قائیمقامى سلێمانی: سه‌لامه‌تى ته‌ندروستى هاوڵاتیان ئه‌رکى سه‌رشانمانه‌

15.05.2019
جەماوەر نیوز
به‌مه‌به‌ستى پشکنینى ئه‌و کاڵاوشمه‌کانه‌ى هاورده‌ ده‌کرێن، قائیمقامى سلێمانى که‌ره‌نتیه‌نه‌ى کشتوکاڵى دروست ده‌کات و جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى کشتوکاڵى سلێمانى ده‌ڵێت: ئه‌رکى سه‌ره‌کى که‌ره‌نتینه‌که‌ پاراستنى سه‌لامه‌تى هاوڵاتیانه‌ و کارئاسانیش بۆ بازرگانه‌کان ده‌کرێت.
به‌مه‌به‌ستى چاودێریکردن و چۆنیه‌تى پشکنینى کاڵاوشمه‌که‌ هاورده‌کراوه‌کان و چاره‌سه‌رى کێشه‌ى بازرگانى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14-5-2019 به‌سه‌رپه‌رشتى ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامى سلێمانى و ئاماده‌بوونى به‌ڕێوه‌به‌رى گومرگى مه‌رزى باشماخ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌‌کانى ئاسایشى ئابووری، ته‌ندروستی، ڤێتێرنه‌ری، کشتوکاڵ، چاودێرى بازرگانی، کوالێتى کۆنترۆڵی، گومرگ، یه‌کێتى هاورده‌وهه‌نارده‌کاران و ژورى بازرگانى سلێمانى کۆبووه‌وه‌.
له‌ کۆبونه‌وه‌که‌ه‌دا ئاوات محه‌مه‌د رایگه‌یاند:پاراستنى مافى به‌کاربه‌ر وسه‌لامه‌تى ته‌ندروستى هاوڵاتیان ئه‌رکى سه‌رشانمانه‌ و له‌ڕێى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانه‌وه‌ چاودێرى بازاێ‌ و شوێنه‌ گشتیه‌کان ده‌که‌ین.
دواى کۆبونه‌وه‌که‌ رزگار حمدخدر، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى کشتوکاڵى سلێمانى رایگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستى چاودێریکردن و چۆنیه‌تى پشکنین له‌ڕوى ته‌ندروستیه‌وه‌ بۆئه‌و به‌روبومانه‌ى هاورده‌ ده‌کرێن هه‌روه‌ها ئاسانکارى بازرگانى و که‌مکردنه‌وه‌ى رۆتین له‌ کۆبونه‌وه‌که‌ بڕیار به‌ دروستکردنى بۆردێکى کشتوکاڵى دراوه‌.
ووتی: یه‌کێک له‌ کاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانى ئه‌و بۆرده‌ کشتوکاڵیه،‌ پاراستنى سه‌لامه‌تى هاوڵاتیان و پاراستنى مافى به‌کاربه‌ره،‌ بۆیه‌ بڕیاردراوه‌ ئه‌و کاڵاوشمه‌کانه‌ى هاورده‌ ده‌کرێت به‌وردى پشکنینى ته‌ندروستى بۆ ئه‌نجام بدرێت.
وتیشی: له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا بڕیاردرا، بۆ راگرتنى هاوسه‌نگى به‌روبومى ناوخۆیى و هاورده‌کراوه‌کان، به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌کان له‌به‌رچاو بگیرێت، هه‌روه‌ها بۆ پشتیوانى جوتیارانیش باج له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ دابنرێت که‌ وه‌رزى پێگه‌شتنیانه‌ له‌ناوخۆدا.
ده‌رباره‌ى هاورده‌کردنى مادده‌ قڕکه‌ره‌کان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد؛ بۆ پاراستنى ته‌ندروستى هاوڵاتیان و به‌رهه‌مهێنانى به‌روبومى ته‌ندروست له‌ کێڵگه‌ کشتوکاڵیه‌کان، بڕیاردرا‌ به‌هاوکارى ژورى بازرگانى سیمینارێک بۆ بازرگانه‌کان سازبدرێت و‌ له‌روى یاسایى و ته‌ندروستیه‌وه‌ مادده‌ قڕکه‌ره‌کان‌ بۆ بازرگانان شیبکرێته‌وه‌.

زۆرترین خوێندراو