ئاو و پرۆسه‌ى دابه‌شکردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ به‌سه‌ر هاوبه‌شانى ئاو له‌ سنوورى مێرگه‌سۆردا ده‌بێت، هه‌روه‌ها کاریگه‌رى له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجیى حکوومه‌ت ده‌بێت.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ