نێچیرڤان بارزانى و باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عێراق کۆبوونه‌وه‌

15.05.2019
جەماوەر نیوز

له‌ کۆبوونه‌وه‌ى نێوان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و جۆن ویلکس باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عێراق، دوا پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌ به‌گشتى و دۆخى سیاسى و ئاسایشى عێراق به‌تایبه‌تى و ڕه‌وشى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان گفتوگۆى له‌سه‌ر کرا و هه‌ردوولا دیالۆگ و گفتوگۆیان بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان وه‌ک تاکه‌ ڕێگه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌که‌، به‌ ‌پێویستیان زانی.
هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15-5-2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو و مارتن وار کونسولى گشتیى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى کوردستان و ڕاوێژکارى سه‌ربازى ئاماده‌ى بوو، هه‌ردوولا باسیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و به‌ریتانیا، په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆکانى نێوان هه‌ردوولا کرد به‌تایبه‌تى که‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ک کێشه‌ چاره‌سه‌ر کران و له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز ویلکس ده‌ستخۆشى له‌ هه‌وڵ و ماندوبوونه‌کانى به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کرد.
ویلکس پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى سه‌ردانه‌که‌ى بۆ پارێزگاى دهۆک و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى که‌مپه‌کانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پرۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان بۆ شوێنى خۆیان خسته‌ ڕوو.
تاوتوێکردنى دۆخى ناوچه‌که‌ به‌گشتى و هه‌وڵه‌کانى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و به‌ ئه‌نجام گه‌یشتنى گفتوگۆکان، لایه‌نێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌ بوو.

زۆرترین خوێندراو