ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

01.03.2024
جەماوەر نیوز
ڕۆژی ۱ـی ئازاری ۲٠۲٤ لە گوندی گوڵەخانەی بناری سورێن، بەسەرپەرشتی سەرۆک محەمەد حاجی مەحمود، ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەن کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

‎کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد، دواتر بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود تیشکی خستە سەر پرسە هەنوکەیی و کاریگەر و گرنگەکانی کوردستان، عێراق و ناوچەکە، گفتوگۆ و تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا چڕبوو بوونەوە: 

‎  دەربارەی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بڕیارەکانی دادگاکەی بەغداد: بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود باسی لە خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی و موچەخۆران بەتایبەتی کرد لە هەرێمی کوردستان وەک سەرئەنجامی پیلانی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ تێکشکانی ئیرادەی تاکی گەلەکەمان موچە و قوتی خەڵک تێکەڵ بە ناکۆکییە سیاسییەکان دەکەن، لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باسی لە ئەجێنداکانی پشت بڕیارەکانی دادگاکەی بەغداد کرد دژی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستانی (وێڕای تێبینییەکان لەسەر ئەو کۆمسیۆنە) بە خەنجەر لێدان لەپشتی کورد و قەوارە سیاسییەکەی وێناکرد و جەختیانکردەوە هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان سەربڕینی دیموکراسیەت و مەرامەکەی  دروستکردنی دووبەرەکی و نەهێشتنی گیانی پێکەوەژیانە لە هەرێمەکەدا کە بەشێکە لە نەریتی چەندساڵەی میللەتەکەمان.

‎دەربارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان: کۆبوونەوە بە گەشبینی و بایەخەوە پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە ناوەڕاستی ئەمساڵ هەڵسەنگاند ئەوەش لەسۆنگەی پەرۆشیمان بۆ گەڕانەوەی هەیبەت بۆ دامەزراوە یاساییەکان و درێژەدان بە ئەزمونە دیموکراسییەکەمان، لەوچوارچێوەیەدا بڕیار بۆ دروستکردنی چەند لیژنەیەکی تایبەتمەند بە هەڵبژاردنەکان لە بازنەکان درا و سەرۆکی حزب هەڤاڵانی ڕاسپار هەر لەئێستاوە دەست بە ئامادەکارییەکان بکەن و هەموان وەک یەک تیم لە خزمەتی بەرنامە و سیاسەتی حزبدابن.
 
‎دەرباری دروستکردنی گێرەشێوێنی و دەستەگەری لەنێو ڕیزەکانی حزبدا: بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود ڕاشکاوانە بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند کە چارەنووسی هەموان بەندە بە مانەوەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە و پێویستە هەموان بەیەک ئاڕاستە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ سەرخستنی کارنامە و گەشەسەندنی حزب بۆیە لەنێو ڕیزەکانی حزبدا ڕێگە بە هیچ دەستە و تاقم و گێرەشێوێنێک نادرێت کە ببێتە لەمپەر لەبەردەم کاروبارەکان و هەوڵ بۆ دووبەرەکی و ئاژاوەگێڕی بدات، حزب ئەمانەتێکی مێژووییە و خاوەنی زیاتر لە ٤٥٠٠ شەهیدە کە لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر سەرکردە هەن و بە درێژایی ماوەی ٤۸ ساڵ خەبات، حزب هەمیشە سەری ڕم بووە بۆ بەگژداچوونەوەی داگیرکەران و دوژمنانی گەلەکەمان.


‎دەربارەی ئامادەسازی بۆ کۆنگرەی هەشتەم: لەسۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و خوێندنەوەی ورد بۆ قۆناغەکە، بەتایبەت ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکە ڕوودەدەن، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە تێکڕای دەنگ بڕیاریدا بۆ ئامادەکردن و زەمینەسازی بۆ گرێدانی کۆنگرەی هەشتەمی حزب لە زووترین کاتدا ئەوەش لە پێناو داڕشتنی ستراتیجێکی تۆکمە و دەرکردنی بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست.

‎دەربارەی پرۆسەی چاکسازی و گۆڕانکارییەکان: سەرۆکی حزب بە بایەخەوە هەنگاوەکانی پرۆسەکەی هەڵسەنگاند و هەموانی دڵنیاکردەوە ئامانجی پرۆسەکە خزمەتی کردنی ڕیزەکانی حزبە لەو ڕێگەیەشەوە خزمەتکردن بە خەڵک و نەتەوەکەمان و جەختیانکردەوە پرۆسەکە بەردەوامدەبێت بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی شەخسی هیچ کەسێک.


‎ئەنجومەنی سەرکردایەتی 
‎پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
۲٠۲٤/۳/۱

زۆرترین خوێندراو