روسیا ڕه‌خنه‌کانى ترامپ سه‌باره‌ت به‌ سوریا ڕه‌تده‌کاته‌وه‌

04.06.2019
جەماوەر نیوز
کرێمل وه‌ڵامى ڕه‌خنه‌کانى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا دۆناڵد ترامپى دایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌کانى ڕوسیا و سوریا بۆ سه‌ر پارێزگاى ئیدلبى سوریا و وتى ئه‌و هێرشانه‌ پێویستن بۆ وه‌ستاندنى هێرشه‌کانى ئۆپۆزسیۆن له‌ ناوچه‌که‌دا.

ڕۆژى یه‌ک شه‌ممه‌  دۆناڵد ترامپ سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا داواى له‌ ڕوسیا و سوریا کرد بۆردومانکردنى ئیدلب ڕابگرن، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى ڕۆژى هه‌ینى کرێملن به‌یاننامه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا ئاماژه‌ى به‌ پشتیوانى سه‌ربازیى مۆسکۆ دا له‌ هێرشه‌کانى هێزه‌کانى حکومه‌تى سوریا بۆ سه‌ر ئیدلب که‌ ماوه‌ى مانگێکه‌ به‌رده‌وامه‌.

هێرشه‌کانى ڕوسیا و سوریا ترسى که‌وتنه‌وه‌ى قه‌یرانى مرۆیى لێکه‌وته‌وه‌ هاوکات له‌گه‌ڵ ئاواره‌بوونى هاوڵاتیانى سورى به‌هۆى شه‌ێ‌ و پێکدادانه‌کانه‌وه‌ له‌سه‌ر سنوورى تورکیا. به‌پێى ڕاپۆرتى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ ده‌ستپێکى هێرشه‌کانه‌وه‌ له‌ کۆتاى مانگى چواره‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 200هه‌زار هاوڵاتى ناوچه‌که‌یان جێهێشتووه‌.

وته‌بێژى کرێملن دیمترى پێسکۆڤ به‌ ڕۆژنامه‌نووسانى راگه‌یاند چه‌کداره‌کان ئیدلب وه‌کو بنکه‌یه‌کى سه‌ربازیى به‌کارده‌هێنن بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر ئامانجه‌ مه‌ده‌نى و سه‌ربازییه‌کان، وتیشى ئه‌وه‌ جێى قبوڵکردن نیه‌.

پێسکۆڤ وتى " بێگومان هێرشى چه‌کداره‌کان جێى قبوڵکردن نیه‌، ڕێوشوێن ده‌گیردرێته‌به‌ر بۆ پاککردنه‌وه‌ى ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ هێرشه‌کانیان لێوه‌ ئه‌نجام ده‌درێت."

وتیشى به‌رپرسیارێتى ڕوونه‌دانى ئه‌مجۆره‌ هێرشانه‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانى تورکیا، ئه‌مه‌ش به‌پێى ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ى که‌ له‌ مانگى نۆى ساڵى ڕابردوودا ڕوسیا و تورکیا واژۆیان کردووه‌.





ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا